ڕەفتارى مرۆڤ وەك هۆکارێك بۆ تێکدانی سروشتی زەوی

مرۆڤ هەر لە سەرەتای دروستبوونیەوە گرنگترین ئەرکی لەسەر زەوی پێبەخشراوە

ڕەفتارى مرۆڤ وەك  هۆکارێك بۆ تێکدانی سروشتی زەوی

ن. هاوڕێ طارق فارس

مرۆڤ هەر لە سەرەتای دروستبوونیەوە، گرنگترین ئەرکی لەسەر زەوی پێبەخشراوە، ئەویش جێنشینییە؛ خودای گەورە دەفەرموێت: ﴿وَإِذْ قَالَ رَبُّكَ لِلْمَلَائِكَةِ إِنِّي جَاعِلٌ فِي الْأَرْضِ خَلِيفَةً ۖ قَالُوا أَتَجْعَلُ فِيهَا مَن يُفْسِدُ فِيهَا وَيَسْفِكُ الدِّمَاءَ وَنَحْنُ نُسَبِّحُ بِحَمْدِكَ وَنُقَدِّسُ لَكَ ۖ قَالَ إِنِّي أَعْلَمُ مَا لَا تَعْلَمُونَ﴾ (البقرة: ٣٠)، واتە: "ئه‌ی محەممەد () باسی ئه‌وه بكه له دێرین زه‌ماندا) په‌روه‌ردگارت به فریشته‌كانی وت: به‌ڕاستی من ده‌مه‌وێت له زه‌ویدا جێنشینێك دابنێم، فریشته‌كان وتیان: ئایا كه‌سێكی تیادا ده‌كه‌یته جێنشین كه خراپه ‌و تاوانی تیادا بچێنێت و خوێنڕێژی تێدا ئه‌نجام بدات؟! له‌كاتێكدا ئێمه ته‌سبیحات و سوپاس و ستایشت ده‌كه‌ین و، قه‌در و ڕێزی تۆ چاك ده‌زانین و، به‌دوورت ده‌گرین له‌و شتانه‌ی شایسته‌ی تۆ نین؟ (له‌وه‌ڵامیاندا) خوا فه‌رمووی: بێگومان ئه‌وه‌ی من ده‌یزانم ئێوه نایزانن".

وشەی (خَلِيفَةً) واتە بەدواداهاتن یان جێنشین. خوای گەورە کاتێک زەويی دروست کردووە هەموو پێداوسیتیيەكانی مرۆڤى بە باشترین شێواز بۆ ژیان، لە بچوکترینەوە تا گەورەترین، بۆ فەراهەم هێناوە، بە شێوەیەک پێویستی بە هیچ شتێك نەبێت. پاشان وەکوو ڕیزلێگیراوترین كه‌س مرۆڤی بە جێنشینی خۆی لەسەر زەوی خولقاندوە، کە گەورەترین دوو ئەرکی دەکەوێتە سەرشان، ئەوانیش یەکەميان ئاوەدانکردنەوەی زەوەی، دووهەميشيان عیبادەتکردنی خوای گەورە.

ئەگەر ئەم دوو فەرمانەی بە جێ هێنا ئەو کاتە شایستەی ئەو جێنشینیە دەبێت.

بە ڵام هەر وەک لەبەشی دووەمی ئایەتەکەدا هاتووە، ئەم مرۆڤە دەبێتە هۆی تێکدان و گەندەڵی وکوشتار و خوێنڕشتن لەسەر زەويدا، ئەوەتا خوای گەورە لە ئایەتێکی تردا دەفەرموێت: ﴿ظَهَرَ الْفَسَادُ فِي الْبَرِّ وَالْبَحْرِ بِمَا كَسَبَتْ أَيْدِي النَّاسِ لِيُذِيقَهُم بَعْضَ الَّذِي عَمِلُوا لَعَلَّهُمْ يَرْجِعُونَ (الروم: ٤١) واتە: "گەندەڵی و خراپكارى هيێندە بە ئاشكرايى ده‌رکه‌وتووه ‌كە هه‌موو سه‌ر زه‌وی و ده‌ریاکانیشی گرتۆته‌وه‌، به‌هۆی ئه‌و تاوان و كردارە تێکدەرانەى که خه‌ڵکی ده‌ستیان داوه‌تێ، سه‌رئه‌نجام ده‌بێت تاڵاوی هه‌ندێك له کرده‌وه‌کانیان بچێژن، تاکوو بگه‌ڕێنه‌وه بۆ ڕێبازی پاکی و خواناسی".

