نەیزەکەکان لە قورئانی پیرۆزدا

ئه‌ڵقه‌ی یه‌كه‌م: نەیزەکەکان لە قورئانی پیرۆزدا

نەیزەکەکان لە قورئانی پیرۆزدا

ئا: ئه‌ندازیار خاليد حه‌سه‌ن عه‌لى

khalidbarznjy@gmail.com

 

ئەم بابەتە بریتییە لە به‌شی یه‌كه‌می توێژینەوەیەكی زانستیی توێژەر ئه‌ندازیار خالید حه‌سه‌ن عه‌لی؛ تو‌ێژەر له بوارى ئيعجازى زانستيدا كە لە كۆنفراسی هاوبەشی نێوان كۆلێژی زانستە ئیسلامییەكان، زانكۆی سەلاحەدین و ناوەندی كوردستان بۆ ئیعجازی زانستی لە قورئان و سوننەتدا، ڕۆژی ٢٠١٩/١٠/١٥ لە سەنتەری ڕۆشنبیریی زانكۆی سەلاحەدین پێشكەش كرا.

 

لە قورئانی پیرۆزدا زۆر بەوردی نەیزەک و ئەو ڕووداوانەی لەگەڵیدا ڕوو دەدەن، باس کراوە. لە چوار ئايه‌تی پیرۆزيشدا وشەی "کِسَف" بۆ نەیزەک بەکار هاتووە، کە له‌ زمانی عه‌ره‌بیدا بە واتای پارچەی شتێک کە لێ کرابێتەوە؛ دێت(1)، لە زانستیشدا نەیزەکەکان ئەو پارچانەن كه لە هەسارۆکەکانی ئاسمان دەبنەوە.

 

قورئانی پیرۆز لە باسی لەناوبردنی هەندێک گەلانی پێشوودا، وەک مەدیەن (گەلی پێغەمبەر شوعەیب علیه السلام) و گەلی سەموود و گەلی پێغەمبەر لووط (علیه السلام) ده‌فه‌رمووێت به "صَیْحة" و "صاعِقة" لەناو چوون کە بە واتای دەنگ و ناڵەیەکی زۆر بەرز دێن، به‌ نموونه‌ له‌ باره‌ی "گەلی پێغەمبەر شوعەیب"ه‌وه‌ ده‌فه‌رمووێت: ﴿... وَأَخَذَتِ الَّذِينَ ظَلَمُوا الصَّيْحَةُ فَأَصْبَحُوا فِي دِيَارِهِمْ جَاثِمِينَ﴾ (هود: ٩٤). هه‌روه‌ها له ‌باره‌ی گه‌لی سه‌موودەوه‌ ده‌فه‌رمووێت: ﴿وَأَخَذَ الَّذِينَ ظَلَمُوا الصَّيْحَةُ فَأَصْبَحُوا فِي دِيَارِهِمْ جَاثِمِينَ﴾ (هود: ٦٧)، وه‌ ده‌فه‌رمووێت: ﴿... فَأَخَذَتْهُمْ صَاعِقَةُ الْعَذَابِ الْهُونِ بِمَا كَانُوا يَكْسِبُونَ﴾ (فصلت: ١٧). هه‌روه‌ها له ‌باره‌ی گەلی پێغەمبەر لووط ده‌فه‌رمووێت: ﴿فَأَخَذَتْهُمُ الصَّيْحَةُ مُشْرِقِينَ (الحجر: ٧٣).  

ئەم توێژینەوەیەشمان تيشكێك ده‌خاته‌ سه‌ر ئه‌و ده‌نگانه‌ و ده‌ریده‌خات كه‌ سه‌رچاوه‌كه‌یان نه‌یزه‌ك بووه‌، هه‌ر چه‌نده‌ زۆرینەی ڕاڤەکارانی قورئانی پیرۆز به دەنگێکی نادیار لە ئاسمانەوە ڕاڤه‌یان كردووه. 

