ڕشته‌کانی نێوان مرۆڤ و ڕەگەزەکانی تری گەردوون لە ڕوانگەی بەدیعوززەمان مامۆستا سەعیدی نوورسییەوە

ئەڵقەی یەکەم: ئەو پەیوەندی و ڕایەڵانەیە کە بە ئاشکرا دەبینرێت لە نێوان توخمەكانى گەردووندا كە مرۆڤ ستوونى سه‌ره‌كییه‌تی

Mar 3, 2021 - 14:23
Dec 25, 2021 - 14:19
 0  260
ڕشته‌کانی نێوان مرۆڤ و ڕەگەزەکانی تری گەردوون لە ڕوانگەی بەدیعوززەمان مامۆستا سەعیدی نوورسییەوە
ئەڵقەی یەکەم: ڕشته‌کانی نێوان مرۆڤ و...
ڕشته‌کانی نێوان مرۆڤ و ڕەگەزەکانی تری گەردوون لە ڕوانگەی بەدیعوززەمان مامۆستا سەعیدی نوورسییەوە

ن: پ. د. عوسمان موحەممەد غەریب 

و: م. فه‌رمان عوسمان 



پوختەى توێژینه‌وه‌كه‌: 

ئاراستەی ئه‌م توێژینه‌وه‌یه‌ بەرەو ئەو پەیوەندی و ڕایەڵانەیە کە بە ئاشکرا دەبینرێت لە نێوان توخمەكانى گەردووندا كە مرۆڤ ستوونى سه‌ره‌كییه‌تی، وەك ئه‌وه‌ی كە له پەیامەکانی نووردا ده‌رده‌كه‌وێت. ئەم ڕوانینەش بۆ گەردوون لەسەر پایەی چییەتی مرۆڤ ڕاوەستاوە. ئەو چییەتیەی کە پەیوەندییەکی پتەوی بە جیهانی بینراو و توخمەکانی گەردوونەوە هەیە، کە بە چەندین پەیوەندی و بەستێن بەیەك دەگەن و، وا دەکات کە مرۆڤ هەمیشە لە باری وەرگرتن و بەخشیندا بێت لەگەڵ سەرجەمی گەردووندا. بەمەش مرۆڤ وەکو ڕۆحی لێهاتووە کە پەیوەندی هەیە لەگەڵ تەواوی ئەندامەکانی جەستەدا. بەمەش سەرجەمی ئەندامەکانی ئەم جەستەیە لە پەیوندییەکی بەهێزدا دەبن لەگەڵ یەکتریدا. بەمەش مرۆڤ بووە بە دوایین بەری پێگەیشتووی بوونەوەران. هەر ئەم مرۆڤە لە هەمان کاتدا تۆوی بنەڕەتیی درەختی بوونەوەرانيشە. هەروەها ئایەت و بەڵگەی هەرە مەزنە بۆ قورئانی گەورەی گەردوون. هەروەك گەورەترین موعجیزەی توانای ‌صەمەدانيی خواوەندە، بەدیهێنراوێکی سەرسوورهێنی وەهایە کە تەواوی کۆئەندام و پێکهاتەکانی شایەتی دەدەن کە ئەم مرۆڤە لە بەرەو پێشچووندایە بەرەو ئەبەدی و نەمری. پەیوەندییەکانی مرۆڤیش بە گەردوونەوە لە چەند بەندێکدا دەردەکەون وەکو خواپەرستی و، خۆشەویستی و، خواناسی و، ڕامکردن و بەرهەم پێدان و، پەروەردەکردن و، جوانی.



درێژەی بابەتەکە: 

ئەوەی کە حاشا هەڵنەگرە و جێی مشتومڕ نییە ئەوەیە کە: جوان تێنەگەیشتن لەم گەردوونە ناوازەیە و، هەست نەکردن بەم ڕشتانەی کە لە نێو ڕەگەز و توخمەکانیدا هەیە و، ئەنجام نەدانی مامەڵەی جوان لە تەکیانا لە ڕووی زانیاری و بنیاتنان و بەرهەمهێنانەوە، ئەم تێنەگەیشتنە زۆرترین بەشی هەیە لە دواخستن و پاشکۆیەتی موسڵمانان و، بەمەش موسڵمانان بوون بە دوایین کەس یان دوا سواری كاروانی پێشکەوتن. 