ئایەتەکە بە ڕوونی باس لەوە دەکات کە مرۆڤ بووەتە هۆکارێک بۆ تێکدانی سروشتی زەوی، کە دەتوانین لە دوو لایەنەوە ئاماژەی پێبدەین:

یەکەم؛ لایەنێکی ژینگەیی، ئەویش تێکدانی سروشتی ژینگەی وشکانی و زەریا و دەریاکانە.. دووەم؛ لایەنێکی مرۆیی ئەویش ئەو خراپەکاریيانەيە ڕاستەوخۆ مرۆڤ بەرامبەر بە مرۆڤ ئەنجاميان دەدات.

ئەوەی ئێمە دەمانەوێت لەم بابەتەدا ڕوونی بکەینەوە زیاتر لایەنی یەکەمە واتە لایەنە ژینگەیيەکە، لایەنی دووەمیش ئاماژەیەکی کورتی پێدەدەین، لەبەر ئەوەی بابەتەکە زۆر درێژە نەکێشێت.. 

مرۆڤ بۆ پڕکرنەوەی تەماع  و حەزە دنیایيەکانی لە پێناو بەدەستهێنانی سەروەت و سامان و دەسەڵاتدا، لەسەر حسابی ژینگە و كەسەکانی تر، بووەتە هۆی تێکدان و خراپكارييەكی زۆر لە بواری ژینگەدا.

یەکێک لە سەرچاوە هەرە سەرەکیەکانی پیسبوونی ژینگە ئەو گازە ژەهراویيانەیە کە لەلایەن ئەو ئامێرانەوە دەردەچێت کە بە پێکهاتەکانی نەوت کار دەکەن ، وەک ئۆتۆمبێل و کارگەکان و بەرهەمهێنەرە کارەبایيەکان و کەشتی و فڕۆکە و سەدان شتی تر.. کە ئەمانە  دەبنە هۆی دەرچونی چەندین گازی مەترسیداری وەک؛ هایدرۆکاربۆنەکان و ئۆکسیدی نایترۆجین و یەکەم ئۆکسیدی کاربۆن ... هتد، ئەمانە كاتێ بەرزدەبنەوە بۆ ناو بەرزايى هەوا و کارلێک لەگەڵ گازی تردا دەکەن دەبنەوە هۆی دروستبونی چەندین گازی ژەهراويی تر(1)، هەروەها ئەو گازانەی لە ساردکەرەوەکان دەردەچن وەکوو ساردکەرەوە (بەراد) و سەلاجە و سپلیت و... هتد، بە هەمان شێوە دەبنە هۆی دەردانی چەندین گازی ژەهراوی، کە لە سەروی هەموویەوە زیان بە چینی ئۆزۆن دەگەیەنن کە چينێكە لە تیشکە زیانبەخشەکانی خۆر دەمانپارێزێت(2)

پیسبوونی کەش و هەوا بکوژێکی نادیارە لە دەوروبەرمان، بێ جیاوازی پەلاماری گەنج و پیر و مناڵ دەدات و، تووشی چەندەها نەخۆشيی مەترسیدارمان دەکەن کە دیارترینیان؛ نەخۆشيی سيیەکان و جەڵدە و شێرپەنچە و نەخۆشيیەکانی دڵ و ڕەبۆ و... هتد (3)