نەیزەکەکان کاتێک دەگەنە بەرگەهەوا، لە چینی میزۆسفیردا دەسووتێن، بەڵام هەندێکیان بەتەواوی ناسووتێن و دەگەنە چینی سترانۆسفیری نزمتر کە لە بەرزيی (٥٠ بۆ ١٠کم)دایە، بە هۆی زیادبوونی چڕيی هەواش لەم چینەدا، لێخشاندن لەنێوان هەوا و بۆشاییەکانی ناوەوەی نەیزەکەکەدا زیاد دەبێت و ده‌بێته‌ هۆی سووتاندن و تەقاندنەوە و پارچەپارچەبوونی نەیزەکەکە، له‌ ئه‌نجامدا دەنگێکی گەورەی لێ په‌یدا ده‌بێت کە بەپێی پێکهاتە و خێرایی و گەورەیی و نزیکییەکەی لە زەوییەوە دەگۆڕێت. 

ئەو نەیزەکانەی کە لە مێژووی نزیکماندا لە چینی سترانۆسفیردا تەقیونەتەوە و دەنگی گەورەیان دروست کردووە و تۆمار كراون، ئه‌مانه‌ن: 

١. ١٩٩٣/١/١٩ لە ناوچەی لوگۆ لە باکووری خۆرئاوای ئیسپانیا، نەیزەکێک بە خێرایی ٢٦کم لە چرکەیەکدا لە بەرزیی ٣٠کم، بە هێزی ١٠٠٠٠ تەن تی ئێن تی تەقییەوە(2)

٢. ١٩٩٤/٢/١ لە ئۆقیانووسی هێمن، نزیک دوورگەی مارشال، لەنێوان هاوای و فلیپین، نەیزەکێک بە تیرەی ٥ بۆ ٩م  لە بەرزیی ٣٤کم و لە بەرزیی ٢١ کم بە هێزی ١١٠٠٠ تەن تی ئێن تی بە لارەگۆشەی ٤٥ پلە تەقییەوە(3) (تاگلیفێرلی، توێژەری تر، ١٩٩٥، لا ٥٦٣ بۆ ٥٧٢). 

٣. ٢٠٠٢/٦/٦ نەیزەکێک لە دەریای ناوەڕاست٢٣٠کم لە باکووری خۆرهەڵاتی بەنغازی/لیبیا، بە هێزی ١٢٠٠٠ بۆ ٢٦٠٠٠ تەن تەقییەوە، واتە نزیكه‌ی دوو هێندەی تەقینەوەی بۆمبەکەی هێرۆشیما. 

٤. ٢٠٠٤/١١/٣ نەیزەکێک بە تیرەی ٧ بۆ ١٠ م لە بەرزیی ٢٨ بۆ ٣٠کم  لە ناوچەی ئۆقیانووسی بەستووی باشوور لە باکووری کوین مود لاند تەقییەوە، هێزی تەقینەوەکەی بە ئەندازەی ١٢٠٠٠ تەن تی ئێن تی بوو(4) (گۆڤاری ئوستورالی ئەنتارکتیکا، ٢٠٠٥). 

٥. کاتژمێر ٦ی پاش نیوه‌ڕی ٢٠١٨/١٢/١٨ گۆیەکی گەورە لە دەریای بێرینگ، نزیک کامچاتکای ڕووسیا، نەیزەکێک بە خێرایی ٣٢کم لە چرکەیەکدا بە لارەگۆشەی ٧ پلە هاتە خوارەوە، هەتا لە بەرزیی ٢٥.٦کم تەقییەوە. بەپێی ئاژانسی ناسا هێزی تەقینەوەکە بە ئەندازەی ١٧٣کیلۆ تەن تی ئێن تی بووە، واتە ١٣ ئەوەندەی تەقینەوەکەی بۆمبی هێرۆشیما بوو، بەڵام لەبەر ئەوەی لەسەر دەریا و دوور لە شوێنی نیشتەجێبوون بوو، هەواڵەکان زۆر گرنگییان پێ نەدا(5) (کەناڵی بی بی سی بەریتانی، ٢٠١٩). 