بەم مەبەستەیە کە دەمەوێت ئەو ڕشته‌ و ڕایه‌ڵانە دەربخەم وەکو چۆن مامۆستا بەدیعوززەمان سەعیدی نوورسی بینیونی و لە دووتوێی پەیامەکانی نووردا وەکو گەوهەر دایناوە و، بەردەوام لە هەوڵدا بووە کە بە باشی بناسرێن. 

دەمەوێت بەمە ئاوڕێك لەو لایەنە ڕووناکی بەخشەی پەیامەکانی نوور بدرێتەوە و، لەوێشەوە ئەو دەرمانانە وەسف بکەم کە مامۆستا بەدیعوززەمان بۆ دەردە درمەکانی ئوممەتی ئیسلامی دیاری کردووە و، هۆکارەکانیشی باس کردووە. 

ئەم باسە پێکهاتووە لە پێشەکییەك و ڕوونکردنەوەی چەند ڕشته‌یه‌ك لە نێوان مرۆڤ و گەردووندا و، بە باسی گرنگترین دەرەنجامەکانیش بە کۆتایی دەگات. 

پێشەکییەك دەربارەی پێناسەی مرۆڤ و گەردوون 

 پێشینانی زانستی مەنطیق وتویانە: بۆ بڕیاردان لە سەر هەر شتێك پێویستە باش تەصەوری بکەین و لێی تێ بگەین. واتە لێرەدا پێویستە پێناسەی سەرەکیترین بەشی بابەتەکە بکەین کە ئەوانیش: مرۆڤ و گەردوونە. 

ده‌بوو باسی گەردوون لە پێش باسی مرۆڤەوە بێت لەبەرئەوەی گەردوون (کولل)ە و مرۆڤ (جوزء)ە. بەڵام لە قورئانی پیرۆزدا دەبینین کە مرۆڤ ئامانجی بەدیهاتنی گەردوونە و دوایین بەرهەمییەتی. بۆیە باسی مرۆڤ پێش دەخەین, لەبەر ئەوەی گرنگتر لە پێش گرنگەوەیە و ئامانج لە پێش هۆکارەوەیە. 

خواستی یەکەم: پێناسه‌ی مرۆڤ

ئەو مرۆڤەی لە تێڕوانینی قورئانییانه‌ی مامۆستا نوورسیدا هەیە تەواو جیاوازە لەو مرۆڤەی کە فەیلەسوفەکان پێناسەی دەکەن. لە کاتێکدا فەیلەسوفەکان لە مشتومڕی ئەوەدا بوون کە ئایا مرۆڤ تەنها ئامێرێکە لەم گەردوونەدا، یان شتێکی بێ نرخە لە بەرامبەر ئەم گەردوونە فراوانەدا، یان تەنها گیانەوەرێکە دەتوانێت بدوێت و هەموو شتێکی لە قازانجی خۆیدا بەکار‌هێناوە؟! ئا لەم کاتەدا مامۆستا – وەکو مەولانای ڕۆمی – بەدوور لەم کێشمە کێشمەی فەلسەفە، لە گۆشە نیگایەکی ترەوە دەڕوانێت و، دەبینێت کە مرۆڤ لە بەرزترین پلەدایە و، جوانترین ئەنجامە و، هۆشمەندترینە. لەگەڵ ئەوەشدا هەندێك کەموکوڕی هەیە کە ڕەنگە لە غەیری مرۆڤدا نەیانبینیت. 

لای بەدیعوززەمان، مرۆڤ چەند تایبەتمەندی یەکی هەیە کە لە سەرجەمی بوونەوەرانی ناو گەردوون جیای دەکاتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا مرۆڤ کە بەڕێزترینی بوونەوەرانە و بەرزترین پلەی هەیە. دەبینین مامۆستا بەم شێوەیە پێناسەیەکی ووردی مرۆڤ دەکات: 

