دەرووندروستی لە قورئان و دەرروونناسیدا

بەشی دووەم: دەرووندروستی لە قورئان و دەرروونناسیدا

دەرووندروستی لە قورئان و دەرروونناسیدا

 

شیرین ساڵح محەمەد، تویژەری کۆمەڵایەتی (ماستەر لە کاری کۆمەڵایەتی)

 

ئەم بابەتە بریتییە لە پوختەی به‌شی دووەم توێژینەوەیەكی زانستیی توێژەر م. شیرین ساڵح محەمەد تو‌ێژەری کۆمەڵایەتی (ماستەر لە کاری کۆمەڵایەتیدا), كە لە كۆنفراسی هاوبەشی نێوان كۆلێژی زانستە ئیسلامییەكان, زنكۆی سەلاحەدین و ناوەندی كوردستان بۆ ئیعجازی زانستی لە قورئان و سوننەتدا، ڕۆژی ٢٠١٩/١٠/١٥ لە سەنتەری ڕۆشنبیریی زانكۆی سەلاحەدین پێشكەش كرا.



یەکەم: شیکردنەوەی چەمکی دەرووندروستی  

سەرەتای باسکردن لە چەمکی تەندروستیی دەروونی، دەگەڕێتەوە بۆ شارستانیەتە کۆنەکانی یۆنان و ڕۆمان، بەڵام لە شارستانیەتی ئیسلامیدا بەتایبەتی لە سەردەمی عەباسییەکاندا زیاتر دەرکەوت و پتر گرنگیی پێ درا. لە ئەورووپاش لەدوای جەنگی جیهانیی دووەم، چەمکی تەندروستیی دەروونی گەشەی کرد، کە ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی ڕۆڵێکی دیاری لەم گەشەکردنەدا هەبوو، بەتایبەتی دوای دروستبوونی یەکەیەك (بەشێك) بە ناوی "تەندروستیی عەقڵی" لە ساڵی (١٩٤٩) لەم ڕێکخراوەدا، کە پێناسەی تەندروستیی دەروونی دەکات بە "بارێکی تەواوی جەستەیی و دەروونی و کۆمەڵایەتی" و تەنیا مانای نەبوونی نەخۆشی یان کەمئەندامی نییە. لێرەوە دەردەکەوێت كه تەندروستیی دەروونی بەشێکە لە تەندروستیی گشتی و پەیوەندییەکی تەواوی بە ڕەفتار و تەندروستيی جەستەییەوە هەیە و مانای بوونی تەندروستیی ژیری و دەروونی و جەستەییە پێکەوە، بە جۆرێك تاك بتوانێت بە شێوەیەکی باش بیر بکاتەوە و ڕووبەڕووی فشارەكانی ڕۆژانەی ژیانی ببێتەوە و چارەسەری کێشە جیاوازەکانی ژیانی بکات و بەشدارییەکی چالاکانەی لە کۆمەڵگەدا هەبێت و پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ دەوروبەرەکەیدا ببێت و هەست بە ئاسوودەیی و دڵنیایی بکات و هەوڵ بۆ ئاسوودەیی کەسانی تریش بدات.  

بەمەش تاك دەتوانێت چێژ لە ژیان ببینێت و بڕیار لەسەر کارە گرنگەکان بدات کە پەیوەندیی بە شێوازی ژیانییەوە هەیە. بەڵام بە شێوەیەکی گشتی زانایان ئاماژە بە بوونی پێنج خاڵ دەکەن لە بوونی تەندروستیی دەروونیدا لای تاک، کە بریتین لە:  

١. ڕەوشتی گونجاو و نەبوونی لادان لای تاک: مەبەست شارەزابوون و پابەندبوون و مامەڵەکردنە بەپێی دابونەریتەکانی کۆمەڵگە و بەدەستهێنانی ڕەزامەندیی کۆمەڵگە و نەبوونی لادانی قووڵ و هەڵەی گەورە و پەشێویی توند لە ژیانی تاکدا. 