٦. ٨/١٢/١٩٣٢ کاتژمێر ١١ی شەو، گۆیەکی گەورەی ئاگرین لەلایەن خەڵکی "Arroyomolinos de León"ەوە بینرا کە گوندێکە دەکەوێتە باشووری خۆرئاوای ئیسپانیا، چەند شایەتحاڵێک لە گوندەکە دەڵێن: "بە نزیکی و بە ستوونی بە ئاڕاستەی گوندەکە هاتە خوارەوە و پاش ماوەیەک لە هەوادا تەقییەوە و دەنگێکی دروست کرد گوێیەکانی کپ دەکرد". لەگەڵ ئەوەی چەندین زیانی بە ته‌لار و خانووه‌کان گەیاند، بەڵام هیچ پارچەیەکی نەکەوتە خوارەوە و هیچ چاڵێکیشی دروست نەکرد. زانایان دەڵێن تەقینەوەکە هێندەی تەقینەوەی ١٩٠ تەن تی ئێن تی بووە و لە بەرزیی ١٥.٧کم تەقیوەتەوە(6) (مادیدۆ، ترینگۆ، ٢٠١١). 

٧. ٣/٨/١٩٦٣ لە خۆرئاوای دوورگەی شازادە ئیدوارد لە زەریای هیندی، باشووری ئەفەریقا (Prince Edward Islands). نەیزەکێک بە هێزی ١١٠٠ تەن تی ئێن تی، واتە ٧٥ ئەوەندەی بۆمبەکەی هێرۆشیما تەقییەوە(7) (ئیدواردس وتوێژەری تر، ٢٠٠٦، لا ١١٣٦ بۆ ١١٦٠).  

٨. نەیزەکی چیلیینسک  Chelyabinskلە ڕووسیا:  

بەرەبەیانی ٢٠١٣/٢/١٥، لەم ناوچەیه‌ نەیزەکێک لە ئاسماندا بینرا کە تیرەکەی ١٧ بۆ ٢٠کم دەبوو، بە خێرایی ٦٥٠٠٠کم لە کاتژێرێکدا هاتە خوارەوە، بەشی زۆری سووتا و کەمێکی کەوتە سەر زەوی، هەتا دواتر بەردەکە بە وزەیەک هێندەی تەقینەوەی ٥٠٠ تەن ماددەی تی ئێن تی لە بەرزیی ٢٠ بۆ ٢٥کم تەقییەوە(8) (میلۆش، تەبێتە، ٢٠١٧)، دەنگێکی هێندە بەهێزی دروست کرد شووشەی پەنجەرەکانی شکاند و لەرزەیەکی دروست کرد و نزیکەی ١٠٠٠ کەس بە شووشە و دەنگەکەی بریندار بوون و داوای یارمەتیی تەندروستییان کرد(9) (کارتاشۆڤا و توێژەری تر، ٢٠١٨، لا ١٠٧-١١٤)، پاشان بووە وردەبەرد و چەندین پارچەی کەوتە سەر زەوی. دواتر هەواڵەکان ڕایانگەیاند کە ئەم ڕووداوە بەردێکی نەیزەکیی بووە و ئەو هەورەی دروست کردووە(10,11) (میلەر و چەند توێژەرێکی تر، ٢٠١٣، لا ١٨٠٩٢-١٨٠٩٧) (پۆپۆڤا، ٢٠١٣، لا ١٠٦٩ -١٠٧٣). 