(ئەم مرۆڤە كۆتایی گەردوون و پوختەی هەموو ئەو سیفەتانەیە كە تیایدایە و.. سەبارەت بەوەی كە "حەقیقەتی محەممەدی"ی تێدایە، ئەوا تۆوی ئەسڵی ئەو درەختەیە و.. گەورەترین ئایەتی قورئانی گەردوونە و.. تەنانەت ئەو ئایەتەیە كە لەو قورئانەی گەردووندا هەڵگری درەوشانەوەی "ناوی مەزن"ی خواوەندە، وەك "ێ‌یە الكرسی" لە قورئاندا و.. بەڕێزترین میوانی كۆشكی گەردوونە و.. چالاكترین فەرمانبەرە كە ڕوخسەتی پێ‌‏ دراوە هەڵسوكەوت لەگەڵا دانیشتووانی ئەو كۆشكەدا بكات و.. هەر ئەوە كە لەبەر ئەوەی سەدان زانست و هەزاران بەهرەی شیاوی پێ‌‏ بەخشراوە، كێڵاندنی زەویی خراوەتە ئەستۆ و لێپرسراویی دەرامەت و خەرجییەكانیشی پێ‌‏ سپێرراوە و.. هەر ئەوە جێنشینی خواوەند لە زەویدا، چونكە هەر ئەوە كە لە لایەن پادشای ئەزەل و ئەبەدەوە نێرراوە و لە ژێر چاودێریی ئەودا كار دەكات و هەموو جێگایەكی گۆی زەوی دەگەڕێت و دەپشكنێت و.. هەر ئەوە كە لە كاروباری زەویدا هەڵدەسووڕێت و، لەگەڵا ئەوەشدا هەموو كردارێكی گەورە و بچووكی لەسەر تۆمار دەكرێت و.. هەر ئەوە كە لەبەر ئەوەی بەندەیی و پەرستشێكی فراوان و گشتیی لە ئەستۆدایە، بەندەیەكی هەمەكیی خواوەند بێت، چونكە ئەو ئەمانەتە هەرە گەورەیەی پێ‌‏ سپێرراوە كە نە ئاسمانەكان و نە زەوی و نە چیاكان نەیانگرتە ئەستۆ، لە ئەنجامی هەڵگرتنی ئەم ئەمانەتەشدا دوو ڕێگای لە بەردەمدا كرایەوە: یەكێكیان بۆ خراپكاران و ئەوی تریشیان بۆ بەختەوەران.. هەر ئەوە كە وەك ئاوێنە وایە و، درەوشانەوەی هەموو ناوە جوانەكانی خوای گەورەی تێدا ڕەنگ دەداتەوە و، "ناوی هەرە مەزن"یشی تێدا دەدرەوشێتەوە.. هەر ئەو مەبەستە لەو فەرموودانەی خوادا كە ئاراستەی بەدیهێنراوانی دەكات و، هەر ئەویشە كە لە هەموو بەدیهێنراوان زیاتر لە فەرموودەكانی پەروەردگار تێدەگات.. هەر ئەوە كە لە نێوان هەموو بوونەوەرانی گەردووندا هەژارتر و كۆڵەوارترە.. مرۆڤ ئەو زیندەوەرەیە كە بێ‌‏ دەستەڵاتی و كۆڵەواریی لە سنوور بەدەرە، لەگەڵا ئەوەشدا لە ڕادەبەدەر دوژمن و شتی ئازاربەخش و، هیوا و ئاواتی لەژمارە بەدەری هەیە.. هەر ئەوە كە لە نێوان هەموو زیندەوەراندا بە تواناترە و.. هەر ئەویشە كە لە نێوان خۆشی و تامی ژیاندا لە هەموویان زیاتر هەست بە ئازار دەكات، چونكە لەزەت و خۆشییەكانی ئاوێتەی چەندین ئازاری ناخۆشی ئەوتۆن كە ئەو لەزەتانەی لـێ‌ تاڵا دەكەن.. هەر ئەوە كە لە هەموان زیاتر لە تاسەی مانەوە و هەمیشە ژیاندایە و زۆرتریش پێوستی پێ‌‏یەتی و لە هەموویشیان شیاوترە بۆ هەمیشەیی.. هەر ئەوە كە بە چەندین نزا و لاڵانەوەی لەژمارەبەدەر بۆ "مانەوە" و "هەمیشەیی" دەلاڵێتەوە.. هەر ئەوە كە تا ڕادەی پەرستن ئەو كەسەی خۆش دەوێت كە چاكەی لەگەڵدا كردووە و نیعمەتی بەسەردا ڕشتووە و، بەمەشەوە ڕاناوەستێ‌، بەڵكو لە لای كەسان و شتانی تریش ئەو كەسە خۆشەویست دەكات، چونكە ئەو نیعمەت‏بەخشە شایستەی خۆشەویستییە.. هەر ئەوە گەورەترینی موعجیزەكانی توانستی صەمەدانییەتی خواوەندی پەروەردگارە، تەنانەت هەر ئەوە كە لە ڕاستیدا مایەی سەرسووڕمانە لەناو بەدیهێنراواندا، لەبەر ئەوەی جیهانی گەورەی تێدا كۆكراوەتەوە و لەبەر ئەوەش كە هەموو ئەندام‏ و كۆئەندام و ئامێرێكی شایەتی دەدەن لەسەر ئەوەی كە ئەم مرۆڤە بۆیە دروست‏ كراوە تاكو هەنگاو بە هەنگاو بەرەو پێش ڕووەو هەمیشەیی و نەمری بڕوات)(1).

