دەرووندروستی لە قورئان و دەروونناسیدا

به‌شی سێیه‌‌م: پەیوەندیی مرۆڤ بە دەروونی خۆیەوە

دەرووندروستی لە قورئان و دەروونناسیدا

شیرین ساڵح محەمەد، توێژەری کۆمەڵایەتی (ماستەر لە کاری کۆمەڵایەتی)

 

دووه‌م: ده‌رووندروستی له‌ قورئاندا

له‌ ژماره‌ی پێشوودا خاڵی یه‌كه‌می ئه‌م باسه‌مان‌ ڕوون كرده‌وه كه‌ بریتی بوو له‌ پەیوەندیی مرۆڤ بە پەروەردگارەوە‌، ئه‌و خاڵه‌ش دوو لایەنی لەخۆ دەگرت: ئیمانی و بەندایەتی، هه‌روه‌ها بە شێوەیەکی گشتی کاریگەرییە دەروونییەکانی پەیوەندیی مرۆڤمان لەگەڵ خودادا، لە چه‌ند خاڵێكدا خستە ڕوو. له‌م ژماره‌یه‌شدا خاڵی دوو و سێی ئه‌م باسه‌‌ ده‌خه‌ینه‌ڕوو و، كۆتایی به‌ بابه‌ته‌‌كه‌مان ده‌هێنین.

٢. پەیوەندیی مرۆڤ بە دەروونی خۆیەوە: سروشتی مرۆڤ وایە خۆی خۆش دەوێت و هەوڵ بۆ ئاسوودەیی و ئارامی خۆی دەدات، لەبەر ئەوە قورئان گرنگی بە بواری پەروەردە و گەشەپیدانی دەروون دەدات لە چوارچێوەیەکی ڕێپێدراودا، تا بتوانێت لە ژیاندا ئاسوودە بێت، ئەگەر مرۆڤ لەسەر بەرنامەی قورئان بڕوات لە مامەڵەکردن لەگەڵ دەروونی خۆیدا ئەوا دەروون دروستی بەدەست دەهێنێت، ئەمەش لە دوو ڕێگەوە بەدەست دێت:

گرنگیدان بە دەروونی: واتە چاودێریکردنی دەروون  و هەوڵدان بۆ گەیشتن بە پلەیەکی بەرزی مرۆیی، ئەمیش بە پەروەردەکردن و گەشەپێدان و ڕاهێنانی دەروون و دوورکەوتنەوە لە خراپەکاری دەبێت، لەڕێی پابەند بوون بە پەرستشەکان و پاراستنی ئەندامەکانی جەستە لە خراپە و، ئەنجامدانی ڕەفتار و ڕەوشتی باش و، پابەندبوون بە ڕاستگۆیی و، ئارامگری و، کۆنتڕۆڵکردنی دەروون بە تووڕەنەبوون و خاکەڕایی و خۆبەزل نەزانین و بە ئەدەبەوە مامەڵە کردن، خوای گەورە دەفەرمووێت: ﴿وَعِبَادُ الرَّحْمَٰنِ الَّذِينَ يَمْشُونَ عَلَى الْأَرْضِ هَوْنًا وَإِذَا خَاطَبَهُمُ الْجَاهِلُونَ قَالُوا سَلَامًا﴾ (الفرقان: ٦٣) واتە: (بەندەکانی خوا ئەوانەن زۆر بە هێمنی و سەلاری بەسەر زەویدا دەڕۆن و کاتێکیش نەفامان بە قسە و قسەڵۆک بەرەنگاریان دەبن لە وەڵامیاندا دەڵێن: سڵاو) واتە ڕەوشتبەرزی خۆیان دەنوێنن.