٩. نەیزەکی سیخۆت ئەلین Sikhote-Alin 

کاتژمێر ١٠:٣٠ خولەکی ڕۆژی ١٢ی شوباتی ساڵی ١٩٤٧ز، چەند شایەتحاڵێک لە چیای سیخۆت ئەلینی ڕووسیا ڕووناکییەکی گەورەتر لە خۆر لە باکوورەوە بە لارەگۆشەی ٤١ پلە بە هۆی کەوتنەخوارەوەی نەیزەکێکەوە بینی، فلاشی بریسکانەوەکەی و دەنگەکەی لە دووریی ٣٠٠کم ەوە بیسترا، ڕێڕەوه‌که‌ی دووکەڵە هەورێکی بە درێژی ٣٢کم بەدوای خۆیدا بۆ چەندین کاتژمێر بەجێ هێشت، کاتێک نەیزەکەکە بە خێرایی ١٤کم لە چرکەیەکدا هاتە بەرگەهەواوە لە بەرزیی ٥.٦کم و بە هێزی ١٠ تەن کیلۆ تی ئێن تی تەقییەوە و پارچە وردەکانی کەوتنە سەر زەوی(12) (کرینۆڤ، ١٩٦٩، لا١٢٨).  

دوای ١٠ ساڵ یەکێتیی سۆڤێت ئاهەنگێکی بە بۆنەی یادی کەوتنەخوارەوەی ئەو نەیزەکە ئەنجام دا(13) (بێرن، فیلیپس، ٢٠٠٠). لە دەهەمین ساڵیادەکەدا کۆپیی ئەو وێنەیەیان کردەوە کە وێنەکێشی سۆڤێتی میدفیدیف وێنەی نەیزەکەکەی کێشا، ئەویش کاتێک لەبەردەم پەنجەرەکەیدا دانیشتبوو، لەپڕ نەیزەکە ئاگراوییەکەی لێ دەرکەوت و بەخێرایی وێنەی کێشا(14)

وێنەکەی هونەرمەند میدفیدیف لە دەهەمین ساڵیادی نەیزەکەکەی ساڵی ١٩٤٧  کرا بە پوولی پۆستی وڵاته‌كه‌یان.

ئەم نەیزەکە پێش ئەوەی بێتە بەرگەهەواوە، مەزەندە دەکرێت بارستاییەکەی ٩٠ تەن بووبێت(15) (نۆرتۆن و توێژەری تر، ٢٠٠٨، لا ٤٧)، بەڵام کاتێک هاتە بەرگەهەواوە؛ بارستاییەکەی بوو بە ٢٣ تەن، دوای تەقینەوەکە چەندین پارچەی کەوتە سەر ڕووبەری ١.٣کم دووجا زەوی و چەندین چاڵی دروست کرد کە گەورەترین چاڵ نزیکەی ٢٦م بە پانیی ٦م بوو(16).



وێنەی ڕوونکراوەیی تەقینەوە و لەتبوونی بەردی نەیزەکی سیخۆت ئەلین، وێنه‌كه‌ قۆناغ بە قۆناغ و کەوتنەخوارەوەی بەردەکان و دروستکردنی چاڵ لە زەویدا نیشان دەدات(17).

 

پارچەیەک لە نەیزەکی ئاسنینی سیخۆت ئەلینی، ١٩٤٧



کەواتە لەم نموونانەوە تێدەگەین کە تەقینەوەی نەیزەک چ دەنگێکی گەورە و سامناک دروست دەکات.

