نیشانەی پەروەردگار لە كۆئەندامی بەرگریدا
زیندەوەرە وردبینەکان ئەو جیهانە گەورەیەن كه دەورمانی پڕ کردووە و بە چاوی ئاسایی نابینرێن و هەستیان پێناکرێت
زیندەوەرە وردبینەکان ئەو جیهانە گەورەیەن كه دەورمانی پڕ کردووە و بە چاوی ئاسایی نابینرێن و هەستیان پێناکرێت. ئەنتۆني ڤان ليڤينهۆك(١٦٣٢-١٧٢٣) ی هۆڵەندنی يەکەم زانا بوو ئەم زیندەوەرانەی لە ڕێگەی مايكرۆسكۆبێكی تایبەت کە خۆی دروستی کردبوو کە ٢٧٠ جار گەورەى دەکردن، توانی بیانبینێ، بەڵام يەکەم زانا كە دۆزیيەوە و ڕايگەیاند (ئەم جيهانە پەیوەندی بە نەخۆشییەوە هەیە) لويس پاستێری فەڕەنسی (١٨٢٢-١٨٩٥) بوو. دوای لێکۆڵینەوەش بۆ چەندین جۆر پۆڵێن کران (بەكتريا، مشەخۆر، ڤايرۆس، كەڕوەكان)، دەرکەوت ئەمانەش هەزاران جۆریان هەیە و، هەر یەکەیان سووڕی ژیانی تایبەتیی خۆی هەیە و، لە هەموو شوێنێکدا بڵاوبوونەتەوە و، بە ملیۆنیانان بەردەوام لە هێرشدان و هەر ڕێگەیەکیان دەست بکەوێت خۆیان دەگەیەننە لەشمان، لەبەر ئەوە پەيوەنديیەكى گەورەیان بە خواردن و خواردنەوە و جلوبەرگ و تەندروستى و نەخۆشيمانەوە هەيە، بێ ئەوەى هەستىان پێ بكەين لە ڕێگاى هەناسەدان و بەرکەوتن، ئاڵوگۆڕ بە مليۆنانيان دەكەين، مرۆڤ تەنيا شوێنەواری ئەو نەخۆشيانە دەبينێت كه ئهوانه دروستى دەكەن. جارى وايە چالاكیى جۆرێكیان نەخۆشيیەكى وەك تاعوون بڵاو دەكاتەوە و مليۆنان خەڵك لە ناو دەبات(1).
بەڵام ئایا پەروەردگاری پارێزەر(الحفیظ) و بەبەزەیی (الرحیم)، هەروا بەندەکانی لەبەردەم ئەم جیهانە مەترسیدارەدا بە جێ دەهێڵێت و نایانپارێزێت؟ بێگومان نەخێر، هەربۆیە لە بەرامبەر ئەم دوژمنە هێرشبەرانەدا کۆئەندامێکی بەرگریی بۆ دروستکردوین کە بەردەوام دەمانپارێزێت، ئەم کۆئەندامە نەک هەر بۆ مرۆڤ بەڵکو بۆ هەموو گیاندارانی تریشی دروست کردووە، کۆئەندامێکی وەها ڕێکخراو، كه ئەگەر سەرنجی بدەین دهبینین سوپایەکی ئێجگار ڕێکخراوی ورد و فراوانن، بە جۆرێک زانایان دەڵێن نزیکەی یەک ترلیۆن خانەی جەنگاوەری ڕاهێنراوی پڕ چەک و زانیاری هەن، لەوپەڕی چالاکی و ئامادەباشیدا بە شەو و ڕۆژ بۆ هەر هێرشێکی لە ناکاو کە بکرێتە سەر لاشە ئامادهن و دەجەنگن، پەروەردگاردەفەرموێت: ...﴿صُنۡعَ ٱللَّهِ ٱلَّذِيٓ أَتۡقَنَ كُلَّ شَيۡءٍۚ﴾ ... (النمل ٨٨) واتە: ئهمهیه دهستکردی ئهو خوایهی که ههموو شتێکی بهوپهری ڕێکوپێکی دروست کردووه.