٢. هێنانه‌دیی هاوسەنگی: واتە هەستکردنی تاك بە بوونی هاوسەنگی لەنێوان داخوازییە جەستەیی و دەروونی و ڕۆحییەکانی، یان هاوسەنگی لەنێوان بەرژەوەندییە تاکییەکانی و ئەو کۆمەڵگەیەی تیایدا دەژی.  

٣. هێنانه‌دیی گونجان: واتە بوونی هۆشیاریی خودی بۆ تێگەیشتن و ڕێزگرتنی خود و قبووڵکردنی بەو جۆرەی کە هەیە لە لایەکەوە و گونجان لەگەڵ ژینگەی کۆمەڵایەتی و سروشتی و ئەو بارودۆخەی دێتە پێشەوە لە لایەکی ترەوە.  

٤. دەستکەوتنی ئاسوودەیی: ئەمەش واتە ئاسوودەیی دەروونی تاك لە بوونی ڕابردوویەکی پاك و ئێستایەکی خۆشگوزەران و داهاتوویەکی پرشنگدار و سوودوەرگرتن لە ئەزموونەکانی ژیان و پڕکردنەوەی پێویستییە دەروونی و کۆمەڵایەتی و جەستەییە بنەڕەتییەکان و هەستکردن بە ئاسایش و دڵنیایی، لەپاڵ هەستکردنی تاك بەوەی ڕێزلێگیراو و خۆشویستراو و قبوڵکراوە و پەیوەندییەکی دروست و سەلیمی لەگەڵ دەوروبەرەکەیدا هەیە لەسەر بنەمای بوونی متمانەیەکی دوولایەنە لە نێوانیاندا و بوونی توانا بۆ گەشەدان بە پەیوەندییەکانی. 

٥. سەلماندنی خود: واتە گەشەپێدانی ئەوپەڕی تواناکانی تاك و لێهاتوویی سوودوەرگرتن لە دەرفەتە بەردەستەکان و ڕێگەدان بە تاك بۆ ئەنجامدانی ئەو کارانەی گونجاوە لەگەڵ توانا جەستەیی و زهنییەکانیدا، هەروەها بوونی سەربەخۆیی لە دەستنیشانکردنی چۆنیەتیی ژیان بە جۆرێك تاك خۆی خاوەنی بڕیاری خۆی بێت و بەرپرسیارێتیی کارەکانی لەئەستۆ بگرێت بە جۆرێك تاك هەست بە بوونی خۆی بکات لەو کۆمەڵگەیەی تیایدا دەژی.  

 

دووەم: دەرووندروستی لە قورئاندا 

بە وردبوونەوەمان لە قورئان، دەگەینە ئەو ڕاستیيەی كه هەر چەندە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ وشەى "دەرووندروستی" لە قورئاندا نەهاتووە، بەڵام بەتەواوی تیشك خراوەتە سەر ئەو هۆکارانەی وا دەکه‌ن تاك هەست بە دڵنیایی و ئاسوودەیی و ئارامی بکات، کە ئەمانەش ڕەنگدانەوەی دەرووندروستییە لە تاکەکاندا، هه‌روه‌ها دەتوانین تێبینیی ئەوە بکەین كه قورئان لە زۆر بابەتدا تیشك دەخاتە سەر ئەو ڕێگایانەی مرۆڤ بە هۆیانەوە دەتوانێت هاوسەنگی لەنێوان لایەنی ماددی و مەعنەوی (ڕۆحی) و دینی و دنیایی بەدەست بێنێت، هەروەها گرنگی بەوە دەدات کە تاك ڕەفتاری نموونەیی یان نزیك لە نموونەیی ئەنجام بدات و چێژ لە بوونی پەیوەندییەکی هاوسەنگ لەگەڵ خودای گەورە و دەروونی خۆی و دەوروبەر و ژینگەکەیدا ببینێت و دەسەڵاتی هەبێت بەسەر دەروونی خۆیدا و هەوڵ بدات تا ئەوپەڕی توانا و لێهاتووییەکانی بەکار بهێنێت، تا ببێتە کەسێکی دڵسۆز بۆ خۆی و خێزان و کۆمەڵگە و نەتەوەکەی. واتە بە شێوەیەکی گشتی قورئان باس لە چوار بوار دەکات، کە هۆکارە بۆ تەندروستیی دەروونيی تاکەکان، ئەوانیش لایەنی: (ڕۆحی، دەروونی، کۆمەڵایەتی، بایۆلۆجی)ن، کە بریتین لە پەیوەنديی مرۆڤ بە (پەروەردگار، دەروونی خۆی، دەوروبەر، کەون و ژینگەکەیەوە) بەم جۆرە:  