با لێرەدا بەڵگەیەکی تر بهێنینەوە لەسەر ئەوەی کە ئەو "صَیْحة"یەی لە قورئانی پیرۆزدا باس کراوە؛ بە هۆی نەیزەکەوە بووە، چونكه‌ گەلی پێغەمبەر شوعەیب (علیه السلام) پێش ئەوەی سزای "صَیْحة"ەکەیان بۆ بێت، وتیان: ﴿فَأَسْقِطْ عَلَيْنَا كِسَفًا مِّنَ السَّمَاءِ إِن كُنتَ مِنَ الصَّادِقِينَ (الشعراء: ١٨٧)، واتە: "ئەگەر تۆ لە ڕاستگۆیانیت، دە پارچەیەک لە ئاسمان بخەرە خوارەوە بەسەرماندا." هەموو زانایانی تەفسیریش دەڵێن پەروەردگار هەروەک پێشنیارەکەی خۆیان سزاکەی بۆ ناردن(18,19,20). کە دیارە ئەوەیش نەیزەکە، بەڵام لێرەدا شتێکی سەرسوڕهێن هەیە کە لە ئایەتی دواتردا باسی جۆری سزاکە دەکات بە شتێکی تر و دەفەرمووێت: ﴿فَكَذَّبُوهُ فَأَخَذَهُمْ عَذَابُ يَوْمِ الظُّلَّةِ ۚ إِنَّهُ كَانَ عَذَابَ يَوْمٍ عَظِيمٍ (الشعراء: ١٨٩)، واتە: "سه‌ره‌نجام قه‌ومه‌كه‌ی بڕوایان به‌ شوعه‌یب نه‌کرد، ئیتر سزای هه‌ور که‌ له‌ ژێریدا ئاگرباران کران؛ دایگرتن، به‌ڕاستی ئەوە سزای ڕۆژێکی  سه‌خت بوو."  

لێرەدا دەفەرمووێت: دووچاری سزای [الظُّلَّةِ] بوون، کە بە واتای هەورێک دێت پزیسکی ئاگر و بڵێسە بهاوێژێت(21).     

لێرەدا دەپرسین: ئایا کەوتنی نەیزەک ئەو هەورە دروست دەکات کە پزیسکی ئاگر ببارێنێت؟ لە وەڵامدا دەڵێین: بەڵێ، چونکە ڕاستییەکی زانستیی هەیە کە دەڵێت لە کاتی كه‌وتنەخوارەوەی نەیزەکدا بە هۆی لێکخشانی توندی نەیزەکەکە و تەنۆڵکەکەنی هەوا، دووکەڵە هەورێک لە ئاسماندا دروست دەکات کە بەپێی گەورەیی و خێرایی و جۆری بەردەکە دەگۆڕێت، پاشان هەموو نەیزەکەکان لە چینی سترانۆسفیردا دەتەقنەوە و پارچەپارچە دەبن و بەو هۆیەشەوە بەردە ئاگراوییەکان ئەگەر لە هەوادا نەسووتان؛ لەسەر زەوی دەبارن. دروستبوونی هەور بە هۆی نەیزەکەوە، لە ئایەتێکی تری قورئانیشدا دووپات کراوەتەوە و دەفەرمووێت: ﴿وَإِن يَرَوْا كِسْفًا مِّنَ السَّمَاءِ سَاقِطًا يَقُولُوا سَحَابٌ مَّرْكُومٌ (الطور: ٤٤)، واتە: "ئەگەر پارچەیەک لە ئاسمانەوە ببینن بکەوێتە خوارەوە، دەڵێن هەورێکی کەڵەکەبووە." هەر چەندە زانایانی تەفسیر هۆکاری ئەم وتەیەی بێباوەڕانیان بۆ عینادی گەڕاندۆتەوە(22)، بەڵام لەمڕۆدا دەبینین ڕوویەکی واقیعیشی هەیە، بەتایبەت کە ئایەتەکە دەفەرمووێت [مِّنَ السَّمَاءِ سَاقِطًا]، واتە: کاتێک لە ئاسماندایە و لە کاتی کەوتنەخوارەوەیدایە دەڵێن هەوری کەڵەکەبووە، لە سەردەمی نوێشدا ئەم ڕاستییە چەندین جار لە کاتی کەوتنی نەیزەکدا بینراوە، لەوانە: 

١. ٢٠٠٩/١٠/٨ لە ناوچەی دەشتایی باشووری سولاوێزی، ئەندۆنیسیا، نەیزەکێک بە تیرەی ١٠م لە بەرزیی ٢٥کم  بە هێزی ٣١ بۆ ٥٠ کیلۆ تەن تی ئێن تی تەقیيەوە و دووکەڵەهەورێکی سپيی لە ئاسماندا دروست کرد(23,24) (کەناڵی تەلەڤزیۆنی میترۆ تیڤی، ٢٠٠٩). 

