پێغەمبەرێك ترسى نەبێت بەدرۆ بكەوێتەوە

ڕاست و درووستی بانگەشەی پێغەمبەر (ﷺ)

پێغەمبەرێك ترسى نەبێت بەدرۆ بكەوێتەوە

ن: مامۆستا نیهاد جه‌لال



مرۆڤێك ئەگەر لە گوفتار و پەياميدا ڕاستگۆ نەبێت، هەردەم ترسى ئەوەى هەيە ڕۆژێك لە ڕۆژان لەنێو خەڵكدا بەدرۆ بكەوێتەوە، بەتايبەت كه ئەگەر ئەو كەسە بانگەشەيەكى گەورەى كردبێت، وەك بانگەشەى ڕاستگۆيى و پێغەمبەرايەتی.
ئه‌گه‌ر موحەممەدى كوڕى عەبدوڵڵا () ، لە پێغەمبەرايەتيدا ڕاستگۆ نەبووايە و بانگەشەكەى بۆ بەرژەوەندييەكى تايبەت بووايە، ده‌بوو خۆى لە زۆر دەق و گوفتار بپاراستايە كە دەكرا هەر كام لەوانە ببن بە چەكێك بە دەست نەيارەكانيەوە و بە خودى گوفتارەكانى خۆی بەدرۆى بخەنەوە و، بەمەش دەستى پەنهانى پشت بانگەشەكەى ئاشكرا ببووايە.
بەڵام پێغەمبەرى خودا ()  لەبەر ئەوەى دڵنيا بوو پەيامەكەى لاى خوداوەيە و، دوور بوو لەوەى درۆ بەدەم خەڵكيشەوە بكات، چ جاى ئەوەى بەدەم خوداوە، بۆیه‌ هيچ ترسى نەبوو لە وتنى ئەو شتانەى كە لاى خەڵكيش نامۆ بوون، يان دەكرا وەك چەكێك دژ بە ڕاستگۆيى و پێغەمبەرايەتيیەكەى بەكار بهێنرێن، هەتا لە داهاتوودا بوونە پشتيوانێك بۆ بانگەوازەكەى.
پێغەمبەرى خودا ()  لە ماوەى پێغەمبەرايەتيیەكەيدا ئاماژەى بە كۆمەڵێك ڕووداو كرد، كە هيچ مرۆڤێك لەو سەردەمەدا نەيدەتوانى پەى بەو ڕاستييانە ببات، تەنانەت هەندێ جار لەلايەن ئەو كەسانەى كه‌ باوەڕيان پێ نەهێنابوو، لەسەر وتنى ئەو ڕاستييانە گومان دەخرايە سەر ڕاستگۆييەكەى. بۆ نموونە:
پێغەمبەرى خودا چەندين جار لە شوێنى خۆيەوە چەشنى پەخشى ڕاستەوخۆى ئەمڕۆ، هەواڵى سەبارەت بە ڕووداوگەلێك دەدا لە دەرەوەى سنوورى ناوچەى خۆى، لە كات و شوێنی دیاریكراودا، دواتريش وا دەردەچوو. نموونەى ئەمانەش بە سێ ڕووداو دەخەينە ڕوو:

  • كاتێك نەججاشى لە حەبەشە وەفاتى كرد، پێغەمبەرى خودا لە مەدينە هەواڵى مەرگى نەججاشیى دا و نوێژى ئامادەنەبوونيشى لەسەر كرد(١).

  • كاتێك دوو نێردراوى فارسەكان لاى پێغەمبەرى خودا بوون، پێغەمبەرى خودا هەواڵى پێ دان كە لە فڵانە مانگ و ڕۆژ و كاتدا كيسرا كوژراوە(٢).

  • كاتێك لە موئتە هەر يەك لە زەيد و جەعفەر و عەبدوڵڵاى كوڕى ڕەواحە شەهيد بوون، پێغەمبەرى خودا لە مەدينەوە كات و شێوازى شەهيدبوونى هەرسێكيانى بە هاوەڵان گەياند.

هاوكات پێغەمبەرى خودا سەبارەت بە هەندێ مەسەلە وردەكاريى دەدا كە هێشتا ڕوويان نەدابوو، دەكرا سەرنەگرتنى تەنها دانەيەك لەو ڕووداوانە، بەدرۆخستنەوەى پێغەمبەرى خوداى لێ بكەوێتەوە. بۆ نموونە:

  • ڕووداوى سەركەوتنى فارسەكان بەسەر ڕۆمەكاندا، كە ئيتر وا تەماشا دەكرا ڕۆم جارێكى تر ناكەونەوە سەر پێ، كەچى پێغەمبەرى خودا بێ دوودڵى هەواڵى ئەوەى دا ناگاتە نۆ ساڵى تر، ڕۆمەكان سەر دەكەون بەسەر فارسەكاندا، هەمان شتيش ڕووی دا(٣).

