کۆرۆنا و هەڵوێستەیەك

خۆپارێزی لە کۆرۆنا لە ئاینی ئیسلامدا

کۆرۆنا و هەڵوێستەیەك

د. دیاری ئەحمەد قەساب

ڕاوێژکاری نەشتەرگەری

 

چەند مرۆڤ بگاتە پلە باڵاکانی زانست و تەکنەلۆجیا، هێشتا دڵۆپێك لە دەریای فراوانی زانستی خودایی نازانن، خودای گەورە خۆی دەفەرمووێت: ﴿وَمَا أُوتِيتُم مِّنَ الْعِلْمِ إِلَّا قَلِيلًا (الإسراء: ٨٥)، بۆیە فەرمانی ئیلاهی دەخوازێت هەمیشە بڵێین: ﴿وَقُل رَّبِّ زِدْنِي عِلْمًا﴾ (طه: ١١٤)، چونکە زانستی بەرفراوانی خودای گەورە، ئەگەر هەموو دەریا و زەریاکان ببنە مەرەکەب و گشت درەختەکانیش قەڵەم، زانستی خودای گەورەی پێ بنووسرێت، ئەو زانستە هەر تەواو نابێت، بەڵکوو ئەگەر حەوت جاری تریش دەریا و زەریاکان دووبارە ببنەوە: ﴿وَلَوْ أَنَّمَا فِي الْأَرْضِ مِن شَجَرَةٍ أَقْلَامٌ وَالْبَحْرُ يَمُدُّهُ مِن بَعْدِهِ سَبْعَةُ أَبْحُرٍ مَّا نَفِدَتْ كَلِمَاتُ اللَّهِ ۗ إِنَّ اللَّهَ عَزِيزٌ حَكِيمٌ﴾ (لقمان: ٢٧).

مێژوو بۆمان دەگێڕێتەوە کە چەندین جار مرۆڤە بێباك و خۆبەگەورەزانەکان بێمنەتیی خۆیان ڕاگەیاندووە سەبارەت بە باڵادەستیی خودای گەورە، نموونەی قاروونەکان کە دەستکەوت و پێگەکانیان تەنها بۆ زانست و لێهاتوویی خۆیان دەگێڕنەوە، کاتێك پێیان وا بوو گەیشتوونەتە لوتکە و خەریك بوو بانگەشەی خوایەتیی بکەن، خودای گەورە توانای لەڕادەبەدەری خۆیان نیشان دەدات، خودای گەورە لە بارەی قاروونەوە دەفەرمووێت: ﴿فَخَسَفْنَا بِهِ وَبِدَارِهِ الأَرْضَ فَمَا كَانَ لَهُ مِنْ فِئَةٍ يَنْصُرُونَهُ مِنْ دُونِ اللَّهِ وَمَا كَانَ مِنَ الْمُنْتَصِرِينَ﴾ (القصص: ٨١). هەروەها باسی ئەو خاوەن بێستانە دەکات کاتێك هاوەڵەکەی داوای لێ کرد کە چیتر ناز بە ماڵ و داراییەکەیەوە نەکات و خاڵە لاوازەکانی مرۆڤی یاد خستەوە، بەڵام سوور بوو لەسەر ئەوەی کە پێویستی بە خودا نەماوە چیتر: ﴿وَدَخَلَ جَنَّتَهُ وَهُوَ ظَالِمٌ لِّنَفْسِهِ قَالَ مَا أَظُنُّ أَن تَبِيدَ هَٰذِهِ أَبَدًا ۝ وَمَا أَظُنُّ السَّاعَةَ قَائِمَةً وَلَئِن رُّدِدتُّ إِلَىٰ رَبِّي لَأَجِدَنَّ خَيْرًا مِّنْهَا مُنقَلَبًا ۝﴾ (الکهف: ٣٥-٣٦)، بەڵام لەپڕدا بێ ئەوەی خۆی ئامادە بکات، سەروەت و سامانی بە با درا و لەناو برا، ئینجا بەدەم ئاخ و داخ و هەناسەی ساردەوە دەستی دەدا بەیەکدا و لەسەر ئەو مەسرەفەی کە تێیدا کردبوو، لە کاتێکدا باخەکە بەسەر یەکدا تەپیبوو، لە جێی خۆیدا کاول بوو: ﴿وَأُحِيطَ بِثَمَرِهِ فَأَصْبَحَ يُقَلِّبُ كَفَّيْهِ عَلَىٰ مَا أَنفَقَ فِيهَا وَهِيَ خَاوِيَةٌ عَلَىٰ عُرُوشِهَا﴾ (الکهف: ٤٢)، ئەوسا دەیوت: ﴿وَيَقُولُ يَا لَيْتَنِي لَمْ أُشْرِكْ بِرَبِّي أَحَدًا﴾ (الکهف: ٤٢): خۆزگە من هیچ جۆرە هاوەڵێکم بۆ خودا بڕیار نەدایە! 

