مێشكى مرۆڤ

مێشكى مرۆڤ يه‌كێكه‌ له‌ ئەندامە‌ هه‌ره‌ سه‌ره‌كييه‌كانى لاشه‌ى مرۆڤ

Mar 6, 2021 - 17:19
Apr 22, 2021 - 14:33
 0  452
مێشكى مرۆڤ
مێشكى مرۆڤ

ن: د. بەهێز محەمەد ساڵح، پزیشکی پایه‌بڵندی نه‌شته‌رگه‌ریی نەخۆشییەکانی مێشک و دەمار

bahezmuhammed@hotmail.com



مێشكى مرۆڤ يه‌كێكه‌ له‌ ئۆرگانه‌ هه‌ره‌ سه‌ره‌كييه‌كانى لاشه‌ى مرۆڤ و، به‌ گه‌وره‌ى هه‌موو ئه‌ندامه‌كانى له‌ش داده‌نرێت و، نزيكه‌ى (١٠٠) ملیار ده‌ماره‌خانه‌ى تێدايه‌ كه‌ كار و فرمانى به‌رز ئه‌نجام ده‌ده‌ن و، په‌يوه‌نديى ڕاسته‌وخۆى به‌ ژيانى مرۆڤه‌وه‌ هه‌يه و‌، هه‌موو چالاكييه‌كى ڕۆژانه‌ى له‌سه‌ر به‌نده‌ (قسه‌كردن، بڕياردان، بيستن…). مێشك به‌ جۆرێك دروست كراوه‌ و ئه‌ندازه‌ى بۆ كێشراوه‌ كه‌ هه‌ر جێگايه‌كى تايبه‌تمه‌ندييه‌كى جياواز و سه‌رسووڕهێنى هه‌يه‌، لێره‌دا دوو تايبه‌تمه‌ندى باس ده‌كه‌ين:

١. ئه‌گه‌ر ورد بينه‌وه‌ ده‌بينين مێشك (كه‌ له‌ مۆخ و(cerebrum) قه‌دى مێشك پێك هاتووه‌) شێوه‌كه‌ى لۆچ و چرچيى زۆرى تێدايه‌ له‌سه‌ر يه‌ك قه‌د كراون و چاڵيشى تێدايه‌ و له‌ نێوانيدا (sulcus-gyri). ئايا بۆچى به‌م شێوه‌يه‌ ديزاين كراوه‌؟ چونكه‌ ئه‌م چرچ و لۆچانه‌ ڕووبه‌رێكى زياتر دروست ده‌كه‌ن بۆ ده‌ماره‌خانه‌كان، واته‌ له‌ ڕووبه‌رێكى كه‌مدا زۆرترين زانيارى تێدا بێت، بۆيه‌ هه‌تا لۆچه‌كان زياتر بێت زۆرترين كار و چالاكى دروست ده‌بێت (پرۆسه‌ی وردبینی زانیارییه‌كان زیاتر ده‌بێت). ئه‌و هه‌موو ده‌ماره‌خانانه‌ له‌ مێشكدان له‌ناو‌ كاسه‌ى سه‌ردا‌‌ به‌ شێوه‌يه‌كى ڕێكوپێك و ترازووكاريى ورد دانراون، ته‌نانه‌ت له‌ گيانداره‌كانيشدا هه‌ر به‌و شێوه‌يه‌. كه‌مترين لۆچ كه‌ له‌ مێشكى مشكدا هه‌يه‌ و زۆرترين لۆچ كه‌ گياندارى فيل و نه‌هه‌نگ هه‌يه‌تى بۆیه‌ جياوازييه‌كى زۆريان هه‌يه‌ له‌ بيركردنه‌وه‌ و هه‌ڵسوكه‌وتدا.. جا ئه‌گه‌ر مرۆڤێك مێشكى لۆچی تێدا نه‌بێت و ساف بێت به‌ هۆى نه‌خۆشيى سكماك كه‌ پێى ده‌وترێت (lissencephaly) ئه‌وا ژيرى له‌ ده‌ست ده‌دات و هيچ شتێك فێر نابێت.. ياخود مرۆڤ كه‌ تووشى له ‌بيرچوونه‌وه‌ ده‌بێت ئه‌م لۆچانه‌ ده‌پووكێنه‌وه‌ و قه‌باره‌يان كه‌م ده‌كات وه‌ك نه‌خۆشی زه‌هایمه‌ر.. ئه‌م لۆچانه‌ی مێشك كه‌ زۆرترین ده‌ماره‌خانه‌یان تیا جێكراوه‌ته‌وه‌ چەندین كار و فرمانى به‌رز جێبه‌جێ ده‌كات و، به‌ ته‌رازوويه‌كى ورد و ڕێكوپێك دروست كراوه‌ له قه‌باره‌يه‌كى گونجاودا.. ئه‌مه‌ یه‌كێكه‌ له‌وانه‌ی مێشكی مرۆڤ له‌ دروستكراوه‌كانى ديكه جيا ده‌كاته‌وه‌، كه‌ دیزاینێكی زۆر وردی بۆ كراوه‌. 