پەروەردگاری زانا و دانا ئەم دەزگای بەرگرییەی لە چەندین تیم و هێڵی بەرگری پێکهێناوە و، لە هەر هێڵێک چەندین قەڵا و سەربازی تایبەتی و تیمی تایبەتیی هەواڵگری و بەرگریی بۆ داناوە کە بەوپەڕی چالاکییەوە لە کاتی بوونی هەر مەترسییەک و هاتنی ههر تەنێکی نامۆدا زۆر بە خێرایی دەکەونە بەرگری و چالاک دەبن، بۆ نموونە تیمە هەواڵگرییە گەڕۆکەکان کە خانەکانی بەرگری دەریدەکەن بە ناوی سایتۆکینەکان، بەردەوام بە ناو لاشەدا دەگەڕێن هەتا زانیاریی تەواو لەسەر هاتنەناوەوەی تەنە نامۆکان وەربگرن و بە زوویی دەزگای بەرگریی لێ ئاگادار بکەنەوە و، بتوانن بە بەرنامەیەکی هەماهەنگ و ڕێکخراو و، بە خستنەکاری یەک لە دوای یەکی هێڵەكانی بەرگری بەرەو ڕووی ببنەوە، بەم جۆرە:
یەکەم هێڵی بەرگری: بریتییە لە کۆمەڵێك بەربەست و پەرژینی فیزیکی و کیمیایی و میکانیکی کە وەك قەڵای پتەو لەش دەپارێزن، بۆ نموونە پێست بەربەستی فیزیکییە و گەورەترین ئەندامە کە دەوری مرۆڤی گرتووە، لە ١ملم٢ دا ٨٠٠ بۆ ١٥٠٠خانە(٢) بە شیوازێکی ڕێکخراوی وەها ڕیز بوون کە بە هیچ جۆرێ ڕێ بە زیندەوەرە وردبینییەکان لە بەکتریا و ڤایرۆس و مشەخۆر و تەنی نامۆی تر نادەن كە دزە بکەنە ناو لاشەوە،
خۆ ئەگەر لە ڕێگەی دەم و لووتیشەوە هاتنە ژوورەوە، ئهوا بەربەستێکی فیزیکی تری خانەیی لە ناو ڕێڕەوی هەناسە و میزەڕۆدا ههیه کە بە چینی لینجە ماددە داپۆشراوە، ڕێگە بهوانه نادەن بێنە ناوەوە، هەندێک جاریش لە ڕێگەی کۆکین یان کوڵکی بۆریی هەناسە دەکرێنە دەرەوە، تەنانەت لینجەماددەی ناو لووت یان فرمێسکی چاو یان مۆم(صماغ)ی گوێ و چەندین ماددەی ناو لیکی دەمیش هۆکاری پاککردنەوە و لە ناوبردنیانن، ئەمە جگە لەوەی چەندین بەربەستی کیمیایی وەک دەردراوەکانی ترشی گەدە و جۆگەکانی هەرس و چەندین ئەنزیمی تر بەردەوام زیندەوەرە وردبینییەکان دەکوژن، پاشان میز و پاشەڕۆ دواههمین هۆکاری دەرکردنیانن.