١. پەیوەندیی مرۆڤ بە پەروەردگارەوە: خودای گەورە دەفەرمووێت: ﴿قُلْ إِنَّ صَلَاتِي وَنُسُكِي وَمَحْيَايَ وَمَمَاتِي لِلَّهِ رَبِّ الْعَالَمِينَ ۝ لَا شَرِيكَ لَهُ ۖ وَبِذَٰلِكَ أُمِرْتُ وَأَنَا أَوَّلُ الْمُسْلِمِينَ ۝﴾ (الأنعام: ١٦٢-١٦٣)، واتە: "ئەی محەمەد، بڵێ بەڕاستی نوێژ و حەج و درووشمەکانی و سەرجەم چاکە و بەندایەتیم و هەروەها ژیان و مردنم تایبەتە بۆ خودای پەروەردگاری جیهانییان. ئەو زاتە هیچ هاوەڵ و هاوبەش و شەریکێکی نییە و من بەوە فەرمانم پێ دراوە و من یەکەم کەسی موسوڵمانانم." لەم ئایەتە پیرۆزەوە دەردەکەوێت پەیوەندیی مرۆڤ بە پەروەردگارەوە دوو لایەن لەخۆ دەگرێت، کە ئەوانیش ئیمانی "عەقیدەیی" و بەندایەتییە:  

- ئیمانی، واتە باوەڕبوونی تەواو بە خودایەتی و تاك و تەنیایی و خاوه‌ندارێتیی خودای گەورە، کە بنچینە و بنەمای عەقیدە و باوەڕبوونە بە ڕۆژی دوایی و فریشتەکان و پێغەمبەران و ئەو کتێبانەی بۆیان هاتووە و بڕبڕەی ژیانی ڕۆحی و کرۆکی دڵنیایی دەروونی و سەرچاوەی ئاسوودەیی مرۆڤە، هەروەها بنەمایە بۆ پابەندبوون بە ئایین و پەرستشەکان و ڕەوشت و ئەحکامەکانەوە. ئیمان بە خودا، واتە باوەڕبوون بەوەی كه خودا پەروەردگار و بەدیهێنەر و خاوەنی هەموو شتێکە و هەموو سیفاتێکی باشی هه‌یە و بێ کەموکوڕییە و تەنیا ئەوە دەتوانێت خۆشی و ناخۆشی بێنێتە ڕێمان، ئەمەش هۆکارە بۆ نەمانی خەم و ئازار و بێئومێدی (چونکە خەم و ئازار ترسناکترین بارن بۆ داڕووخانی دەروونی) و گەیشتنە بە بەرزترین ئاستی دەرووندروستی و یارمەتیی تاك دەدات كه جیاوازی لەنێوان ڕاستی و ناڕاستیدا بکات و لە خراپە و ئارەزووبازی دوور بکەوێتەوە و ڕەفتاری گونجاو بکات كه لە بەرژەوەندیی کۆمەڵدا بێت، وەك دەفەرمووێت: ﴿وَإِنَّ مِنْ أَهْلِ الْكِتَابِ لَمَن يُؤْمِنُ بِاللَّهِ وَمَا أُنزِلَ إِلَيْكُمْ وَمَا أُنزِلَ إِلَيْهِمْ خَاشِعِينَ لِلَّهِ لَا يَشْتَرُونَ بِآيَاتِ اللَّهِ ثَمَنًا قَلِيلًا ۗ أُولَٰئِكَ لَهُمْ أَجْرُهُمْ عِندَ رَبِّهِمْ ۗ إِنَّ اللَّهَ سَرِيعُ الْحِسَابِ﴾ (آل عمران: ١٩٩)، واتە: "بەڕاستی هەندێك کەس لە خاوەنانی کتێب کە باوەڕی بە خودا پتەو و دامەزراوە، هەروەها بەو قورئانەش کە بۆ ئێوە ڕەوانە کراوە و بەو کتێبانەش بۆ خۆیان پێشتر ڕەوانە کراوە، لە کاتێکدا ئەوانە ترسی خوایان لە دڵدایە و مەبەستیانە خوا لێیان ڕازی بێت، ئایەتەکانی خوا بە نرخێکی کەم نافرۆشن، ئەوانە پاداشتی خۆیان لای پەروەردگاریان وەردەگرن."   