ساڵانە ملیۆنان كەس بە هۆی ئەم نەخۆشیيانەوە گیان لەدەست دەدەن. تەنانەت لە هەر (١٠)کەسێک (٩) کەسيان ئەو هەوایەی هەڵیدەمژن بە ڕێژەیەکی زۆر ناخاوێنە(3)

هەر تەنها ساڵانی (٢٠١٥-٢٠١٦ز) بە هۆکاری پیسبوونی کەشوهەوا (٩ ملیۆن) کەس گیانیان لەدەستداوە(4)

هەروەها هەموو ساڵێک تێکڕا بە نزیکی (٧ ملیۆن) کەس بە هۆکاری پیسبوونی کەشوهەوا گیان لەدەست ئەدەن. 

ڕێژەى (٢٤٪)ی تووشبوون بە جەڵدە هۆکارەكەی پیسبوونی کەشوهەوایە کە دەکاتە (١.٤ ملیۆن) قوربانی بۆ هەر ساڵێک، هەروەها ڕێژەى (٢٥٪)ی نەخۆشیيەکانی دڵ کە دەکاتە(٢.٤ ملیۆن) قوربانيی ساڵانە و، ڕێژەى (٤٣٪)ی نەخۆشیيەکانی سی و شێرپەنجەی سيیەکان کە دەکاتە(١.٨ ملیۆن) قوربانی هۆکارەكەی پیسبوونی کەشوهەوایە(4)

 بەپێی توێژینەوەیەکی تر پێشبینيی ئەوە دەکرێت كە ئەگەر تا ساڵی ٢٠٥٠ز پيسبوونى ژينگە بەم شێوەیە بڕوات ئەوا ڕێژەی مردن بە هۆکاری پیسبوونی کەشوهەوا بۆ دوو هێندە بەرزبێتەوە(5)

دارستانەکان هۆکارێکی باشن بۆ کەمکردنەوەی کاریگەریيەکانی پیسبوونی کەشوهەوا بە هەڵمژینی گازی دوانە ئۆکسیدی کاربۆن، دارستانەکان بە ڕیژەی (٣٠٪)ی وشکانی پێکدەهێنن(6)، هەروەها بەشێکی زۆری ئەو ئۆکسجینە بەرهەم دەهێنن کە هەڵیدەمژین، دارستانێکی وەک، ئەمەزۆن نزیکی (١٦٪)ی ئۆکسجینی زەوی دابین دەکات، هەروەها کاریگەريی گەرمبوونی زەوی کەمدەکەنەوە(7)، ئەمە جگە لەوەی لانەی (٨٠٪)ی گیاندارانی وشکانى پيێكدەهيێنن و، (٢ ملیار) کەسيش ڕاستەخۆ لە دارستانەكاندا دەژین(6)

بەڵأم ئەوەی جێی داخە بەهۆی زیادەڕەویيەکانی مرۆڤەوە بە تەنها لە نیوان ساڵانی(١٩٩٠- ٢٠١٦ز)، گۆى زەوی ڕووبەرى(١.٣ ملیۆن مەتر چوار گۆشە) دارستانی لەدەست داوە، کە دەکاتە نزیکەی ڕووبەری کیشوەری ئەفەریقا(6)، هەروەك لەسەرەتای دروستبوونی شارستانیيەتەوە هەتا ئێستا ڕێژەى(٤٦٪)ی دارستانەکان لەناوچوون (8)

ئێمەی موسوڵمانیش، بە نافەرمانيمان بۆ ڕيێنماييەكانى ئايينەكەمان، بەشێکین لەم زیادەڕۆییە، ئەوەتا پێغەمبەر () هانمان دەدات بۆ ناشتنی درەخت، دەفەرموێت: 

(ما من مسلم يغرس غرسا أو يزرع زرعا فيأكل منه طير أو إنسان أو بهيمة إلا كان له به صدقة) رواه الإمام البخاري، واتە: "هەر موسوڵمانێک درەختێک بڕوێنێت، باڵندە یان مرۆڤ یان گیاندار لێی بخوات، ئەبێت بە پاداشت و خێر بۆی". 