وێنەی هەوری کەوتنەخوارەوەی نەیزەکی سولاویزی لە کەناڵی تەلەڤزیۆنیی میترۆ تی ڤی.

٢. وەک پێشتر باسمان لە کەوتنەخوارەوەی نەیزەکێک لە ناوچەی چیلیبینسک (Chelyabinsk) لە ڕووسیا کرد لە ڕێکەوتی ٢٠١٣/٢/١٥، بۆ ماوەی زیاتر لە خولەکێک کاتێک بەردە نەیزەکیيەکە نزیک بووەوە لە زەوی، دووکەڵەهەورێکی چڕی بەدوای خۆیدا دروست کرد، بە جۆرێک بۆ خەڵکی ئەو ناوچەیە دیمەنێکی ناوازە بوو، نەیاندەزانی کە ئەمە بەردێکی ئاسمانییە و دەکەوێتە خوارەوە، بەڵکوو تەنیا دووکەڵى هەورە سپییەکەیان دەبینی، بۆیە کاتێک کەناڵە تەلەڤزیۆنییەکان چاوپێکەوتنیان لەگەڵ خەڵکی ئەو ناوچەیە کرد کە ڕووداوه‌کە بگێڕنەوە، وتیان: سەرەتا هەورێکی حەلەزۆنیمان لە ئاسمان بینی، نەماندەزانی ئەمە چيیە، هەتا تەقینەوەیەکی ئێجگار بەهێز ڕووی دا پەنجەرەی ماڵەکانمان شکا و دواتر لە هەواڵەکانەوە زانیمان کە بەردێکی نەیزەکی بووە کەوتۆتە خوارەوە(25) (تەلەڤزیۆنیRussia today ، دامەزراوەی (تي في – نوفوستي)، ٢٠١٣). 

 

 

وێنەی دروستبوونی دووکەڵەهەوری نەیزەکی

چیلیبینسکی ڕووسیا، لە ڕێکەوتی ٢٠١٣/٢/١٥

 

٣. ئەم دووکەڵەهەورە بە شێوەیەکی گەورەتر لە کاتی کەوتنەخوارەوەی نەیزەکی سیخۆت ئەلینی ڕووسیا لە ساڵی ١٩٤٧ ڕووی دا، لە وێنەکەدا دیارە کە لە کاتی کەوتنەخوارەوەی نەیزەکەکە چ هەورێکی گەورەی دروست کردووە، ئەگەر یەکێک لە شارەکەوە سەیری ئاسمانی کردبێت، هەورێکە بۆ ئاسمان بەرز بۆتەوە و کەڵەکە بووە بۆ سەرەوە وەک ئەو وەسفەی قورئان کردوویەتی بە "مرکوم".   

وێنه‌كێشانێك بۆ ڕووداوەکە لەلایەن وێنه‌كێش میدفیدیف کە گەورەیی دووکەڵەهەوری نەیزەکەکە لەسەر شارەکە دەردەخات(26) ( Krinov, page 128).