- بەندایەتی: واته خودای گەورە هەموو بەندەکانی بۆ بەندایەتی و گوێڕایەڵی دروست کردووە، هەروەك دەفەرمووێت: ﴿وَمَا خَلَقْتُ الْجِنَّ وَالْإِنسَ إِلَّا لِيَعْبُدُونِ﴾ (الذاریات: ٥٦)، واتە: "بێگومان من پەری و ئادەمیزادم تەنها بۆ ئەوە دروست کردووە کە من بپەرستن و فەرمانبەردارم بن." هەر لە پێناو بەدیهێنانی ئەم ئامانجەشدایە كه خودای گەورە پێغەمبەرانی ناردووە، ئەمەش لە چەندین ئایەتی تری قورئاندا ئاماژەی پێ کراوە. لەگەڵ ئەمانەشدا خودای گەورە لە سوورەتی (النور)دا ئاماژە بەوە دەدات ئەو کەسەی گوێڕایەڵی پەروەردگار بێت؛ ئاسوودەیە، کە دەفەرمووێت: ﴿وَمَن يُطِعِ اللَّهَ وَرَسُولَهُ وَيَخْشَ اللَّهَ وَيَتَّقْهِ فَأُولَٰئِكَ هُمُ الْفَائِزُونَ﴾ (النور: ٥٢)، واتە: "ئەوەی فەرمانبەرداری خودا و پێغەمبەرەکەی بکات و لە خودا بترسێت و لە سەرپێچی و نافەرمانی خۆی بپارێزێت، ئەوانە سەرفراز و بە ئاوات گەیشتوون." کەواتە بەندایەتی بریتییە لە پابەندبوون بە فەرمانەکانی خودا و دوورکەوتنەوە لە قەدەغەکراوەکانی، ئەمەش هۆکاری نزیکبوونەوەی بەندەیە لە خوداوە، کە لە ڕێگەی ئەنجامدانی پەرستشەکانەوە بەدەست دێت، پەرستشەکانیش بریتین لە "شایەتیدان بەوەی خودا تاك و تەنیایە و محەمەد پێغەمبەر و نێردراوە لەلایەن خوداوە، نوێژکردن و زەکاتدان و بەڕۆژوبوونی مانگی ڕەمەزان و حەجکردن"، هەر یەکێکیش لەم ڕوکنانە کاریگەریی ئه‌رێنیی لەسەر دەروونی مرۆڤ جێ دەهێڵێت. 