پاشان مامۆستا باسی ئەوە دەکات کە تاکەکانی مرۆڤ جیاوازن لە فەزڵ و پلەدا و، خوای گەورە هەندێکی بەسەر هەندێکدا پێش خستووە: ((بەروبوومەكانی ئەو درەختە و.. خۆری كۆشكی ئەم جیهانە و.. مانگی چواردە و ڕووناكی‏بەخشی ‏جیهانی ئیسلام و.. ڕێ‌‏ پیشاندەری خەڵكی بۆ لای دەســتەڵاتداریی پەروەردگارێتیی خـوای گەورە و.. دانای نهێنی‏ دەرخەر و شیكەرەوەی گشت نهێنی و مەتەڵەكانی بوونەوەران، تەنها سەروەرمان حەزرەتی محەممەدی ئەمینە () كە سەرجەمی پێغەمبەرانی لە ژێر باڵی پێغەمبەراتییەكەیدا و هەموو "جیهانی ئیسلامی"شی لە ژێر باڵی ئایینی ئیسـلامدا جەم كردووە و، بەم دوو باڵەوە بەناو چینەكانی "حەقیقەت"دا فڕیوە و، بووە بە ڕابەر و سەرقافڵەی كاروانی: هەموو پێغەمبەران و گشت ئەولیا و صیددیقان و سەرجەمی زانایانی لێكۆڵەر)(2)

ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە پێغەمبەر()، بە تەنها بەرامبەر کۆی پێغەمبەران و نێردراوانی پێش خۆیەتی, مه‌ولانا ده‌ڵێت: 

از دِرَم ها نام شاهان بر کَنَنْد  نامِ احمد تا ابد بر می زنند 

نامِ احمد نامِ جملە انبیاست  چون كە صد آمد، نود هم پیش ماست 

خواستی دووەم: پێناسەی گەردوون 

گەردوون لای مامۆستا نوورسى مزگەوتێکی گەورەیە "ئەوەتا سەرجەمی بوونەوەران لەم مزگەوتە مەزنەی گەردووندا ئایەتەکانی قورئانی پیرۆز دەخوێننەوە."(3) 

دەبینین بە هەمان شێوە پێناسەی دەکاتەوە کاتێك گلەیی لە دەروونی تەمەڵ دەکات: (ئەگەر دەتوانن مردن لەناوبەرن و بیكوژن.. یان ئەگەر شتێكتان لە لایە كە بتوانن بەهۆیەوە لەناوچوون و فەوتان لە جیهاندا هەڵبگرن.. ئەگەر دەرمانێكتان لە لا دەست‏ دەكەوێت كە بتوانن "بێ‌‏ دەستەڵا‏تی" و "هەژاری"ی مرۆڤی پێ‌ لەناو بەرن و، دەرگاكانی گۆڕستانیشی - بۆ هەتا هەتایی - پێ‌‏ دابخەن.. 

ئەگەر ئەم شتانەتان لەلا هەیە، فەرموون دەریان بخەن و پیشانی ئێمەشی بدەن. دەنا بێدەنگ بن و دەمتان دابخەن! 