گرنگیدان بە جەستەی: یەکێک لە گرنگترین ئەرکەکانی مرۆڤ بەرامبەر خۆی بریتییە لە گرنگیدان بە جەستەی و، خۆپاراستن لە نەخۆشی و، دابینکردنی پێویستییەکانی لە خواردن و خواردنەوە و پاکوخاوێنی، چونکە پەیوەندییەکی هەمبەری(متبادل) لە نێوان تەندروستی دەروونی و جەستەییدا هەیە، خوای گەورە دەفەرمووێت: ﴿... وَكُلُوا وَاشْرَبُوا وَلَا تُسْرِفُوا ۚ إِنَّهُ لَا يُحِبُّ الْمُسْرِفِينَ (الأعراف: ٣١) واتە: "بخۆن و بخۆنەوە لە ناز و نیعمەتەکان، بەڵام زیادەڕەوی مەکەن، چونکە بەڕاستی خوا زیادەڕەوانی خۆش ناوێت", ئەم ئایەتە بە ئاشکرا داوا لە مرۆڤ دەکات هاوسەنگی ڕابگرێت، کە هۆکاری پاراستنی جەستەیە لە نەخۆشی، هەروەها لە سوورەتی (النحل: ٨٠ – ٨١)دا دەفەرمووێت خوا هەموو شتێکی بۆ ڕەخساندوون تا ماڵ و خانووبەرە بۆ خۆتان دروست بکەن و خۆتان لە سەرما و گەرما بپارێزن، هەروەها لە سوورەتی (غافر)یشدا دەفەرمووێت: ﴿اللَّهُ الَّذِي جَعَلَ لَكُمُ اللَّيْلَ لِتَسْكُنُوا فِيهِ وَالنَّهَارَ مُبْصِرًا ۚ... (غافر: ٦١) واتە: "خوا ئەو پەروەردگارەیە كه شەوی بۆ سازاندوون تا تیایدا ئارام بگرن و بحەوێنەوە، ڕۆژگاریشی بۆ ڕۆشن و ڕووناک کردونەتەوە...", ئەمەش بە مەبەستی حەوانەوەی جەستە، هەروەها بە مەبەستی پڕکردنەوەی پێویستییە جنسییەکان خوای گەورە دەفەرمووێت: ﴿وَمِنْ آيَاتِهِ أَنْ خَلَقَ لَكُم مِّنْ أَنفُسِكُمْ أَزْوَاجًا لِّتَسْكُنُوا إِلَيْهَا وَجَعَلَ بَيْنَكُم مَّوَدَّةً وَرَحْمَةً ۚ... (الروم: ٢١)، واتە: "هەر لە خۆتان هاوسەری بۆ دروستکردون بۆ ئەوەی ئارام بگرن لەلایدا و لە نێوانتاندا خۆشەویستی و سۆز و میهرەبانی فەراهەم هێناوە" پڕکردنەوەی هەموو ئەم پێویستییە جەستەییانە هۆکاری ئارامی و ئاسوودەیی دەروونە.

 

٣. پەیوەندیی مرۆڤ بە کەسانی دەوروبەریەوە: ئەم پەیوەندییە واتە ڕێزگرتن لە مافی کەسانی دیکە، کە لەلایەکەوە ڕەزامەندی و ڕێزگرتنی ئەوانی تر بەدەست دەهێنێت و، لە لایەکی تریشەوە ڕازی بوون وئاسوودەیی دەروونی خۆی، کە سیمایەکی دەروون دروستییە. خوای گەورە دەفەرموێت: ﴿۞ وَاعْبُدُوا اللَّهَ وَلَا تُشْرِكُوا بِهِ شَيْئًا ۖ وَبِالْوَالِدَيْنِ إِحْسَانًا وَبِذِي الْقُرْبَىٰ وَالْيَتَامَىٰ وَالْمَسَاكِينِ وَالْجَارِ ذِي الْقُرْبَىٰ وَالْجَارِ الْجُنُبِ وَالصَّاحِبِ بِالْجَنبِ وَابْنِ السَّبِيلِ وَمَا مَلَكَتْ أَيْمَانُكُمْ ۗ إِنَّ اللَّهَ لَا يُحِبُّ مَن كَانَ مُخْتَالًا فَخُورًا﴾ (النساء: ٣٦)، واتە: "ئەی خەڵکینە! تەنها خوا بپەرستن و هیچ جۆرە شەریکێکی بۆ بڕیارمەدەن و، چاکەکاربن لەگەڵ دایک و باوکتان و خزمان و هەتیوان و هەژاران و دراوسێ و خزم و دراوسێی نزیک و دراوسێی بێگانەدا و هاوەڵی کار و سەفەر و ڕێبوار و ژێر دەستەکانتاندا، بەڕاستی خوا ئەوانەی خۆش ناوێت کە خۆ دەنوێنن و خۆ بە گەورە دەزانن بەسەر خەڵکیدا", ئەم ئایەتە باس لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان ده‌كات، کە بنەمای ئەم پەیوەندییانە پێویستە لەسەر چاکەکاری و ڕێزگرتن و هاوکاریکردنی یەکتر بێت و دوور بێت لە خۆ بە گەورە زانین، بەمەش تاک ئاسوودەیی و ئارامی دەروونی دەستەبەر دەکات کە ڕووکارێکی دەروون دروستییە.