- بەشێوەیەکی گشتی دەتوانین کاریگەرییە دەروونییەکانی پەیوەندیی مرۆڤ لەگەڵ خودادا، لەم خاڵانەدا بخەینە ڕوو:

أ. ئاسوودەیی و ئارامیی دڵ: خودای گەورە دەفەرمووێت: ﴿الَّذِينَ آمَنُوا وَتَطْمَئِنُّ قُلُوبُهُم بِذِكْرِ اللَّهِ ۗ أَلَا بِذِكْرِ اللَّهِ تَطْمَئِنُّ الْقُلُوبُ (الرعد: ٢٨)، واتە: "ئەوانەی باوەڕیان هێناوە، دڵ و دەروونیان ئارام دەبێت بە قورئان و پەیامەکەی خودای پەروەردگار. ئاگادار بن، دڵەکان هەر بە قورئان و یادی خودا خۆشنود دەبن و دەحەوێنەوە." سەیید قوتب له‌ ته‌فسیری ئه‌م ئایه‌ته‌دا دەفەرمووێت: ئەم ئاسوودەیی و ئارامییەی كه لەم ئایەتەدا ئاماژەی پێ کراوە، ئاسوودەییەکی تەواوە و مرۆڤ لە گشت بوارەکانی ژیانی؛ ئاسوودە و دڵنیا دەبێت. کەواتە باوەڕ بە خوا، ئارامی بە دڵ دەدات، بەتایبەتی کاتێك مرۆڤ تووشی ڕووداێکی ناخۆش دەبێت. ئەمەش یەکێکە لە ڕووکارەکانی دەرووندروستی. 

ب. خۆراکی ڕۆح: مرۆڤ لە جەستە و ڕۆح پێك هاتووە، وەك خودای گەورە لە سوورەتی دا دەفەرمووێت: ﴿وَإِذْ قَالَ رَبُّكَ لِلْمَلَائِكَةِ إِنِّي خَالِقٌ بَشَرًا مِّن صَلْصَالٍ مِّنْ حَمَإٍ مَّسْنُونٍ ۝ فَإِذَا سَوَّيْتُهُ وَنَفَخْتُ فِيهِ مِن رُّوحِي فَقَعُوا لَهُ سَاجِدِينَ ۝(الحجر: ٢٨-٢٩)، واتە: "من دروستکاری بەشەرێکم لە قوڕێکی وشك کە پێشتر قوڕێکی ڕەشباو و ترشاو بوو، جا کاتێك ڕێکوپێك و تەواوم کرد لەو ڕوحە تایبەتییەی کە من بەدیهێنەری ئەوم، پێم بەخشی." هەر بەشێکیشی مرۆڤ بۆ مانەوەی، پێویستی بە خۆراکە. خۆراکی هەریەکێکیان بریتییە لەو شتەی کە لێی دروست بووە، خۆراکی جەستە بریتییە لەو شتانەی لە زەویدا هەن کە خۆشی لە گڵ دروست بووە. کەواتە ڕۆحیش پێویستی بە خۆراکێکە پەیوەست بێت بە سەرچاوەکەیەوە، ئەویش بریتییە لە ئیمان و پەرستشەکان. ئەمەش واتە تەواوکاری لەنێوان جەستە و ڕۆحدا، کە یەکێکە لە نیشانەکانی دەرووندروستی. 

ج. هەستکردن بە دڵنیایی: ئیمان بە خودا، هەستی دڵنیایی دەدات بە مرۆڤ، چونکە دڵنیایە لەوەی هەمیشە کەسێك هەیە دەتوانێت بگەڕێتەوە لای و داوای لێ بکات، وەك خودای گەورە دەفەرمووێت: ﴿وَإِذَا سَأَلَكَ عِبَادِي عَنِّي فَإِنِّي قَرِيبٌ ۖ أُجِيبُ دَعْوَةَ الدَّاعِ إِذَا دَعَانِ ۖ فَلْيَسْتَجِيبُوا لِي وَلْيُؤْمِنُوا بِي لَعَلَّهُمْ يَرْشُدُونَ﴾ (البقرة: ١٨٦)، واتە: "ئەی محەمەد، ئەگەر بەندەکانم پرسیارت لێ بکەن دەربارەم، ئەوە من نزیکم لێیانەوە، بە هانا و هاواری نزاکانیانەوە دەچم هەر کاتێك لێم بپاڕێنەوە و نزا بکەن." هەموو ئەمانەش دڵنیایی و ئاسوودەیی بە مرۆڤ دەبەخشێت کە سیفاتێکی دیاری دەرووندروستییە لای تاک.  