دووەم هێڵی بەرگری:
هەندێك جار وردەزیندەوەرەکان بە هۆکارێك هەلیان دەست دەکەوێت و دهڕۆنه ناو جهستهی مرۆڤهوه، بۆ نموونە بزمارێك بە پێستدا دەچێت و لەوێوە دهڕواتە ژوورەوە، لەگەڵ هاتنیشیان بۆ ناو جهستهمان زۆر بە خێرایی زیاد دەکەن، بە جۆرێک كه هەموو نیو کاتژمێرێك دەبنە دوو هێندە و لە کاتژمێرێکدا دەبنە چوار و هەشت و شانزە و، بەو جۆرە لە ماوەیەکی کەمدا دەبنە سوپایەکی گەورە، لەبەرئەوە پێویستە کۆئەندامی بەرگریی لهش سەربازێکی زۆر بەرەو ڕوویان بکاتەوە. ئەویش بەم جۆره:
سەرەتا ئاگاداریی پێویست بڵاو دەکرێتەوە کە لە فڵانە شوێندا کۆمەڵێک تەنی نامۆ هاتوونەتە ناوەوە، بەمەش کۆئەندامی بەرگری هەندێک لە سەربازەکانی خۆی بە پێی پێویستی دەنێرێت، کە بریتین لە خڕۆکە سپییەکانی خوێن، ئەو خڕۆکانەی کە چەندین جۆریان هەیە و هەر جۆرێک بۆ کاری تایبەتی خۆی و بەرگریکردن دروست کراوە، لەوانە نیۆترۆفیلەکان یان ماکرۆفەیجەکانە کە ئەمانە لەبەرەی پێشەوە دەجەنگن، ئەویش کاتێک هەواڵیان پێ دەدرێت پێویستە بچنە ئەو شوێنەی دوژمن بۆی هاتووە، بە خێرایی بە ناو لوولەکانی خوێن بەڕێ دەکەون، بەڵام کاتێک دەگەنە شوێنەکە پێویستە کارێکی گرنگ ئەنجام بدەن، ئەویش ئەوەیە کە نەهێڵن زیندهوهره نەخۆشخەرەکان بێنە ناو سووڕی خوێنەوە، چونکە لە کاتی وادا بە ئاسانی بە ناو لەشدا بڵاو دەبنەوە، بۆیە پێویستە بچنە دەرەوە و پێش هاتنیان ڕێگەیان لێ بگیرێت، بەڵام لێرەدا کێشەیەک ڕوودەدات ئەویش ئەوەیە کاتێک ئهو ورده زیندهوهرانه دەیانەوێت بچنە دەرەوە، نێوانی خانەی لوولە خوێنەکان تەسکە و لەشی نیۆترۆفیل و ماکرۆفەیجەکانی پێوە ناچێت، بۆ چارەسەری ئەمەش پەروەردگار توانایەکی سەرسووڕهێنەریان دەداتێ کە بتوانن لەشیان بچووک بکەنەوە و بەو دەروازەیەدا بچن و لە دەرەوە جەنگەکە بکەن (٣).
یەکەم قۆناغهكانی جهنگهكه گەمارۆدانە، بەشێوەیەک لەشیان بە دەوری زیندەوەرە وردبینییەکە خڕ دەکەنەوە و قەپی لێ دەگرن و قوتی دەدەن. بۆیە پێیان دەوتریت خانە قەپگرەکان.
جەنگ بەردەوام دەبێت، لە هەردوولا کوژراو دەکەوێتەوە هەتا له ئهنجامدا خانە بەرگرییەکان سەردەکەون.
هەندێک لەو زیندەوەرانە مەترسیدارن، چونكه گەمارۆکە دەشکێنن و سەردەکەون و دێنە ژوورەوە، بەڵام پەروەردگاری پارێزەر هێڵی بەرگری تری بۆ مرۆڤ داناوه کە پێیان دەوترێت لیمفە گرێیەکان. ئەمانیش بریتین لە چەندین ناوەند وەک پۆلیسی سەر سنوور بە هەموو لەشدا لە سنوورەکانی بۆریی خوێن بڵاو بوونەتەوە، هەر کات ئهو دوژمنانه هاتنە ژوورەوە، یهكسهر لیمفەخانەکانی ناوی دەیانگرن و ناهێڵن بڕۆن و لە هەر لایەکی گرێیەکەش خۆرەی زیندەوەرە وردبینییەکانی لێیە و بەردەوام دهیانخۆن هەتا لە ناویان دەبەن(٤).