  • کەواتە لەپێش کەوتنی نەیزەک، چەند ڕووداوێک ڕوو دەدەن کە له‌ پێشدا دروستبوونی دووکەڵەهەورە، پاشان بە هۆی تەقینەوەکەی ناڵەیەکی زۆر بەهێز دروست دەکات، نەیزەکەکە پارچە پارچە دەبێت و پارچەکانی دەبنە پزیسکی ئاگر و ئەگەر هەمووی نەسووتا؛ لەسەر زەوی دەبارن، وەک ئه‌وه‌ی گەلی مەدیەن (گەلی پێغەمبەر شوعەیب)، هەموو ئەو ڕووداوانەی تێدا باس کراوە، بە  وشەی [الصَّيْحَةُ] بۆ دەنگە بەرزەکە و بە وشەی کەوتنی [كِسَفًا] بۆ کەوتنی نەیزەک و بە وشەی [الظُّلَّةِ] بۆ دروستبوونی هەور و هاویشتنی بەرد و پزیسکی ئاگر. هەروەها لە گەلی سەموودیشدا دوو جار(27) بە وشەی [الصَّيْحَةُ] دەنگە بەرزەکە و دوو جار(28) بە [صَاعِقَةُ] باس کراوە کە واتای دەنگێکی بەرزە ئاگری لەگەڵدا بێت(29). هەروەها لەو حەفتا کەسەی كه پێغەمبەر مووسا (علیه السلام) هەڵیبژاردن بۆ میقاتی پەروەردگار، یەک جار بە [صَاعِقَةُ] باسی کردووە(30)

 

سەرچاوە و پەراوێزەکان: 

1 - كسفا والكِسْف والكِسْفةُ والكَسِيفة: القِطْعة مما قطَعْت. (لسان العرب) الكِسْفَةُ: القطعة من الشيء. (الصّحّاح في اللغة) (القاموس المحيط)
2 - The spectacular airburst over (Lugo) Italy on January 19, 1993
3 - Tagliaferri, E., Spalding, R., Jacobs, C. and Ceplecha, Z., 1995. Analysis of the Marshall Islands fireball of February 1, 1994. Earth, Moon, and Planets, 68(1-3), pp.563-572.
4 - Cosmic hole-in-one: capturing dust from a meteoroid's fiery demise Australian Antarctic Magazine, issue 8 Autumn 2005
5 - ماڵپەڕی بی بی سیی بەریتانی18 March 2019 
https://www.bbc.com/news/science-environment-47607696
6 - Historical Records of δ-Arietids Superfireballs Over Spain by J.M.Madiedo and J. M. Trigo-Rodríguez 42nd Lunar and Planetary Science Conference (2011)
7 - Edwards, W.N., Brown, P.G. and ReVelle, D.O., 2006. Estimates of meteoroid kinetic energies from observations of infrasonic airwaves. Journal of Atmospheric and Solar-Terrestrial Physics, 68(10), pp.1136-1160.
8 - MELOSH, H.; TABETAH, M. Enhanced Breakup of Entering Meteoroids by Internal Air Percolation. In: AGU Fall Meeting Abstracts. 2017.‏
9 - Kartashova, A.P., Popova, O.P., Glazachev, D.O., Jenniskens, P., Emelˈyanenko, V.V., Podobnaya, Е.D. and Skripnik, A.Y., 2018. Study of injuries from the Chelyabinsk airburst event. Planetary and Space Science, 160, pp.107-114.
https://www.sciencedirect.com/science/article/pii/S0032063317303884
10 - Miller, S.D., Straka, W.C., Bachmeier, A.S., Schmit, T.J., Partain, P.T. and Noh, Y.J., 2013. Earth-viewing satellite perspectives on the Chelyabinsk meteor event. Proceedings of the National Academy of Sciences, 110(45), pp.18092-18097.
11 - POPOVA, Olga P., et al. Chelyabinsk airburst, damage assessment, meteorite recovery, and characterization. Science, 2013, 342.6162: 1069-1073.‏
12 - Krinov, E. L. New Studies of The Sikhote-Alin Meteorite Shower; Meteoritics, volume 6, number 3, page 128. http://articles.adsabs.harvard.edu/full/seri/Metic/0006//0000127.000.html
13 - Burns, Philip R. "Pib". "Meteorite Stamps and Coins". Archived from the original on 2000-01-21.
14 - "Sikhote Alin". Planetarium de MontrealArchived from the original on 2006-05-21.
15 - Norton, O. Richard; Chitwood, Lawrence A. (2008). Field Guide to Meteors and Meteorites. London: Springer-Verlag. p. 47.ISBN9781848001572.
16 - Sikhote-Alin". Earth Impact Database.University of New Brunswick. Retrieved 2009-08-19.
17 - http://www.topo.biz/2013/02/sikhote-alin-is-an-iron-meteorite-that-fell-in-1947-on-the-sikhote-alin-mountains-in-eastern-siberia/
18 - - الرازي، فخر الدين محمد بن عمر، ١٩٨١م، التفسير الكبير أو مفاتيح الغيب، ط١ ج٢٤ ص ١٦٤، بيروت: دار الفكر
19 - الشوكاني، :  محمد بن علي بن محمد، (٢٠١٦)، فتح القدير الجامع بين فني الرواية والدراية من علم التفسير،  ط١ج١ص١١٧، بيروت: دار الارقم بن ابي الارقم
20 - البيضاوي، ناصرالدین ابي سعيد، (٢٠١٧)، تفسير البيضاوي المسمى أنوار التنزيل وأسرار التأويل، ج٢ ص١٦٦، بیروت: دار الكتب العلمية
21 - الدمشقي ، إسماعيل ابن كثير ، ٢٠٠٠م. تفسير القرآن العظيم (تفسير ابن كثير)، ط١ج٦ ص٣٥١، القاهرة: الفاروق الحديثة
22 - بۆ نمونە ئیبن کەسیر دەڵێت: "تعالى مخبرا عن المشركين بالعناد والمكابرة للمحسوس (وإن يروا كسفا من السماء ساقطا ) أي عليهم يعذبون به لما صدقوا ولما أيقنوا بل يقولون هذا سحاب مركوم أي متراكم"  (الدمشقي،1401کۆچی، لا246)
23 -  کەناڵی تەلەڤزیۆنی میترۆ تیڤی کە یەکەمین کەناڵی تەلەڤزیۆنیی ئەندۆنیسییە بۆ هەواڵگری و ٢٤ کاتژمێر کار دەکات.
https://www.youtube.com/watch?v=iAtqySUimdo
http://www.nbcnews.com/id/33540411/ns/technology_and_science-space/t/asteroid-explosion-was-whopper-earth/#.XVnuaUxFxjo