د. ئاسوودەیی: ئاسوودەیی ئەو شتەیە کە گشت مرۆڤەکان، هەژار و دەوڵەمەند، گەورە و بچووک، لە گشت شوێن و کاتێکدا هەوڵی بۆ دەدەن. بۆ بەدەستهێنانی ئاسوودەیی لە دنیادا، ئیسلام ئەمر بە چاکە و دوورکەوتنەوە لە خراپە دەکات. لە سوورەتیدا خودای گەورە باسی لوقمان دەکات کە ئامۆژگاریی کوڕەکەی دەکات و دەفەرمووێت: ﴿يَا بُنَيَّ أَقِمِ الصَّلَاةَ وَأْمُرْ بِالْمَعْرُوفِ وَانْهَ عَنِ الْمُنكَرِ وَاصْبِرْ عَلَىٰ مَا أَصَابَكَ ۖ إِنَّ ذَٰلِكَ مِنْ عَزْمِ الْأُمُورِ (لقمان: ١٧)، واتە: "کوڕی شیرینم، نوێژەکانت بەچاکی ئەنجام بدە، فەرمان بە چاکە بدە و قەدەغە لە گوناهـ و خراپە بکە." لەبەر ئەوە هەر کەسێك پابه‌ند بێت بە فەرمانەکانی خودا و دوور بکەوێتەوە لە قەدەغەکراوەکانی، ئەوا ئاسوودەیی بەدەست دەهێنێت.

هـ. دڵنیابوون لە ڕزق و ڕۆزی: کاتێك مرۆڤ باوەڕی بە خودا بوو، دڵنیایە لەوەی ڕۆزیی لە ئاسمانەوە بۆ دیاری کراوە و هیچ کەسێك لەسەر زەوی ڕزقی نادات، ئەگەرچی ڕەنگە کەسانی تر ببنە هۆکاری بەدەستهێنانی ڕزقێک، بەڵام ڕۆزیدەری ڕاستەقینە هه‌ر ته‌نیا خودای گەورەیە، ئەم دڵنیاییەش لە ئیمانەوە سەرچاوە دەگرێت. خودای گەورە دەفەرمووێت: ﴿وَفِي السَّمَاءِ رِزْقُكُمْ وَمَا تُوعَدُونَ (الذاریات: ٢٢)، واتە: "سەرچاوەی ڕزق و ڕۆزیتان لە ئاسمانەوەیە." لە ئایەتی (٥٨)یشدا دەفەرمووێت: ﴿إِنَّ اللَّهَ هُوَ الرَّزَّاقُ ذُو الْقُوَّةِ الْمَتِينُ (الذاریات: ٥٨)، واتە: "بەڕاستی هەر خودا خۆی ڕۆزیبەخشە و خاوەنی هێز و دەسەڵاتی پتەوە." ئەمەش دڵنیایی تەواو بە مرۆڤ دەبەخشێت. 

و. دڵنیابوون لە ژیان و مردنی: خودای گەورە لە قورئانی پیرۆزدا دەفەرمووێت: ﴿وَمَا كَانَ لِنَفْسٍ أَن تَمُوتَ إِلَّا بِإِذْنِ اللَّهِ كِتَابًا مُّؤَجَّلًا ۗ ... (آل عمران: ١٤٥)، واتە: "هیچ کەسێکیش نامرێت، مەگەر بە ویستی خوا نەبێت." ئەمە واتە مردن بۆ هەموو دەروونێك هەیە، بەڵام خودای گەورە هۆکارێك دەکات بە هۆی مردنەکەی، ئەم ئایەتە مرۆڤ دڵنیا دەکاتەوە لەوەی كه‌ ژیان و مردنی لە دەستی خودای گەورەدایە و کەسانی تر ناتوانن زیانی پێ بگەیەنن، بەمەش ئاسوودەیی دەروونی بەدەست دەهێنێت.