بەڵام هەندێكیان توانایەکی زۆرتریان هەیە و بە خێرایی زیاد دەکەن و، لەمانیش دەرباز دەبن و، دەچنە ڕێگای گشتیی کە سووڕی خوێنە، لەوێشدا بە خێرایی و ئاسانی ماوەیەکی زۆر دەبڕن، هەتا لە ناکاو لە دوو بازگەی تردا دەگیرێن کە ئەوانیش "جگەر" و "سپڵ"ە و ناوەندی سەرەکیی بەرگریی دژ به زیندەوەرە وردبینییەکانە(٥)،(٦)،(٧)، لەوێ ڕایان دەکێشنە ژوورەوە و لەناویان دەبەن(٨)، بەڵام هەندێک زیندەوەرە وردبینییەکان بەسەر ئەمانیشدا زاڵ دەبن و ئەوانیش تێدەپەڕێنن، لێرەدا لەش دەست بە لێکۆڵینەوە لەو زیندەوەرە شەڕەنگێزە دەکات، ئایا ماددەکانی چییە، تایبەتمەندییەکانی چییە؟ بە چ ماددەیەک لەناودەچێت؟ بۆیه وێنەی کۆدی بۆماوەیی زیندەوەرە وردبینییەکە دەگرن و زانیاریی تەواوی لەسەر کۆ دەکەنەوە، هەتا لە ناکاو چەکێكی تایبەتیی بۆ دروست دەکهن، کە ڕێک بۆ ئەو دوژمنە دەبێت و بە تەواوی ئەو زیندەوەرە دەکوژێت، ئهم چهكانهش پێیان دەوترێت دژەتەنەکان، لەش بڕێکی زۆریان لێ دروست دەکات و بۆ هێرش دەخرێنە ڕێ و دوای جەنگێکی گەورە بە تەواوی لە ناویان دەبەن، ئیتر مەگەر هەر کەسێک ڕۆژی تەواو بوبێت و پەروەردگار بۆی نووسیبێت بەو زیندەوەرە ژیانی کۆتایی هاتبێت دهنا به تهواوی لهناودهچن(٩).
لە دوای دروستکردنی چەکە نوێیەکەش، خانە لیمفاوییەکانی T دەبنە میمۆری و، زانیاری لهسهر زیندەوەرەکە هەڵدەگرن، بۆ ئەوەی ئەگەر جارێکی تر هاتەوە، چەکەکە ئامادە بێت و بە زوویی لەناوببرێت. مەگەر جۆرێکی نوێ بێت و کۆدی بۆماوەیی گۆڕیبێت، وەک ئەم ڤایرۆسی کۆرۆنای کۆڤید ١٩ یەی لە ٢٠٢٠دا بڵاو بوەوە.
جگە لەمانە کۆمەڵێک تیمی خزمەتگوزاری تر هەن کە شوێنی جەنگەکە لە پاشماوەی زیندەوەرەکە پاک دەکەنەوە، لە هەموو ئەم کردارانەشدا کەسەکە تای لێ دێت و پلەی گەرمی لەشی بەرز دەبێتەوە، كه ئەمەش دیسان بۆ سوودی مرۆڤە، چونکە لە لایەک بە هۆی ئەم تایەوە گەشە و زۆربوونی زیندەوەرە وردبینییەکان سنووردار دەبێت، لە لایەکی دیکەوه زیندەکردارەکانی خانەکان زیاد دەبێت هەتا ئەو خانانەی زیانیان پێ گەیشتووە و تێکچوون زوو چاک ببنەوە. کەواتە بەرزبوونەوەی پلەی گەرمای لەش هەروەها هەوکردنی شوێنەکەش کە لە ئەنجامی جەنگی خڕۆکە سپییەکان و زیندەوەرە وردبینییەکان دروست دەبێت، بەڵگەی چالاکیی کۆئەندامی بەرگری کەسەکەیە.