هەروەها لە فەرموودەیەکی تردا زۆر جەختمان لێ دەکاتەوە لەسەر ڕواندی درەخت، تا دەگاتە ئەوەی كە دەفەرموێت: (إذا قامت الساعة وفي يد أحدكم فسيلة فليغرسها) رواه الشيخان, واتە: "ئەگەر نەمامێکتان بەدەستەوە بوو، لەو ساتەدا قیامەتیش بەرپابوو، بیچێنن". 

پێغەمبەرەکەمان، هەزاران دروودی لێبێت، هەر زوو گرنگيی چاندنی نەمامی زانیوە و نەتەوەکەی خۆى لێ ئاگادار کردووەتەوە، بەڵام مەخابن زۆرێكمان پەیڕەوی ناکەین. 

لە لایەکی ترەوە "ئاو" سەرەکیترین پێداویستی و، سەرچاوەی مانەوە و ژیانی مرۆڤ و، گرنگترین هۆکاری دروستبوونی شارستانیيەتە و، بنەمای دروستبوونی گیانداران و مرۆڤە، وەک دەفەرموێت: (وجعلنا من الماء كل شيء حي), هەرەها چەندين ئایەت لە قورئاندا ئەم گرنگيیە زۆرەی ئاوی بۆ دەرخستوین، بۆ نموونە دەفەرمووێت: 

﴿وَاللَّهُ أَنزَلَ مِنَ السَّمَاءِ مَاءً فَأَحْيَا بِهِ الْأَرْضَ بَعْدَ مَوْتِهَا ۚ إِنَّ فِي ذَٰلِكَ لَآيَةً لِّقَوْمٍ يَسْمَعُونَ﴾ (النحل: ٦٥)

﴿أَنزَلَ مِنَ السَّمَاءِ مَاءً فَسَالَتْ أَوْدِيَةٌ بِقَدَرِهَا فَاحْتَمَلَ السَّيْلُ زَبَدًا رَّابِيًا ۚ...﴾ (الرعد: ١٧)

 ﴿وَهُوَ الَّذِي سَخَّرَ الْبَحْرَ لِتَأْكُلُوا مِنْهُ لَحْمًا طَرِيًّا وَتَسْتَخْرِجُوا مِنْهُ حِلْيَةً تَلْبَسُونَهَا وَتَرَى الْفُلْكَ مَوَاخِرَ فِيهِ وَلِتَبْتَغُوا مِن فَضْلِهِ وَلَعَلَّكُمْ تَشْكُرُونَ﴾ (النحل: ١٤)

﴿...وَسَخَّرَ لَكُمُ الْأَنْهَارَ﴾ (إبراهيم: ٣٢)

﴿أَفَرَأَيْتُمُ الْمَاءَ الَّذِي تَشْرَبُونَ ۝ أَأَنتُمْ أَنزَلْتُمُوهُ مِنَ الْمُزْنِ أَمْ نَحْنُ الْمُنزِلُونَ ۝ لَوْ نَشَاءُ جَعَلْنَاهُ أُجَاجًا فَلَوْلَا تَشْكُرُونَ ۝﴾ (الواقعة: ٦٨-٧٠)

هەروەها چەندین فەرموودەى پێغەمبەر () ئەم گرنگیيە زۆرەی ئاومان بۆ دەردەخەن، وەک: 

(عن عبدالله بن عمرو أنَّ النبيَّ -صلَّى اللهُ عليهِ وسلَّمَ- مرَّ بسعدٍ وهو يتوضّأُ فقال: ما هذا السَّرفُ يا سعدُ؟ قال: أفي الوضوءِ سرفٌ، قال: نعم وإن كنتَ على نهَرِ جارٍ). (رواه الإمام أحمد وابن ماجه، وصححه الشيخ شاكر أحمد), واتە: "پێغەمبەر () بەلای سەعددا تێپەڕی کە دەستنوێژی دەگرت، پێی وت ئەم زیادەڕۆییە چییە ئەی سەعد!؟ سەعد وتی ئایا لەدەستنوێژگرتندا زیادەڕۆيی هەیە؟! پێغەمبەر () فەرمووی: بەڵی تەنانەت ئەگەر لەسەر ڕوباڕێکیش دەستنوێژت گرت". 