٤. پەیوەندی مرۆڤ بە گه‌ردوون و ژینگەکەیەوە: خوای گەورە لە چەندین ئایەتدا ئاماژە بەوە دەدات کە گه‌ردوون و هەموو ئەو شتانەی تێیدایە لە پێناو خزمەتکردن بە مرۆڤ دروست کراوە، وەك لە سوورەتی (لقمان)دا دەفەرمووێت: ﴿أَلَمْ تَرَوْا أَنَّ اللَّهَ سَخَّرَ لَكُم مَّا فِي السَّمَاوَاتِ وَمَا فِي الْأَرْضِ وَأَسْبَغَ عَلَيْكُمْ نِعَمَهُ ظَاهِرَةً وَبَاطِنَةً ۗ... (لقمان: ٢٠)، واتە: "ئایا سەرنجتان نەداوە کە بەڕاستی هەرچی لە ئاسمانەکان و زەویدایە هەر هەمووی خوا بۆ خزمەتی ئێوەی دروست کردووە و، ملکەچی کردووە، هەروەها بە فراوانی ناز و نیعمەتی ئاشکرا و پەنهانی بەسەردا ڕشتوون". ئەمەش ڕێزلێنانێکی گەورەیە لە مرۆڤ لەلایەن خوای گەورەوە، کە کۆی گه‌ردوونی خستۆتە خزمەتی بەرژەوەندی و ئاسوودەیی مرۆڤەکانەوە، ڕۆڵی مرۆڤ لێرەدا بریتییە لەوەی بەسەر زەویدا بگەڕێت و چێژ لە جوانییەکانی ببینێت و سوودیان لێ وه‌ربگرێت و، خۆی لەگەڵیاندا بگونجێنێت و، هەوڵی ئاوەدانکردنەوەی بدات وەك خوای گەورە دەفەرمووێت: ﴿...هُوَ أَنشَأَكُم مِّنَ الْأَرْضِ وَاسْتَعْمَرَكُمْ فِيهَا... (هود: ٦١)، واتە: "خوای گەورە بەدییهێناون و داوای لێکردوون زەوی ئاوەدان بکەنەوە", کەواتە پەیوەندیی مرۆڤ بە گه‌ردوونەوە بریتییە لە پەیوەندییەکی گونجان و ڕێککەوتن و سوود وەرگرتن لەو شتانەی تێیدایە و، بەکارهێنانیان لە کاری خێردا و، هەوڵدان بۆ ئاوەدانکردنەوە و، پاراستنی لە ڕێگەی توانا و لێهاتوویی و شارەزاییەکانیەوە، کە بەمەش متمانەی بەخۆی زیاد دەبێت، هەروەها مرۆڤ دەتوانێت چێژ لە جوانیی سروشت ببینێت کە هۆکاری ئارامکردنەوە و ئاسوودەیی و دڵخۆشی مرۆڤەکانە، هەموو ئەمانەش هۆکارن بۆ دەروون دروستی مرۆڤەکان.

لێرەوە دەبینین ڕوانگەی قورئان بۆ تەندروستیی دەروونی ڕوانگەیەکی تەواوە، واتە هەرسێ ڕێگای پارێزگاری و، بەرنامەیی و، چارەسەریی تێدایە، کەواتە دەتوانین بڵێین تەندروستی دەروونی لە ئیسلامدا, واتە: "بوونی کارلێکێکی هاوسەنگ لە نێوان هۆکارە کۆمەڵایەتی و دەروونی و ڕۆحییەکاندا، کە دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی تێگەیشتن و هەست کردن بە ڕاستییەکان و توانا بۆ ڕاستکردنەوەی هەڵەکان".

 

لە کۆتاییدا دەگەینە ئەم ئەنجامانەی خوارەوە:

١. لە سەرەتای بوونی مرۆڤەوە گرنگی بە لایەنی دەروونی دراوە، بە تایبەتی لە بابەتی پەیوەنديی مرۆڤ بە خوداوە بەڵام ناوێکی دیاریکراوی نەبووە، لەگەڵ پێشکەوتنی مرۆڤایەتیدا و بەتایبەتیش دوای ساڵی ١٩٤٩ز, كه‌ له‌و به‌رواره‌وه‌ بەشێک بەناوی (تەندروستيی عەقڵی) لە ڕێکخراوی تەندروستيی جیهانیدا کرایەوە، گرنگی زیاتر بەم بوارە درا و, باسی لێوەکرا.