هەموو ئەمانە کە باس کران کەمێک بوو لە وردەکاری ئەو کۆئەندامە بەرگرییەی تا ئێستا زاناکان دۆزیویانەتەوە، چونکە لەو دەزگایەدا چەندین جۆری دیكهی بەرگری و سەرباز و چەکی تر بە شیوازێکی زۆر سەرنجڕاکێش و سستەمێکی زۆر ورد و ڕێکخراو کار دەکەن کە لە نووسراوە بایۆلۆجیەکاندا بە چەندین پەرتوك لەسەری دواون، هەر پەروەردگار خۆیشی دەزانێت چەندە نهێنیی تر لەم کۆئەندامەدا هەیە و هێشتا زاناکان پەییان پێ نەبردووە. بۆیە بە تێڕامان لەمانە زیاتر پەروەردگارمان دەناسین و، زیاتر بە ناوە جوانەکان و سیفاتە بەرزەکانی لە توانایی و زانایی و شارەزایی و دانایی و بەزەییە نەبڕاوەکەی ئاشنا دەبین. لە لایەکی دیکەوە لە فەرمایشتەکانی قورئان و سوننەتدا چەندین فەرمان وڕێکاری تەندروستی گیراوەتە بەر لە پاکوخاوێنی و خواردن و خواردنەوەی و ئەو هۆکارانەی کۆئەندامی بەرگری بەهێز دەکەن، کە بە وردبوونەوە لێیان دڵنیا دەبین ئەوەی ئەم فەرمان و ڕێکارە تەندروستییانەی داناوە ئاگاداری ورد و درشتی ئەو زیندەوەرە وربینیانەیە و، هەر خۆیشی لەبەر تاقیکرنەوەی بەندەکانی و، حیکمەتی زۆری كه بە دییهێناون و، لەبەرامبەریشیدا سسستەمێکی تێر و تەواوی بۆ بەندەکانی داناوە هەتا خۆیانی لێ بپارێزن، ئەمەش دەبێتە بەڵگەیەکی تری ئیعجازی قورئان و سوننەت.
Basic Immunology Book, 5th Edition
Functions and Disorders of the Immune System
Authors: Abul Abbas Andrew H. Lichtman Shiv Pillai
1 - Smiley, S.T., 2008. Immune defense against pneumonic plague. Immunological Reviews, 225(1), pp.256-271. https://www.ncbi.nlm.nih.gov/pmc/articles/PMC2804960
2 - Dermatology book, by Lorenzo Cerroni, Julie V. JEean L., 2017
3 - Chi, Z. and Melendez, A.J., 2007. Role of cell adhesion molecules and immune-cell migration in the initiation, onset, and development of atherosclerosis. Cell adhesion & migration, 1(4), pp.171-175. https://www.ncbi.nlm.nih.gov/pmc/articles/PMC2634102/
4 - Gregory, B. and Habicht, G.S., 1996. Immunity and the Invertebrates. Dev. Immunol, 275, pp.60-63.
5 - Nemeth, E., Baird, A.W. and O’Farrelly, C., 2009, September. Microanatomy of the liver immune system. In Seminars in immunopathology (Vol. 31, No. 3, p. 333). Springer-Verlag https://pubmed.ncbi.nlm.nih.gov/19639317/
6 -http://www.laparoscopic.md/digestion/spleen
7 - Tarantino, G., Scalera, A. and Finelli, C., 2013. Liver-spleen axis: intersection between immunity, infections and metabolism. World journal of gastroenterology: WJG, 19(23), p.3534. https://www.ncbi.nlm.nih.gov/pmc/articles/PMC3691032/ ·
8 - سپڵ و جگەر زۆربەی پێکهاتەکەیان خوێنە، بەڵام هەر لەبەرئەوەی ئەم دووانە شوێنی پاڵفتە کردنی خوێنن وەک ئیعجازێکی زانستیی جيا كراونەتەوە و حەڵاڵ كراون وەک پێغەمبەر صلى الله عليه وسلم دەفەرموێت: أحلت لنا ميتتان ودمان : السمك والجراد ، والكبد ، والطحال ) الشافعي وأحمد وابن ماجه والدارقطني والبيهقي(
9 - K. Abbas, Abul; Lichtman, Andrew; Pillai, Shiv (2018). Cellular and molecular immunology (Ninth ed.). Philadelphia: Elsevier. p. 97.