هەندێک لە چاودێران پێیان وایە ئەوەی کە لە وڵاتی چین دەگوزەرێت، تۆڵەسەندنەوەیەکی خواییە لەو بێباوەڕانەی کە توندوتیژییان دەربارەی موسڵمانانی ئیگۆر کردووە. 

ئایا بڵاوبوونەوەی نەخۆشی و بەڵا، تۆڵەی خوداییە؟ 

بە شێوەیەکی گشتی ئەو کارەساتە سروشتییانەی کە ڕوو دەدەن لەم جیهانەدا، بەدەر نین لە ویستی خودای گەورە، چونکە خودای گەورە زانایە بە هەموو کار و بوارەکان و توانای هەیە بەسەریاندا، بەو مانایەی هۆکاری ڕوودانەکانیان بە ویستی خۆیەتی، گەر ئیرادەشی بێت، نایەڵێت ڕوو بدەن، هەر خۆشی فەرموویەتی: ﴿وَمَا تَشَاءُونَ إِلَّا أَن يَشَاءَ اللَّهُ رَبُّ الْعَالَمِينَ﴾ (التکویر: ٢٩).. ﴿وَلِلَّهِ مُلْكُ السَّمَاوَاتِ وَالْأَرْضِ وَمَا بَيْنَهُمَا ۚ يَخْلُقُ مَا يَشَاءُ ۚ وَاللَّهُ عَلَىٰ كُلِّ شَيْءٍ قَدِيرٌ﴾ (المائدة: ١٧).

زانایانی ئیسلام پێیان وایە موسیبەت و ناخۆشی بۆ موسڵمان تاقیکردنەوەیە، کە سەبری گرت و سوپاسگوزار بوو، پلەی بەرز دەبێتەوە لای خودای گەورە، بەڵام موسیبەت و ناخۆشی بۆ بێباوەڕان و ستەمکاران تۆڵەیە بۆیان، ئەمە جگە لە سزای دواڕۆژ، لە هەمان کاتیشدا بۆ پەندوەرگرتنە. 

لەم دیدگایەوە دەکرێت ئەم کارەساتەی کە ئەم ڕۆژگارانە ڕوو دەدەن لەو وڵاتانە، شێوەیەک بێت لە سزای دونیای بۆ ئەو مرۆڤانەی کە زیادەڕەوی دەکەن لە لایەنەکانی مەعنەوی و ماددییشەوە، یان ستەم دەکەن تا بوەستن لە ستەم و بەخۆیاندا بچنەوە. 

ئەوەشمان بیر نەچێت ئەو نەخۆشییە تەنها ئەو مرۆڤانە ناگرێتەوە کە لە دەرەوەی بازنەی ئیسلامن، بەڵکوو هەموو مرۆڤێک ئەگەری تووشبوونی هەیە، تەنانەت موسڵمانیش، بەڵام ئەوەی ئاشکرایە کە زۆر جار دەرد و نەخۆشییەکان هۆکارەکەی مرۆڤ خۆیەتی، کاتێک لە یاسا گەردوونییە خوداییەکە لا دەدات، بۆ نموونە: ئاشکرایە کە گەورەترین هۆکاری بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی کوشندەی سەردەم (ئایدز)، لادانە لە یاساکانی خودا، لە بڵاوبوونەوەی کارە سێکسییە ناشەرعییەکان، وەک زینا و هاوڕەگەزبازی(1)، هەروەک چۆن پێغەمبەری ئازیزمان () فەرموویەتی: "لم تظهر الفاحشة في قوم قط، حتی یعلنوا بها، إلا فشا فیهم الطاعون والأوجاع التي لم تکن مضت في أسلافهم الذین مضوا قبلهم" (ابن ماجة والحاکم)، واتە: "هەر کات زینا لە گەلێکدا بڵاو بووەوە و ئاشکرایان کرد، تاعوون و پەتایەک بڵاو دەبێتەوە کە لە پێشینەکانیان نەبووە." هەروەها زۆرترین هۆکاری تووشبوون بە شێرپەنجەی کۆم، بریتییە لە سێکسکردن لە ڕێگەی کۆمەوە(2).