چونكە ئەوەتا سەرجەمی بوونەوەران لەم مزگەوتە مەزنەی گەردووندا ئایەتەكانی قورئانی پیرۆز دەخوێننەوە.. دەبا ئێمەش گوێ‌یان لـێ‌ ڕابگرین و، دڵمان بە نووری ئەو قورئانە پیرۆزە ڕووناك بكەینەوە و، زمانیشمان بە یاد و خوێندنەوەی ئایەتەكانی پاراو بكەین)(4). " 

هەر بە هەمان شێوە کاتێك باسی مەلائیکەت و کار و فرمانیان دەکات لە گەردووندا و، دەڵێت: (دەبێ‌ ئەم فەرمانبەرییە نەبڕاوە و پەرستشە جۆراوجۆرانە پێویستیان بە چەندین "مەلائیكەت"‏ و "ڕۆحانی" ببێت تاكو بەڕێوەیان ببەن و ڕیز ڕیز ڕابووەستن بۆ ئەوەی ئەم مزگەوتە گەورەیەی جیهان‏ و گەردوون بە سوژدە‏ و پەرستشیان ئاوەدان بكەنەوە)(5).

ڕایەڵ و ڕشتەکانی نێوان مرۆڤ و گەردوون: 

جێی مشتومڕ نی یە کە مرۆڤ بوونەوەرێکی گۆشەگیر نی یە ته‌نیا بۆ خودی خۆی بژی. "لەبەر ئەوەی مرۆڤ چی یەتی یەکی گشتیی تێدا دانراوە، ئەوا لە چەندین ڕێگاوە و بە چەندەها جۆر پەیوەندیی لەگەڵ زۆربەی بوونەوەراندا هەیە."

(6) (گومانت لەوەشدا نییە كە ماددەیەكی ساكاری وشك و ڕەق نییت تاكو ئاڵوگۆڕت بەسەردا نەیەت. بەڵكو كارگەیەكی گەورەی ڕێكوپێكی ئەوتۆیت كە ئامێرەكانت هەردەم لە تازەبوونەوەدان و، وەك كۆشكێكی گەورەش وەهایت كە هەمیشە لایەنەكانی لە جموجووڵا‏ و گۆڕانكاریدان‏‏، چونكە خانەكانی جەستەت‏، بێ‌‏ هیچ وەستانێك، هەمیشە لە كار و كۆششدان و، بە چەندین پەیوەندیی جۆراوجۆر پەیوەستی "ڕواڵەتەكانی بوون"ن لەناو گەردوونی دەوروبەرتدا. كەواتە ئەو خانانەی جەستەت هەمیشـە لە بەخشـین و وەرگـرتنـدان لەگەڵا‏ بوونەوەراندا، بە تایبەتی لە لایەنەكانی: ڕۆزی و، مەسەلەی مانەوەی جۆر‏(نوع)ی مرۆڤەوە.. 

ئەوەتا ملیۆنەها خانەی كارگوزاری ناو جەستەت لە كار و ئەركی ئەستۆیان ڕاناوەستن و، سەرگەرمی پارێزگاریی بەردەوامبوونی كارلێكەكانی نێوان خۆیان و ئەو وردەكارییانەن كە لە نێوانیاندا هەیە‏‏‏‏‏ و، لە هەوڵی ئەوەدان كە هەرگیز پەیوەندییەكانی نێوان خۆیان و بوونەوەرانی دەوروبەریان نەبچڕێن)(7)

دەسا ئەی مرۆی عەوداڵی ڕاستەقینە! بۆ چەند ساتێك گوێ ڕادێرە بۆ مامۆستا نوورسی و، گەوهەر و مەرجان لە دەریای وتەکانی دەربهێنە. 

ڕشتەی یەکەم: پەرستنی خواى گه‌وره‌ (لە ڕووی تەسببیحات و کڕنوش بردنەوە)

ئاشکرایە کە قورئانی پیرۆز پێی ڕاگەیاندووین تەواوی گەردوون لە تەسبیحاتێکی بەردوامدایە بۆ بەدیهێنەری مەزنی خۆی. 

وەك دەفەرموێت: ﴿سَبَّحَ لِلَّهِ مَا فِي ٱلسَّمَٰوَٰتِ وَٱلۡأَرۡضِۖ وَهُوَ ٱلۡعَزِيزُ ٱلۡحَكِيمُ ١ (الحدید)

هەروەها ﴿تُسَبِّحُ لَهُ ٱلسَّمَٰوَٰتُ ٱلسَّبۡعُ وَٱلۡأَرۡضُ وَمَن فِيهِنَّۚ وَإِن مِّن شَيۡءٍ إِلَّا يُسَبِّحُ بِحَمۡدِهِۦ وَلَٰكِن لَّا تَفۡقَهُونَ تَسۡبِيحَهُمۡۚ إِنَّهُۥ كَانَ حَلِيمًا غَفُورٗا ٤٤ (الاسرا)