  • پێش ئەوەى جەنگى بەدر دەست پێ بكات، هاوەڵانى دەگێڕا بەو شوێنەدا كە بڕيارە جەنگى بەدر تيايدا ڕوو بدات و شوێنى كوژرانى هەريەك لە سەرانى قوڕەيشى پێ نيشان دەدان و، دەيفەرموو بە ويستى خودا ئەمە شوێنى لەناوچوونى فڵانە كەسە(٤).

  • لە غەزاى خەندەقدا بە هاوەڵانى فەرموو: لەمەودوا ئێمە هێرش دەكەينە سەريان و ئيتر ئەوان هێرش ناكەنە سەرمان. خۆ دەكرا تەنها يەك جارى تر هێرشى قوڕەيشيیەكان بۆ سەر مەدينە، بەدرۆخستنەوەى پێغەمبەرى خوداى لێ بكەوتايەتەوە و، به‌وه‌ش زۆرينەى هاوەڵانى پاشگەز ببوونايەتەوە(٥).

هەروەها پێغەمبەرى خودا ()  هەواڵى دەدا بە هەندێك ڕووداو كە لەدواى خۆى ڕوو دەدەن، هەندێكيان ماوەيەكى كەم پاش وەفاتى خۆى ڕوويان دا، نموونەى ئەوانەش:
هەواڵى دا كە لەدواى خۆى كەسانى درۆزن بانگەشەى پێغەمبەرايەتى دەكەن، ئەوە بوو پاش وەفاتى خۆى، ڕاستەوخۆ ڕووی دا.
هەواڵى دا كە لەناو خزم و كەسى خۆيدا، يەكەم كەس دەمرێت و پێى دەگاتەوە؛ فاتيمەيە، لە كاتێكدا فاتيمە لەوپەڕى تەمەنى گەنجيدا بوو. ئەوە بوو شەش مانگ دواى وەفاتى خۆى، فاتيمەش وەفاتى كرد(٦).
هەواڵى دا بە مسوڵمانان كە هەريەك لە ناوچەكانى (حيرە و بەيتولمەدقيس و شام و ميسر) فەتح دەكەن و دەست دەگرن بەسەر دەسەڵات و سامانى كيسرادا. هەموو ئەمانەش لە ماوەى كەمتر لە دوو دەيە دواى وەفاتى خۆى ڕوويان دا. 
هەندێك لەو هەواڵانەش چەند سەدەيەك دواى خۆى ڕوويان دا، نموونەى ئەمانەش:
ئاماژەى بەوە دا كە لە خاكى حيجار ئاگرێك دەردەچێت، گەردنى وشترەكان لە بوسڕا ڕووناك دەكاتەوە(٧)، ئەمەش پاش زياتر لە شەش سەدە و لە ساڵى ٦٥٤ ى كۆچى ڕووی دا.
ئاماژەى دا بە فەتحى قوستەنتينيە لەسەر دەستى موسڵمانان(٨)، ئەم ڕووداوەش لە سەردەمى عوسمانیيەكان و لەسەر دەستى سوڵتان موحەممەدى فاتيح ڕووی دا.
سەربارى ئەمانەش، پێغەمبەرى خودا ()  ئاماژەى بە بڕێك ڕووداو داوە كە تا ئەمڕۆش ڕوويان نەداوە و لە داهاتوودا ڕوو دەدەن، دەكرێت نەوەكانى داهاتوو ڕوودانى ئەو موعجيزانە ببينن، بۆ ئەوەى لە هەر سەردەمێكدا بەڵگەيەكى ڕاستيى پێغەمبەرايەتيى پێغەمبەرى خودا هەبێت.



پەراوێزەکان: 

١- رواه البخاري، الرقم ١٢٤٥. 

٢- دلائل النبوية للأصبهاني، الرقم ٢٣٧. 

٣- رواه الترمذي و قال حسن صحيح غريب. 

٤- رواه مسلم. 

٥- رواه البخاري، الرقم ٤١٠٩. 

٦- رواه البخاري، الرقم ٣٦٢٣. 

٧- رواه البخاري، الرقم ٧١١٨. 

٨- رواه أحمد، الرقم ١٩١٩٤.