نەخۆشیی کۆرۆناش وەک زانایان باسی لێوە دەکەن، هۆکارە سەرەکییەکەی دەگەڕێتەوە بۆ(3) خواردنی ئەو گۆشتانەی کە خودای گەورە حەرامی کردووە بخورێن، وەک دەفەرمووێت: ﴿قُل لَّا أَجِدُ فِي مَا أُوحِيَ إِلَيَّ مُحَرَّمًا عَلَىٰ طَاعِمٍ يَطْعَمُهُ إِلَّا أَن يَكُونَ مَيْتَةً أَوْ دَمًا مَّسْفُوحًا أَوْ لَحْمَ خِنزِيرٍ فَإِنَّهُ رِجْسٌ أَوْ فِسْقًا أُهِلَّ لِغَيْرِ اللَّهِ بِهِ ۚ...﴾ (الأنعام: ١٤٥)، واتە: "بڵێ دەستم ناکەوێت لەوەی سرووش کراوە بۆم هیچ خۆراکێکی حەرامکراو بۆ کەسێ بیەوێ بیخوات، مەگەر مردارەوەبوو بێت یان خوێنی ڕژێنراو یان گۆشتی بەراز، چونکە بێگومان ئەوە پیسە یان سەربڕاوێک بێت ناوی غەیری خودای لەسەر هێنرابێت..." هەروەها دەفەرمووێت: ﴿حُرِّمَتْ عَلَيْكُمُ الْمَيْتَةُ وَالدَّمُ وَلَحْمُ الْخِنزِيرِ وَمَا أُهِلَّ لِغَيْرِ اللَّهِ بِهِ وَالْمُنْخَنِقَةُ وَالْمَوْقُوذَةُ وَالْمُتَرَدِّيَةُ وَالنَّطِيحَةُ وَمَا أَكَلَ السَّبُعُ إِلَّا مَا ذَكَّيْتُمْ﴾ (المائدة: ٣)، واتە: "لەسەرتان حەرام کراوە خواردنی گۆشتی مردارەوەبوو و خوێن و گۆشتی بەراز و ئەو ئاژەڵەی لە کاتی سەربڕیندا ناوی غەیری خودای لێ برابێ و ئاژەڵی خنکاو و ئەوەی کە لێی درابێت تا دەمرێت و ئەوەی لە بەرزی کەوتبێتە خوارەوە و شۆقلێدراو و ئەوەی دڕندە لێی خواردبێت، بێجگە لەوەی پێش مردن سەرتان بڕیبێت." هەروەها لە پێغەمبەر () دەگێڕنەوە کە: "نهی النبي () عن أکل کل ذي ناب من السباع" (متفق علیه)، واتە: "پێغەمبەر () نەهیی کردووە گۆشتی ئەو دڕندانە بخورێت کە کەڵبەیان هەیە." "نهی رسول الله () عن أکل ذي ناب من السباع وکل ذي مخلب من الطیر" (صحیح ابن حبان)، واتە: "پێغەمبەر () نەهیی کردووە گۆشتی ئەو دڕندانە بخورێت کە کەڵبەیان هەیە، ئەو باڵندانەی کە چڕنووکیان هەیە." هەروەها دەفەرمووێت: "کل ذي ناب من السباع فأکله حرام" (مسلم)، واتە: "هەر دڕندەیەک کە کەڵبەی هەیە، خواردنی حەرامە." بە شێوەیەکی گشتی هەر چی پیسە، خودای گەورە حەرامی کردووە بخورێت: ﴿...وَيُحِلُّ لَهُمُ الطَّيِّبَاتِ وَيُحَرِّمُ عَلَيْهِمُ الْخَبَائِثَ...﴾ (الأعراف: ١٥٧)، واتە: "ئەو پێغەمبەرەی کە شتە خاوێنەکانیان بۆ حەڵاڵ دەکات و شتە پیسەکانیان بۆ حەرام دەکات." 

بۆ خۆپاراستنیش لەو نەخۆشییەش، زانایان چەند ڕێکار و ڕێگەچارەیەکیان داناوە، لەوانە ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی (WHO)، ئەم ئامۆژگارییانەی بۆ خەڵکی ڕاگەیاندووە(4): 

- دەستەکانت زوو زوو بە پاکژکەرەوە پاک بکەرەوە، یان بە ئاو و سابوون بیانشۆ. 