٢.هه‌ندێك جار كاتێك مرۆڤ تووشی ڕوداو ده‌بێت و زه‌بری توند به‌ر سه‌ری ده‌كه‌وێت ده‌بێته‌ هۆی مردن و له‌ كاركه‌وتنی مۆخ به‌ڵام قه‌دی مێشك هه‌ر كار ده‌كات، ئه‌و مرۆڤه‌ هیچ كارێكی ژیرانه‌ ناتوانێت بكات وه‌ك (بیركردنه‌وه‌، تێگه‌یشتن... تاد) و، په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ژیاندا نامێنێت.

٣.يه‌كێك له‌ تايبه‌تييه‌كانى خوێنهێنه‌ره‌كانى مێشك ئه‌وه‌يه‌ له‌ شێوه‌ی‌ تووره‌كه‌يه‌ك ياخود گيرفانێك له‌ ناو په‌رده‌ی مێشكدا دروست ده‌كه‌ن پێى ده‌ڵێن (venous sinuses).. كاتێ ده‌ماره‌ خوێنهێنه‌ره‌كان‌ ده‌ڕۆنه‌ ناوى به‌ شێوه‌ى ستوونى ناچنه‌ ناو گيرفانه‌كه‌وه‌، به‌ڵكو به‌ شێوه‌يه‌كى لار (oblique) ده‌چنه‌ ناويه‌وه‌ و، به‌ پێچه‌وانه‌ى ئاراسته‌ى ڕۆشتنى خوێن له‌ گيرفانه‌وه‌ ده‌ڕوات بۆ ئه‌وه‌ى له‌ كاتى به‌رزبوونى په‌ستانى ناو مێشك ڕێگرى بكات له‌ دڕان و ته‌قينى خوێنهێنه‌ره‌كه‌ (خوێن به‌ربوونی سه‌ر په‌رده‌ی مێشك) چونكه‌ ديواره‌كانى‌ زۆر ته‌نكن، هه‌روه‌ها خوێنهێنه‌ره‌كانی مێشك زمانه‌يان نييه‌ وه‌ك له‌ خوێنهێنه‌ره‌كانى قاچدا هه‌يه،‌ بۆ ئه‌وه‌ى كه‌ ئه‌گه‌ر مرۆڤه‌كه‌ ماوه‌يه‌كى زۆر جووڵه‌ى نه‌بوو كه‌مترين خوێنگيران ڕوو بدات و هه‌ميشه كاری مێشك‌ به‌رده‌وام بێت.

 

خواى گه‌وره‌ ده‌فه‌رموێت: ﴿إِنَّا كُلَّ شَيْءٍ خَلَقْنَاهُ بِقَدَرٍ﴾ (القمر: ٤٩) واته‌: به‌ ڕاستى ئێمه‌ هه‌موو شتێكمان به‌ ئه‌ندازه‌ درووست كردووه‌. بێگومان تێڕامان له‌ هه‌ر درووستكراوێكى كردگارمان، پێمان ده‌ڵێت: یه‌كێكى دانا و زانا و به‌ ویست و به‌ به‌زه‌یی له‌ پشت ئه‌م هه‌موو ڕێكخستن و ئه‌ندازانه‌وه‌یه‌ و هه‌رگیز هه‌ڕه‌مه‌كی له‌ كاره‌كانیدا نییه‌. هه‌روه‌ها ده‌فه‌رموێت: ﴿...وَخَلَقَ كُلَّ شَيْءٍ فَقَدَّرَهُ تَقْدِيرًا﴾ (الفرقان: ٢) واته‌: هه‌موو شتێكی دروست كردووه‌ و ئه‌ندازه‌ی (له‌ هه‌موو ڕوویه‌كه‌وه‌) به‌ چاكی بۆ دیاری كرد.



سەرچاوەکان:

Book.Clinical Neuroanatomy .Richard S.Snell.edition 7 Chapter 7.page 258 

TextBook of Clinical Neuroanatomy.Vishram Singh.chapter 15.page 260 

Bahez Mohammed Salih Dr. Bahez Mohammed Salih