نهێنی خۆڕێكخستنه‌وه‌ی مێشکی مرۆڤ

یەکێك لە هەستیارترین ئەندامەکانی مێشکی مرۆڤ لە ڕووی زانستییەوە

نهێنی خۆڕێكخستنه‌وه‌ی مێشکی مرۆڤ

د. به‌هێز محه‌مه‌د ساڵح/ پزیشكی پایه‌بڵندی نه‌شته‌رگه‌ریی نه‌خۆشییه‌كانی مێشك و ده‌مار/ bahezmuhammed@hotmail.com

مێشکی مرۆڤ لە ڕووی زانستییەوە بە (mastar organ) ناو دەبرێت, یەکێکە لە هەستیارترین ئۆرگانه‌كانی لاشه‌ و پڕ نهێنیترینيانه، هەر لەبەر ئەم هۆکارەشە دڵ له‌ (١٥٪)ی خوێن بۆ مێشك دەنێرێت، هەندێك جار ڕێژەکەی زیاتریش دەبێت.. ئەمەش ئەوە دەسەلمێنێت کە مێشك لە هەستیارترين ئەندامه‌كانی لەشی مرۆڤه‌ و، بە کەمبوونەوەی ئەم ڕێژەیە له‌ چوونی خوێن بۆ مێشك کاروچالاکی دەمارەخانەکان دەکەوێتە مەترسییەوە.

 ئەگەر خوێن، بۆ ماوەی ٤-١٠ خوله‌ك بۆ دەماره‌خانەکانی مێشک نه‌چێت، ئەوە بە یەکجاری دەمرن و کاروچالاکیان لە دەست دەدەن، هەروەك چۆن لە كاتی جەڵدەی دەماخا ئه‌وه‌ ڕوو دەدات..

ئایا لە ئەگەری ڕوودانی بەرزی و نزمی له پەستانی خوێندا، یاخود له ‌كاتی هەڵسوكەوتی ڕۆژانەدا، هیچ كاریگەرییه‌ك لەسەر سوڕی خوێنی مێشك دروست دەبێت؟

سووڕی خوێنی مێشکی مرۆڤ بە سیستەمێکی وا ڕێکخراوە، تەنانەت زەبری مامناوەندیش مەترسی نه‌چوونی خوێن بۆ مێشك دروست ناكات، كه ئەمەش به خۆڕێکخستنی سیستەمی سووڕی خوێنی مێشک بە سەربەخۆی ناسراوه (خۆ ڕێكخستن-‌ cerebral autoregulation)(1).

خوێن بە جێگریی بۆ خانەکانی مێشک دەچێت به په‌ستانی (CPP = 60-150 mmhg) هەندێك جار ئه‌گه‌ر بەهۆی هۆکارێکەوە گۆڕانکاری لە پەستانی خوێندا ڕووبدات و کەم بێتەوە، ئەوە کاریگەری لەسەر سووڕی خوێنی مێشك دروست ناکات و مێشك بە جێگیری ڕێژەکەی خۆی دەست دەکەوێت، به‌مه‌ش خانەکانی مێشك لە مردن و لەناوچوون پارێزراو ده‌بن(2).

 ئەم سەربەخۆییە لە پەستان و سووڕی خوێنی مێشكدا بە شێوەیه‌كی ڕێكوپێك کاردەکات، خوێن به‌و ڕێژه‌یه‌ بە جێگیری بۆ مێشك دەچێت تاكو ده‌ماره‌خانه‌كانی مێشك به‌ شێوه‌یه‌كی ته‌ندروست كاری خۆیان بكه‌ن و لە زیان بە دوور بن. ئەم سیستەمە کاتێك تێكدەچێت کە زەبرێکی بەهێز کار لە مێشك بکات، ئەو کات ئیتر خانەکانی مێشك بەرەو لەناوچوون دەچن و زیانێان پێ ده‌گات، ئه‌مه‌ش هه‌ندێك جار كاتیی ده‌بێت و هه‌ندێك جاریش هه‌میشه‌ییه(3)!!

تا سه‌رنج بده‌ین! ده‌بینین مێشكی مرۆڤ بە تەرازوویەکی زۆر ڕێکوپێك و ورد دروستکراوە، به‌جۆرێك مرۆڤەکان کاری ڕۆژانەیان ده‌کەن بێ ئەوەی زیان بە مێشکیان بکەوێت، لە هەر جووڵە و کارێکدا، لە ئاسماندا، لە ناو ئاودا، لە ژێر زەویدا، بە شەو و به‌ ڕۆژ..

له‌ ڕاستیدا ئه‌م باسه‌ وردەکاری زانستی زۆری تری تێدایە کە چۆن بەم شێوەیە له‌ کاردان، بەڵام ئەوەی لای ئێمه‌ گرنگە بیزانین، ئەوه‌ی ئەم سیستەمە ناوەزەیه‌ی داناوە هەر ئەوه‌ كه‌ سیستەمەکانی تری لە ناو گەردوون چەسپاندووە و بە تەرازوویەکی ڕێکوپێك و ورد دروستیکردوون.

ده‌ركه‌وتنی ئەم نهێنییانه‌ لە پێكهاتەكانی لەشی مرۆڤدا, شایەتی دەده‌ن لەسەر ئەوەی كە بەرهەمی دروستكەرێكی زانا و دانا و بەدەسەڵاتە, كە ئاگاداری هەموو نهێنییەكانە و, پەروەردگاری هەموو دروستكراوەكانه و ڕاگری ئەم وردەكارییە گەورەیەیە: ﴿صُنۡعَ ٱللَّهِ ٱلَّذِيٓ أَتۡقَنَ كُلَّ شَيۡءٍۚ(النمل:٨٨)، واتە: "ئەمە دروستكراوی ئەو خوایەیە كە هەموو شتێكی بەوپەڕی ڕێكوپێكی دروستكردووە..", هەروەها پەروەردگار دەفەرمووێت: ﴿إِنَّا كُلَّ شَيۡءٍ خَلَقۡنَٰهُ بِقَدَرٖ ٤٩ (القمر)، واتە: "بێگومان ئێمە هەموو شتێكمان بە ئەندازە دروستكردووە".

 

سەرچاوەکان:

1) Silverman, A., & Petersen, N. H. (2020). Physiology, Cerebral Autoregulation.

2) Armstead, W. M. (2016). Cerebral blood flow autoregulation and dysautoregulation. Anesthesiology clinics34(3), 465-477.

3) Fantini, S., Sassaroli, A., Tgavalekos, K. T., & Kornbluth, J. (2016). Cerebral blood flow and autoregulation: current measurement techniques and prospects for noninvasive optical methods. Neurophotonics3(3), 031411.