- لە کاتی کۆکە یان پژمین، دەم و لووتت بە دەستەسڕ یان نووشتانەوەی ئانیشکت داپۆشە، پاشان زوو دەستەسڕەکە لەکۆڵ کەرەوە. 

- دوور بکەرەوە لەو کەسانەی کە تووشی تا و کۆکە بوون. 

- ئەگەر تووشی تا و کۆکە و تەنگەنەفەسی بووی، زوو خۆت بگەیەنە خزمەتگوزارییە پزیشکییەکان. 

- دوور بکەوەرەوە لە خواردنی ئەو گۆشتانەی کە کاڵن و جوان نەکوڵاون. 

گەر بگەڕێینەوە بۆ ڕێنماییەکانی ئیسلام سەبارەت بە خۆپارێزی و ئامۆژگارییەکانی بۆ تاکی موسڵمان سەبارەت بە ژیانی ڕۆژانەی، بۆمان دەردەکەوێت کە ئیسلام بەڕاستی دینێکە هۆکاری خۆش ژیانی مرۆڤە لەم دنیایەدا، پێش خۆشگوزەرانی و سەرفرازیی ئەو دنیا. 

وەک ئاشکرایە ئیسلام گرنگیی زۆری داوە بە پاك ڕاگرتنی لاشە و پۆشاک، ئەوەتا هەر لە سەرەتای دابەزینی سرووشەوە، دوای ئەوەی خودای گەورە فەرمان بە پێغەمبەر دەکات درووشمی یەکتاپەرستی هەڵگرێت و دەستکاتە بانگەواز، پێی دەفەرمووێت: ﴿يَا أَيُّهَا الْمُدَّثِّرُ ۝ قُمْ فَأَنذِرْ ۝ وَرَبَّكَ فَكَبِّرْ ۝ وَثِيَابَكَ فَطَهِّرْ ۝﴾ (المدثر: ١-٤)، واتە: "ئەی ئەو کەسەی کە خۆت پێچاوەتەوە، هەستە خەڵکی بێدار کەرەوە، پەروەردگارت بە گەورە ڕابگرە، پۆشاکت پاک ڕابگرە." تەنانەت لە مەرجەکانی درووستیی نوێژ دەبێت، جگە لە پاکژیی لاشە، جلوبەرگیش دەبێت پاك بن. تەنانەت پێغەمبەر () دەفەرمووێت: "الطهور شطر الإیمان.." (مسلم وأحمد)، واتە: "خاوێنی، نیوەی ئیمانە." بەڵکوو پێغەمبەر () بەفەخرەوە باسی ئوممەتەکەی دەکات کە ڕۆژی دوایی ڕوو و قاچ و دەستیان ڕووناکە بە هۆی دەستنوێژەوە، دەفەرمووێت: "إن أمتي يأتون يوم القيامة غرا محجلين من أثر الوضوء، فمن استطاع منكم أن يطيل غرته فليفعل" (متفق علیه). عائیشە دەفەرمووێت: "کان رسول الله () إذا أراد أن ینام وهو جنب توضأ، وإذا أراد أن یأکل أو یشرب – قالت – غسل یدیه، ثم یأکل أو یشرب" (النسائي)، واتە: "کاتێک پێغەمبەر () گەر لەشگران بووایە و بیویستایە بنووێت، دەستنوێژی دەشت. هەر کاتێکیش بیویستایە نان بخوات، دەستی دەشت." بەڵکوو پێغەمبەر () زۆرترین کاتی دیاری کردووە بۆ مرۆڤی موسڵمان کە نابێت ئەو ماوەیە تێپەڕێت و خۆیان نەشوشتبێت، کە تەنها حەوت ڕۆژە: "حق علی کل مسلم أن یغتسل في کل سبعة أیام یوما، یغسل فیه رأسه وجسده" (متفق علیه)، بەتایبەتی ڕۆژانی جومعە کە خۆشتن تیایدا سوننەتە: "غسل یوم الجمعة علی کل محتلم، وسواك، ویمس من الطیب ما قدر علیه" (متفق علیه). هەروەها بۆ پاکڕاگرتنی دەم و ددان پێغەمبەر () دەفەرمووێت: "لولا أن أشق علی أمتي لأمرتهم بالسواك عند کل وضوء" (متفق علیه)، واتە: "ئەگەر گران نەبووایە لەسەر ئوممەتەکەم، فەرمانم پێ دەکردن بە سیواککردن لە هەموو نوێژێکدا." 