لەم گەردوونە فراوانەدا هیچ بوونەوەرێك نەماوە کە تەسبیحاتی خوا نەکات, تەنها تۆ نەبێت ئەی مرۆڤی هەژار، دەسا ﴿فَسَبِّحۡ بِحَمۡدِ رَبِّكَ وَكُن مِّنَ ٱلسَّٰجِدِينَ ٩٨ (الحجر)

(دەسا ئەی مرۆڤی بێ‌‏ئاگای هەژار! 

ئەی ئەو كەسەی وا گومان دەبات كە بەرەڵا و سەربەستە و هیچ پرسیار و وەڵامێكی لە ڕێدا نییە‏‏! 

ئەی ئەو كەسەی نوقمی سپڵەیی و پێ‌‏نەزانی بووە‏‏! 

خواوەندی خاوەنی جوانی و دەست‏ ڕەنگین، بەم هەموو زمانە لەژمارەبەدەرانە، خۆی بە تۆ دەناسێنێت و خۆی لای تۆ خۆشەویست دەكات.. 

خۆ ئەگەر دەتەوێت لەو پێناساندنە خۆت بدزیتەوە، ئەوا دەبێ‌ ئەو هەموو دەمانە ببەستیت و، ئەو گشت زمانانە بێ‌‏ دەنگ بكەیت! دیارە ئەمەشت هەرگیزاو هەرگیز لە توانادا نییە‏! 

مادەم هەرگیز ناكرێت ئەو زمانانەی كە بەو جۆرە "یەكتایی" خواوەند ڕادەگەیەنن، بێ‌‏ دەنگ بكرێن، ئەوا چار نییە دەبێ‌ تۆ بێ‌‏ دەنگ ببیت و گوێ‌ لەوان ڕابگریت! 

دەنا تەنها بە گوێ‌‏‏‏‏ ئاخنین، بە پەنجەی بێ‌‏ئاگایی، ڕزگار نابیت‏‏. چونكە بەم كردارەت تەنها گوێی خۆت دەئاخنیت و گەردوونت پێ‌ بێ‌‏دەنگ ناكرێت. ئەوەتا سەرانسەری گەردوون و تێكڕای بوونەوەران "یەكتایی" خواوەند ڕادەگەیەنن‏‏‏. خۆ بەڵگەكانی "یەكتایی" خوا و زایەڵەی دەنگی ئەم بەڵگانەش‏‏، چەند شایەتێكی ڕاست‏ و دادگەر و بەردەوام و لەبن‏ نەهاتوون، دوا‏‏ئەنجام‏ بە سەرتدا سەردەكەون و تاوانبارت دەكەن‏‏‏)(8)

(كتێبی مەزن و گەورەی ئەم گەردوونەش وایە، كە تەنها لە یەك لاپەڕەی‏دا - كە گۆی زەوییە - و لە یەك مەلزەمەی‏دا - كە وەرزی بەهارە - سێ‌‏سەد هەزار كتێبی جیاجیا، كە ڕووەك و زینـدەوەرانن، دەنووسـرێن و، هـەریەكـەیان وەك كتێبێك وان. هەموو ئـەمـانەش پێكەوە و بە بێ‌ تێكەڵبوون و هەڵە و لەبیرچوونەوە و بەوپەڕی ڕێكوپێكییەوە، دەنووسرێن. تەنانەت لە تەنها وشەیەكی‏دا (وەك درەخت) پارچە شیعرێكی تەواوەتی و، لە یەك دانە نوختەی‏دا (وەك تۆو) پێڕستی كتێبێكی سەربەخۆ دەنووسرێت. 

جا هەروەك ئەمە شتێكە لەبەرچاوماندایە و بێ‌ هیچ گومانێك پیشانمان دەدات كە لە پشتی ئەم نووسینانەوە قەڵەمێكی كارامە هەیە دەیاننووسێت.. ئەوا دەتوانن بۆ خۆتان ئەوە لێك‏ بدەنەوە كە ئایا مەودای بەڵگەی كتێبی گەورە و مەزنی گەردوون، كە لە هەموو وشەیەكی‏دا چەندین واتا و دانایی تێدایە و.. مەودای بەڵگەی ئەم قورئانە گەورە بەرجەستەیە - كە جیهانە - بزانن چەندەیە و چۆن دەبێت بە بەڵگە لەسەر خواوەندی نووسەری خۆی، هەروەك ئەو كتێبەی لە نموونەكەدا باس‏ كرا، بوو بە بەڵگە لەسەر نووسەرەكەی.. 