هەروەها لە فەرموودەیەکی تردا هاتووە: 

(جاء أعرابي إلى النبي () فسأله عن الوضوء؟ فأراه ثلاثاً ثلاثاً، ثم قال: هذا الوضوء فمن زاد عن هذا فقد أساء وتعدى وظلم) (رواه أحمد في مسنده), واتە: "دەشتەکيیەک هات بۆ لای پێغەمبەر () دەربارەی دەستنوێژ پرسیاری لێکرد؟ پێغەمبەر () سێ سێ دەستنوێژی گرت و پیشانی دا، پاشان فەرمووی ئەمە دەستنوێژە ئەگەر هەر کەسێک لەمە زیاتر ئاوی بەکارهێنا ئەوە دەستدرێژی و ستەمی کردووە". 

بەڵام دیسانەوە مرۆڤ ئەم نیعمەتەی خوای گەورەی شێواندووە و بە خراپی بەكارهێناوە و، ساڵانە سەدان هەزار تەن پاشماوەی پیس دەخرێنە سەرچاوە ئاويیەکانەوە. 

کارگەکانيش هۆکارێکی سەرەکيی پیسبوونی ئاون لە ڕێى فڕێدانی پاشماوەکانیان بۆ ناو ئاو، کارگەکان لە وڵاتە پێشکەوتووەکاندا ڕێژەى (٧٠٪)ی پاشماوەی ڕەق دەخەنە دەریا و زەریاکانەوە، کە ئەمانەش هۆکارێکی سەرەکيی پیسبوونی ئاوی سەرزەوین و، دەبنە هۆی مردن و زیانگەیاندن بە گیاندارە ئاويیەکان(1)

هەروەها زێرابی شارەکان زۆربەیان، بێ ئەوەی فلتەر بکرێن، دەڕژێنە سەرچاوە ئاویيەکانەوە، کە ئەمانەش ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر ژیانی مرۆڤ و گیانداران  دروست دەکات. 

هەروەها ئەو ماددە کیمیایيانەی بە ڕوەکەکانەوە دەکرێن دژی نەخۆشی و بۆ کوشتنی مێرو و لەناوبردنی گژوگیا زیانبەخشەکان، بە هۆی باران بارینەوە دەچنە ژێر زەوی و دەبنە هۆکارێک بۆ ژەهراویکردنی بەشێک لە ئاوی ژێر زەوی(1)

بە تەنها لە ساڵی ٢٠١٤دا، (٣٣ ترلیۆن) مایکرۆگەردیلە پلاستیک سەر زەریاکان کەوتووە، کە دەکاتە نزیکی تێکڕای(١٦٥هەزار) تەن پلاستیک، ئەوانەش ڕێژەی (٨٠٪)يان بتڵی پلاستیک و زەرفی نایلۆنە(9).

پێغەمبەر () لە دوو فەرموودەدا ئاگاداری کردوینەتەوە:

(عَنْ جَابِرٍ رَضِيَ اللهُ عَنْهُ عَنْ رَسُولِ الله ()، أنَّهُ نَهَى أنْ يُبَالَ فِي المَاءِ الرَّاكِدِ). أخرجه مسلم.. 

(لاَ يَبُولَنَّ أَحَدُكُمْ فِي الْمَاءِ الدَّائِمِ ثُمَّ يَغْتَسِلُ مِنْهُ). رواه البخاري, واتای هەردوو فەرموودەکە: "پێغەمبەر () نەهيی کردووە لەوەى كە لە ئاوی ڕۆشتو و ئاوی وەستاویشدا میز بکرێت". 