دەزگای گالوپی ئەمەریکی ئامارێکی بڵاو کردۆتەوە سەبارەت بە پاکوخاوێنی لە ئەورووپا، کە خۆی لەم پرسیارەدا دەبینێتەوە: ئایا ڕاستەوخۆ دووای چوونە سەرئاو، دەستەکانت بە ئاو و سابوون دەشۆیت؟ لە سەرەنجامدا دەرکەوت کە خاوێنترین گەلی ئەورووپی، گەلی بۆسنەن کە (٩٦٪)ی خەڵکەکەیان وەڵامەکەیان بە ئەرێنی بوو. پاش ئەوان گەلی تورکیا بوون بە ڕێژەی (٩٤٪)، پاشان کۆسۆڤا بە ڕێژەی (٨٥٪). لە میانەی ڕوونکردنەوەی هۆکارەکانی ئەو ئەنجامانە، دەرکەوتبوو کە ئەو گەلانە موسڵمانن و گرنگی دەدەن بە نوێژکردن و دەستنوێژشتن. ئەنجامەکانی تر بەم شێوەیە بوو: پۆڵەندا (٦٨٪)، ئیستۆنیا (٦٥٪)، ڕووسیا (٦٣٪)، فەڕەنسا (٦٢٪)، ئیسپانیا (٦١٪)، بەلچیکا (٦٠٪)، نەمسا (٦٥٪)، ئیتالیا (٥٧) و هۆڵەندا تەنها (٥٠٪) بوو(5). 

سەبارەت بە پاكوخاوێنیی خواردن و خواردنەوە، پێغەمبەرمان () دەفەرمووێت: "غطوا الإناء وأوکوا السقاء" (مسلم وأحمد)، واتە: "دەفرەکان داپۆشن و سەرقاپی سوراحییەکان بگرن"، وە دەبێت مرۆڤ بە شێوەیەکی تەندروست خواردن بخوات: "ما ملأ آدمي وعاء شرا من بطن، حسب الآدمي لقیمات یقمن صلبه، فإن غلبت الآدمي نفسه فثلث للطعام، وثلث للشراب، وثلث للنفس" (ابن ماجة)، واتە: "خراپترین دەفر کە نەوەی ئادەم پڕی کردبێت، ورگیەتی. مرۆڤ چەند پاروویەکی بەسە تا توانای هەبێت، ئەگەر ئارەزووی زۆرتری هەبوو، با سێیەکی گەدەی بۆ خواردن دانێت، سێیەکەکەی تریش بۆ خواردنەوە و سێیەکی سێیەمیش بۆ هەوا." سەبارەت بە پاکڕاگرتنی شوێنی نیشتەجێبوونیش، پێغەمبەر () دەفەرمووێت: "نظفوا أفنیتکم..." (الطبراني)، واتە: "ماڵەکانتان پاك ڕابگرن."

سەبارەت بە ڕێنموویی پێغەمبەر () لە کاتی پژمیندا، ئەبو هورەیڕە دەگێڕێتەوە: "کان رسول الله () إذا عطس وضع یده أو ثوبه علی فیه..." (أبو داود والترمذي)، واتە: "کاتێک پێغەمبەر () بپژمیایە، یان دەستی گرتووە بە دەمیەوە، یان کراسەکەی خستۆتە بەری." واتە لە کاتی نەبوونی دەستەسڕ، باشترین شت ئەوەیە کە بە کراسەکەت بەر لە پژمینەکە بگریت، ئەمەش وەک ڕێنماییەکانی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانییە. 