ئەمەش بەپێی داخوازیی (زانستی حیكمەتی شتان) و (هونەری خوێندنەوە و نووسین) كە دەیانخوێنن و، بە تەرازوویەكی گەورەتر و ڕوانینێكی فراوانتر بۆ ئەم كتێبە گەورەیەی گەردوون، دەردەكەوێت. تەنانەت ئەو كاتە تێ‌‏دەگەن كە چۆن ئەم كتێبە گەورەیەی گەردوون بە "الله أكبر"كردن خوای بەدیهێنەری خۆی دەناسێنێت و، بە "سبحان الله" تەقدیسی ئەو خوایەمان فێر دەكات و، بە سوپاسگوزاریی: "الحمد لله"ش ئەو خواوەندەمان لە لا خۆشەویست دەكات)(9).

(ئەو زیندەوەرە ئاژەڵانەی كە لە كۆشكی گەردووندا خزمەت دەكەن، بە تەواوی فەرمانە تەكوینییەكان ڕادەپەڕێنن و بە ناوی خوای گەورەوە ئامانجەكانی ناو سروشتیان بە جوانترین شـێوە دەردەخـەن. كەواتە "تەسـبیحات"‏ی ئەوان بریتییە لە: ئەنجامدانی ئەركەكانی ژیانیان - بە هێز و توانای خوای گەورە - لە ناوازەترین شێوەدا و، ماندووبوونیان لە كارەكانیاندا.. "پەرستشەكان"‏یشیان بریتین لەو دیاری و سڵاوانەی كە پێشكەشی بەدیهێنەری مەزن و بەخشندەی "ژیان"‏ی دەكەن)(10).

(گەورەترین و، بەڕێزترین و، ڕووناكترین و، مەزنترین و، دەنگ‏ بەرزترین و، خاوەنی جوانترین سیفەت‏ و تەواوترین زیكر و گشتی‏ترین شوكرانە‏ و تەواوترین ماهییەت‏‏ و، شێوە‏ جوانترینی هەموو بولبولەكان، تەنها ئەو بولبولەیە كە بە خوێندن و جریوە ناسك و لاڵانەوە بەلەزەت و تەســبیحاتە بەرز و بڵندەكانی، تاســە و جــەزبە و ئەوینی لە زەوی‏ و ئاسمانە بەرزەكان و لە باخچەی ئەم گەردوونە مەزنەدا هەژاندووە.. كە بولبولی مەزنی ڕەگەزی مرۆڤە لە باخچەی بوونەوەراندا و بولبولی قورئانە بۆ گرۆی ئادەمیزاد، كە: حەزرەتی محەممەدی ئەمینە‏!! علیه وعلی ێ‌له وأمپاله أفچل الصلوات وأجمل التسلیمات)(11)

پاشان ئەگەر مرۆڤی موسڵمان بە دڵێکی خاوێنەوە ڕوو بکاتە پەروەردگاری و، بە زمانی گوفتار و کردار تەسبیحاتی بکات، ئەوا سەرجەمی توخمەکانی گەردوون، لەم هەڵبەستە قودسییەیدا بەشداری لەگەڵدا دەکەن. هەروەکو لەگەڵ پێغەمبەر داووددا – سەلامی خوای لەسەر بێت – ئەنجامیان دا. خوای گەورە دەفەرموێت: ﴿إِنَّا سَخَّرۡنَا ٱلۡجِبَالَ مَعَهُۥ يُسَبِّحۡنَ بِٱلۡعَشِيِّ وَٱلۡإِشۡرَاقِ ١٨ (ص). هەروەها ﴿۞ وَلَقَدۡ ءَاتَيۡنَا دَاوُۥدَ مِنَّا فَضۡلٗاۖ يَٰجِبَالُ أَوِّبِي مَعَهُۥ وَٱلطَّيۡرَۖ وَأَلَنَّا لَهُ ٱلۡحَدِيدَ ١٠ (سبإ)