ئەی ئايا پێغەمبەر () دەبوو چيی بفەرمووایە کە ئەگەر وەك ئێستا بە سەدان تەن پیسی بكرايەتە نێو سەرچاوە ئاویيەکانەوە؟! 

هەروەها بەپێی لێکۆڵینەوەکان دەرکەوتووە كە بەشێک لە هۆکاری کارەساتە سروشتيیەکان دەگەڕێتەوە بۆ گۆڕانی کەشوهەوا، لەوانیش بەشێک لە بومەلەرزەکان و، وشکبوونی ئاوەکان و، ڕوودانى لافاوەكان و، بارانی بە خوڕی زیانبەخش و.. هتد. (10)،(11)

 

هۆکارێکی ترى خراپكاريى سەر زەوی  ئەو هەموو کوشتارە بە ناهەقەیە كە لە نێوان مرۆڤەکاندا ڕوو دەدات.. مردنی ملیۆنان کەسە لە جەنگە جیهانیيەکاندا.. بازرگانیکردنە بە مرۆڤەوە و سەیرکردنيەتی وەکوو کاڵایەک.. بڵاوبوونەوەی لادانی سێکسی بەشێوەی ئاشکرا و پەنهان، هەتا وای لێهاتووە هاوڕەگەزبازی بە فەرمی لە چەندین وڵاتی جیهاندا ڕێگاى پێدراوە، تەنانەت ئێستا خراپكارى و لادانی مرۆڤەکان خەريكە پەل بۆ جیهانی گیندارەکانیش دەكێشێت (12)

هەروەها خواردنی جۆرەكانى گۆشتی ئاژەڵی حەرامکراو، وەک گۆشتى سەگ و مشک و جرج و شەمشەمەکوێرە و ئاژەڵە دڕندەکان و، سەدانی تر کە سەری کێشاوە بۆ گواستنەوەی چەندین نەخۆشيی مەترسیدار و کوشندە. 

 

پوختەی مەبەستمان لێرەدا:

پارێزگارى لە ژینگە ئەركێکی ئاینییە و، ئەو نیعمەتانەی كە خوای گەورە پێی بەخشیوين پێویستە لەسەر هەمومان بیانپرێزین وەک پێغەمبەر () دەفەرموێت: 

(إن الناس شركاء في ثلاث: الماء والكلأ والنار) (سنن ابن ماجه), واتە: "خەڵک لە سێ شتدا هاوبەشن، ئاو و ڕوەک و ئاگر". 

 ئامانە نیعمەتانێکن دەبێت بەردەوام سوپاسگوزارييان لەسەر بکەین: 

﴿يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا كُلُوا مِن طَيِّبَاتِ مَا رَزَقْنَاكُمْ وَاشْكُرُوا لِلَّهِ إِن كُنتُمْ إِيَّاهُ تَعْبُدُونَ﴾ (البقرة: ١٧٢), واته: "ئه‌ی ئه‌وانه‌ی باوه‌ڕتان هێناوه‌، له‌و ڕزق و ڕۆزیه چاك و باشانه‌ بخۆن كه پێمان به‌خشیوون و به‌رده‌وام سوپاسگوزاريی خوا بكه‌ن، ئه‌گه‌ر ئێوه ته‌نها ئه‌و ده‌په‌رستن". 

ئایا مرۆڤ نازانێت ڕۆژێک لەسەر ئەم نیعمەتانە لێپرسینەوەی لەگەڵدا دەکرێت: 

﴿ثُمَّ لَتُسْأَلُنَّ يَوْمَئِذٍ عَنِ النَّعِيمِ﴾ (التكاثر: ٨)

دەرەنجام ئەو هەموو بەڵایەی بەسەرماندا دێت هەموی بە دەستی خۆمان دەبينە هۆكارى ڕوودانيان. 