٢. تەندروستبوونی دەروون هۆکارێکی گرنگى ئاسوودەبوونی تاک و کۆمەڵگەکانە.

٣. چەند نیشانەیەک ئاماژەی تەندروستبوونی تاکن لە ڕوی دەروونيیەوە، لەوانە: (ئیجابی بوون، توانای ڕوبەڕوبوونەوەی گرفتەکان و هەوڵدان بۆ چارەسەرکردنیان، گونجان لەگەڵ دەروون  و دەوروبەر و ژینگەدا، بوونی پەیوەندییەکی دروست لەگەڵ دەوروبەردا، ڕێزگرتنی خود و هەوڵدان بۆ سەلماندنی خود).

٤. ئەگەرچی لە قورئاندا بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ باس لە تەندروستی دەروونی نەکراوە، بەڵام گشت ئاماژەکانی ئاسوودەیی تاک و ئاراميی تێدایە کە هۆکارێکی گرنگن بۆ تەندروستيی دەروونيی تاکەکان.

٥. تەندرووستی دەروونی تەنیا مانای نەبوونی نەخۆشی یان کەم ئەندامی نییە، بەڵکو پێویستە مرۆڤ لە ڕووی (ڕۆحی، دەروونی، جەستەیی، عەقڵییەوە) کامڵ و تەواو بێت.

٦. لە قورئاندا گرنگی بە هەر چوار لایەنە گرنگەکەی تەندروستيی دەروونی دراوە، کە بریتین لە پەیوەندی مرۆڤ لەگەڵ (خودا، دەروونی خۆی، کەسانی دیکە، ژینگە و دەوروبەری).

  

سەرچاوەکان:

١. اسماعیل، آزاد علي (٢٠١٤): الدین والصحة النفسیة، المعهد العالمي للفکر الإسلامي، مکتب الأردن، عمان، الطبعة الأولی.

٢. أحمد، آمنة یس موسی (٢٠١٠): الصحة النفسیة وعلاقتها بنوعیة الحیاة لدی النازحین بمعسکر أبو شوک بمدینة الفاشل ویکایة شمال- دارفور، رسالة ماجستیر غیر منشورة، جامعة الخرطوم، کلیة الأداب- علم النفس. 

٣. باتل، د.فیکرام (٢٠٠٨): الصحة النفسیة للجمیع، ترجمة: لجنة في ورشة الموارد العربیة، الطبعة العربیة المعدلة الأولی، بیروت- لبنان.

٤. حجازي، مصطفی (٢٠٠٤): الصحة النفسیة، المرکز الثقافي العربي، الطبعة الثانیة، الدار البیضاء- المغرب.

٥. الخطیب، د.هشام إبراهیم والزیادي، أحمد (٢٠٠١): الصحة النفسیة للطفل، الدار العلمیة الدولیة للنشر والتوزیع ودار الثقافة للنشر والتوزیع، الطبعة الأولی، عمان، الأردن.

٦. رحمة، د. محمد علي عمر (٢٠١٥): المنهج الإسلامي في تحقیق الصحة النفسیة، مجلة دراسات دعویة، العدد: ٢٩، ص ٥.

 ٧. زیارة، فرید فرج سعید (٢٠٠٩): منهج القرآن في تحقیق الصحة النفسیة للإنسان (دراسة موضوعیة)، رسالة ماجستیر غیر منشورة، الجامعة الإسلامیة- غزة، کلیة أصول الدین، قسم التفسیر وعلوم القرآن.

٨. زهران، د. حامد عبدالسلام (٢٠٠٥): الصحة النفسیة والعلاج النفسي، عالم الکتب، الطبعة الرابعة، القاهرة. 

٩. اللوباني، عیسی إبراهیم (٢٠٠٩): الإعجاز القرآني في التعامل مع النفس البشریة، دار المأمون، الطبعة الأولی، عمان.

١٠.  المصلحیة، أحلام بنت أحمد بن راشد (٢٠١٧): وجهة التدین وعلاقتها بالصحة النفسیة لدی الأخصائيین الإجتماعیین في مدارس محافظة مسقط، رسالة ماجستیر غیر منشورة، جامعة نزوي، کلیة العلوم والأداب، قسم التربیة والدراسات الإنسانیة.

١١. منظمة الصحة العالمیة (٢٠٠٥): تعزیز الصحة النفسیة (مفاهیم، البیانات المستجدة، الممارسة) التقریر المختصر، المکتب الإقلیمي للشرق الأوسط، طباعة شرکة توشکي، القاهرة.