سەبارەت بە دوورکەوتنەوە لە کەسی تووشبوو بە نەخۆشییە درمەکان، ئەوانەی بە هۆی تێکەڵبوون بڵاو دەبنەوە، پێغەمبەر () دەفەرمووێت: "لا یوردن ممرض علی مصح" (متفق علیه)، واتە: "با لەشساغ نەچێتە لای نەخۆش." هەروەها دەفەرمووێت: "فر من المجزوم کما تفر من الأسد" (البخاري وأحمد)، واتە: "هەروەک چۆن لە شێر ڕادەکەیت، واش لە گول ڕابکە." هەروەها لە کاتی بڵاوبوونەوەی پەتایەک لە شوێنێکدا، پێغەمبەر () دەفەرمووێت: "إذا سمعتم بالطاعون بأرض فلا تدخلوها، وإذا وقع بأرض وأنتم بها فلا تخرجوا منها" (متفق علیه)، واتە: "هەر کاتێک بیستتان تاعوون و پەتا لە شوێنێکدا بڵاو بۆتەوە، نەچنە ئەو شوێنە. ئەگەر لە شوێنێکدا بڵاو بووەوە و ئێوە لەوێ بوون، لێی دەرمەچن." دیارە ئەوەی کە لە دەرەوەی شوێنی بەڵاکەیە، ناچێتە ئەو شوێنە تا تووشت نەبێت، بەڵام ئەوەی کە ئیعجازە لەم فەرموودەیەدا ئەوەیە: ئەوەشی لە شوێنی پەتاکەیە نابێت دەربچێت، چونکە ئەو هەڵگری نەخۆشییەکەیە، لەوانەشە نیشانەکانی لەسەر دەرنەکەوتبێت و لاشەی بەرگریی دژی ئەو پەتایە دروست کردبێت، کاتێک لەو شوێنە دەردەچێت، دەبێتە هۆی گواستنەوەی نەخۆشییەکە بۆ کەسانێکی تر کە هیچ بەرگرییەکیان نییە دژی ئەو پەتایە، بەم شێوەیەش خەڵکانێکی زۆر تووشی نەخۆشییەکە دەبێت.

دوای ئەم گەشتە خێرایە بەناو هەندێک لە فەرمایشتەکانی ئیسلام سەبارەت بە خۆپارێزی، زۆر بەئاشکرا دەردەکەوێت کە ئایینی ئیسلام ئایینێکە پڕاوپڕ لەگەڵ زانست و گرنگییەکی زۆری بە بەرژەوەندیی مرۆڤ داوە، چونکە خاوەنەکەی ئەو زاتەیە کە خۆی زاناترە بە بەرژەوەندیی مرۆڤ و بەبەزەییە بەرامبەر بەندەکانی: ﴿أَلَا يَعْلَمُ مَنْ خَلَقَ وَهُوَ اللَّطِيفُ الْخَبِيرُ﴾ (الملك: ١٤).

خودای گەورە هەر ئەوە ڕێنمووییکەری مرۆڤ و ڕووناککەرەوەی ڕێگاکەی تا بگاتە مەبەستەکانی، با ئەگەر ئەوانیش ڕووی تێ نەکەن: ﴿كُلًّا نُّمِدُّ هَٰؤُلَاءِ وَهَٰؤُلَاءِ مِنْ عَطَاءِ رَبِّكَ ۚ وَمَا كَانَ عَطَاءُ رَبِّكَ مَحْظُورًا﴾ (الإسراء: ٢٠)، چونکە ئەگەر مرۆڤ خۆشی بە بەندەی خودای گەورە نەزانێت و پێی وا بێت گەردوون بێ خاوەنە، هەرگیز ناتوانێت بەدەر لە یاساکانی خودای گەورە گوزەر بکات لە ژیاندا، ئەو یاسایانەی کە بۆ گەردوون و مرۆڤ و ژیانی قەرار داوە. هەر لەبەر ئەوەشە مرۆڤ ئەگەر بێباوەڕیش بێت، بەڵام پابەند بێت بە یاسا گەردوونییە ئیلاهییەکان، هەر دەگاتە مەبەست، چونکە خودای گەورەی میهرەبان یارمەتیی دەدات. 

سەرەنجام بۆشمان دەردەکەوێت کە مرۆڤ هەر چەند بانگەشەی زانست و پێشكەوتن و بێباکی بکات، لە کۆتاییدا بچووکترین دروستکراوی خودا دەتوانێت بەچۆکیاندا بدات و ترس و بیمێکی زۆر بخاتە نێوانیان.

 

سەرچاوەکان:

(1) بڕوانە بابەتی "عیددەی ئافرەت و ئيعجازی نوێی زانستی"، گۆڤاری هەیڤ، ژمارە ٢٥، ساڵی ٢٠٠٩.

(2) بڕوانە بابەتی: ئيعجازى قورئان و فەرموودە لە تەشریعدا (لادانی جنسی و دەرئەنجامەكانی لەنێوان 
شەریعەت و زانستی سەردەمدا بە نموونه)، گۆڤاری هەیڤ، ژمارە ٥٤، ساڵی ٢٠١٩.

(3)  Du Toit A. Outbreak of a novel coronavirus. Nature Reviews Microbiology. 2020 Jan 27:1.

(4) www.who.int 
(5) www.bigthink.com