 دەگەڕێينەوە بۆ ئایەتەکەی سەرەتا:

﴿ظَهَرَ الْفَسَادُ فِي الْبَرِّ وَالْبَحْرِ بِمَا كَسَبَتْ أَيْدِي النَّاسِ لِيُذِيقَهُم بَعْضَ الَّذِي عَمِلُوا لَعَلَّهُمْ يَرْجِعُونَ﴾ (الروم: ٤١)

خوای گەورە ئاگادارمان دەکاتەوە كە بەشێکی ئەم خراپكاريیانە هەر لە دنیادا بەسەرماندا دەشکێتەوە، وەکوو دیاردە سروشتیەکان و، بڵاوبوونەوەی چەندین نەخۆشيی مەترسیداری وەکو ئایدز و نەخۆشيیە گوازراوەکان، کە بەردەوام لە دنیادا هەواڵی بڵاوبوونەوەی مەترسيی نەخۆشيى تازە دەبیستین کە پێشتر ناوى نەبووە، بگرە لە کاتی نووسینی ئەم دێڕانەدا جۆرێکی تازە لە نەخۆشی گوازراوە پەیدا بووە بە هۆکاری ڤایرۆسێکى سەر بە خێزانی (کۆرۆنا ڤایرۆس) بە ناوی (SARS-CoV-2) و، بوو بە هۆى بڵاوبوونەوەی نەخۆشیيەکی کوشندە بە ناوی (COVID-19)، کە تا ئەم ساتە بە ملیۆنان مرۆڤ توشبوون و بە دەیان هەزار کەسيش گیانیان لەدەست داوە، خوا بمانپارێزێت. 

ئەم شتانەش تەنها بەوە چارەسەر دەبن کە جارێکی تر مرۆڤایەتی بگەڕێتەوە بۆ لای ئايینی خوا و پەیڕەوکردنی فەرمایشتەکانی قورئان و فەرموودەکانی پێغەمبەر (). 

ئەوەی لەسەرمانە، وەک  موسڵمانێک گەیاندمان. (والسلام على من اتبع الهدى). 

 

 

سەرچاوە و پەراوێزەكان:

  1. Causes & Effects of Pollution. ( December 18, 2016). Retrieved from: Renewable Resources Coalition www.renewableresourcescoalition.org
  2. Nunez, C.( April 18, 2019 ). Ozone depletion. Retrieved from: national geographic (www.nationalgeographic.com
  3. Air pollution. Retrieved from: world health organization www.who.int 
  4. (Landrigan, P. J., Fuller, R., Acosta, N. J., Adeyi, O., Arnold, R., Baldé, A. B., ... & Chiles, T. (2018). The Lancet Commission on pollution and health. The lancet, 391(10119), 462-512.)
  5. Lelieveld, J., Evans, J. S., Fnais, M., Giannadaki, D., & Pozzer, A. (2015). The contribution of outdoor air pollution sources to premature mortality on a global scale. Nature, 525(7569), 367-371.
  6. Nunez, C.( February 7, 2019). Deforestation, Retrieved from: national geographic (www.nationalgeographic.com).
  7. Zimmer, K.( August 28, 2019). Retrieved from: national geographic www.nationalgeographic.com
  8. Crowther, T. W., Glick, H. B., Covey, K. R., Bettigole, C., Maynard, D. S., Thomas, S. M., ... & Tuanmu, M. N. (2015). Mapping tree density at a global scale. Nature, 525(7568), 201-205.
  9. How plastic pollution is affecting seals and other marine. (17/11/2017). Retrieved from: World animal protection www.worldanimalprotection.org
  10. Buis, A.( October 29, 2019). Can Climate Affect Earthquakes, Or Are the Connections Shaky?. Retrieved from: Nasa climate.nasa.gov
  11. How can climate change affect natural disasters?. Retrieved from: The United States Geological Survey www.usgs.gov
  12. Griffin, A. (10 January 2017). Two animals from totally different species were found having sex by scientists. Retrieved from: Independent www.independent.co.uk