24 - Yeomans, Don; et al. "Asteroid Impactor Reported over Indonesia". Near Earth Object Program Office. NASA-NEOP. Retrieved 16 February 2013.
25- ماڵپەڕی ڕووسیای ئەمڕۆ سەر بە دامەزراوەی (تي في – نوفوستي) 17.02.2013
https://arabic.rt.com/news/607927-الأورال_الروسية.._ما_بعد_سقوط_النيزك/
(١٨-٨-٢٠١٩) بەرواری سەیرکردن
https://www.youtube.com/watch?v=3xkF5BwgVWQ

26 - Krinov, E. L. New Studies of The Sikhote-Alin Meteorite Shower; Meteoritics, volume 6, number 3, page 128.

http://articles.adsabs.harvard.edu/full/seri/Metic/0006//0000127.000.html 

http://meteoritegallery.com/sikhote-alin-iiab/ 

http://www.project1947.com/gfb/sikhote_alin.htm

27 - سورة هود ٦٧، سورة القمر، ٣١.
28 - سورة فصلت ١٧، سورة الذاريات، ٤٤.
29 - الصاعِقة الصوتُ الشديد يسقط معها قطْعةُ نارٍ لسان العرب
الصاد والعين والقاف أصلٌ واحدٌ يدلُّ على صَلْقَةٍ وشِدَّة صَوت  مقاييس اللغة لسان العرب   
الصاعقة هي الصوت الشديد من الجو ثم يكون منه نار راغب الاصفهاني الحلبي، شهاب الدين أبي العباس/ابن السمين، ١٩٩٦،عمدة الحفاظ في تفسير أشرف الألفاظ ،ج٢ ص٣٣٨، بیروت: دار الکتب العلمیة.
30 - سورة البقرة، 55.