پاشان دەبینین مامۆستا نوورسی سەرنجی ئێمە و قوتابی یانیشی ڕادەكێشیت بۆ ئەو دەرختی په‌ڵكه‌ سێ لقییه‌ی کە لەبەردەمی ژوورەکەیدا بوو، جا (ئەم درەختی پەڵكە سێ‌ پەلەی بەردەم ژوورەكەمان نوێنەری "وشە"‏یەكی مەزنە كە "زمان"‏ی ئەم شاخەی ناو دەمی "بارلا" دەری‏ دەبڕێت. فەرموو سەیری بكە، ئایا نابینیت هەریەك لەو سێ‌ سەرەی ئەم درەختە سەدەها پەل(زمان)یان هاویشتووە و هەریەك لەو زمانانەش سەدان بەری هاوسەنگ و ڕێكو‏پێكی "وشە"‏یان گرتووە و، هەریەك لەو بەروبوومانەش سەدان تۆوی بچووك و باڵداری "پیت"‏یان تێدایە؟! 

ئایا هەریەك لەم سەر و زمانانە بە گوفتارێكی ڕوون و ستایشێكی ئاشكرا و ڕەوان، كە دەڵێی بە‏ چاو دەیبینیت و بە‏ گوێ‌ دەیبیستیت، تەسبیحات بۆ ئەو خواوەندە ناكات كە خاوەنی هەموو موڵكێكە و دارای فەرمانی: "كن فیكون"‏ە؟!)(12)

(ئەم ئایەتە پیرۆزانەی كە موعجیزاتی حەزرەتی داوود - دروودی لەسەر بێت - باس دەكەن، بەڵگەن لەســـەر ئەوەی كــە خوای گەورە هێندە هێزی مەزن و دەنگ‏ و ئاوازی خۆش‏ و جوانی بە زیكر و تەسبیحاتی حەزرەتی داوود - دروودی لەسەر بێت - بەخشیبوو كە تەنانەت چیاكانیشی دەهێنایە حاڵ و جەزبەی شەوق و تاسەمەندی، بە ڕادەیەك كە دەتوت چیاكان گرامافۆنێكی گەورەن و زایەڵەی زیكر و تەسبیحاتی ئەو دەڵێنەوە، یاخود دەتوت مرۆڤێكی گەورەن لەناو ئەڵقەی زیكرێكدا كە لە دوای سەرگەورەی ئەو ئەڵقەیەوە زیكرەكان دووپات دەكەنەوە! 

- ئایا ئەمە حەقیقەتە؟ یان ئایا دەگونجێ‌ شتی وا لە ڕاستیدا ڕوو بدات؟! 

- بەڵێ‌، ڕاستییەكی بێ‌گومانە. چونكە ئایا ناگونجێ‌ كە هەر چیایەك ئەشكەوتی تێدا بێت لەگەڵا هەموو مرۆڤێكدا بە زمانی ئەو مرۆڤە بدوێ‌ و بە چەشنی "تووتی" گوفتارەكانی ئەو كەسە دووپات بكاتەوە؟ خۆ ئەگەر لە بەردەم هەر شاخێكدا وتت: "الحمد لله" ئەویش لە ڕێی زایەڵە و دەنگدانەوەی دەنگەكەی تۆوە دەڵێت: "الحمد لله".. 

جا مادەم خوای گەورە ئەم توانا و لێهاتنەی بە چیاكان بەخشیبێت، ئەوا دەكرێت ئەو توانا و لێهاتنە پتر دەربخرێت و بكەوێتە ڕوو)(13)

پاشان تەسبیحاتی ڕاستەقینە وتنەوەی وشە نییە تەنها بە زمان، بەڵکو دەبێت بە زمان و، ئەندامەکانی جەستە و، گیانی تەسبیحات بکات. هه‌روه‌ها مەرج نی یە هەر کەس تەسبیحاتی کرد بە دەم ئەوە بە ڕاستی موسڵمانی پاك بێت، زۆر کەس هەن کە بە دەم زیکر دەکەن و کرداریان هی کافرانە. 

هەروەکو ئیبن وەردی دەڵێت: 

قــــد عجبنا لامیر .... ‌ظلم الناس و سبح 

فهو کالجزار فیهم .... یذکر الله و یذبح

Farman Uthman Shareef ماستەر لە مایکرۆبایۆلۆجی