دووپاتکردنەوە لە قورئاندا

لە قورئانی پیرۆزدا جارجارە هەندێک لەفز یان ڕستە، تەنانەت ئایەتیش دووبارە دەبێتەوە

دووپاتکردنەوە لە قورئاندا

لە قورئانی پیرۆزدا جارجارە هەندێک لەفز یان ڕستە، تەنانەت ئایەتیش دووبارە دەبێتەوە، جاری واش هەیە بە هەمان پیت و وشە ئایەتەکان دووبارە دەبنەوە.

لە چیرۆکەكانى قورئانیشدا بە ڕوونی دیاردەی دووبارەبوونەوە دەبینرێت، بەڵام ئەگەر بەوردی بڕوانینە سیاقی ئایەتەکان دەبینرێت بەپێی جۆری باس و چارەسەرەکەی بۆ مەبەستێکی عەقیدی یان ڕەوشتی یان یاسایی، یان هەر جۆرە چارەسەرێکی تر، جیاوازییەک لە بەکارهێنانی وشەکان و زارەوەکاندا، یان پێش و پاشخستنیان، بەدی دەکرێن.

دوبارەکردنەوەی قورئانی پیرۆز بۆ بابەتگەلێک یان چەند چەمکێک بێگومان بێ مەبەست نیيە، چونکە بێ مه‌به‌ستی لەگەڵ جوانیی و تۆکمەیی و بەرزيی ئاستی قورئاندا ناگونجێت.

شێخ موحەممەد موتوەلی شەعراوی دەڵێت: ئەوانە دووبارەبوونەوە نین، بەڵکو دامەزراندنی مانایەکی نوێیە، لە ڕواڵەتدا دووبارەبوونەوەیە، بەڵام لەلایەکی ترەوە دەبینین کە سیاقەکەی ئەوە دەخوازێت..

دووبارەبوونەوەی لەفزێک لە قورئاندا  مانایەکی نوێی تێدایە, مەبەست پێی هێنانەوەی مەبەستێک یان دووپاتکردنەوەی مانایەکە، واتە بۆ حیکمەتێکی دیاریکراو.. دووبارەکردنەوەی شێوازێکی ڕەوانبێژیيە لە عەربیدا.. لای ڕەوانبێژان و ڕاڤەکاران دووبارەکردنەوەی دانا و مەبەستدارە و, شێوازێکی ڕەوانبێژی بەرزە و "إضافة"یەک دەخاتە سەر واتا یان لەفزە نوێیەکە بۆ مەبەستێکی ڕەوانبێژی. هەندێک پێی دەڵێن "التنویع". قورئان بابەتەکانی و ڕاستيیەکانی بە چەند شێوازێکی جیاجیا نمایش دەکات و, هەر جارێکیش كه ئەو بابەتەی باس کردووە زیادەیەکی لەفزیی یان واتای دەخاتە سەر. کاتێک قورئان هەندێک ئایەت یان لەفز یان ڕستە یان بابەت یان چیرۆک دووبارە دەکاتەوە, بە مەبەستە و, بۆ حیکمەتێک دووبارەیان دەکاتەوە و, بۆ مەبەستێکی ڕەوانبێژی یان ئایینیی. (بڕوانە: إعجاز القرآن البیاني ودلائل مصدره الرباني، د. صلاح عبد الفتاح الخالدي، دار القلم-دمشق، ط١، ١٤٣٧هـ-٢٠١٦، ل٤٠٨-٤١٩).

مامۆستا سەعیدی نوورسیش لە یەکێک لە پەیامەکانیدا دەڵێت: "پاشان قورئانی پیرۆز جۆرێکی تری ئیعجازە بێ وێنەکەی خۆی بەوە دەردەخات کە بە چەشنێکی "ڕەوان" ڕستەیەک یان چیرۆکێک "دووپات دەکاتەوە" لەو کاتانەدا کە ڕێنمایی چەندین چینی جیاوازی خەڵکی بۆ چەند واتایەکی جۆراوجۆر و، چەندین پەند و عیبرەتی زۆر لەو ئایەتە یان لەو چیرۆکەدا دەکات. لەبەر ئەوە، قورئان داخوازی ئەوەیە کە دووپاتبوونەوەی تێدا بێت، چونکە هەروەک کتێبی پاڕانەوە و بانگەوازە، کتێبی زیکر و یەکتاناسینی خواوەندیشە. خۆ دیارە هەریەک لەمانە داخوازی دووپاتکردنەوەیە. کەواتە هەر ئایەتێک یان هەر چیرۆکێک لە قورئاندا دووپات کراوەتەوە، واتایەکی تازە و پەندێکی نوێی تێدایە". (وتەکان، بەدیعوززەمان سەعیدی نوورسی، فارووق ڕەسوول یەحیا کردوویە بە کوردی، چ٢، ١٣٨٥ک، ل٦٥٨-٦٧٧).

دکتۆر موحمەد ڕاتب نابولسییش پێی وایە: "دووبارەکردنەوە لە چیرۆکەکانی قورئاندا هەر جارەو لە گۆشەنیگایەکەوەیە، مەبەست پێی دامەزراندنی بیروباوەڕ و دووپاتکردنەوەی مانا سەرەکی و بنچینەییەکانە.. هەندێ جار بابەتی چارەنوسساز و گرنگ دووپات دەکاتەوە، کە ئەرکی سەر شانمانە گرنگی خۆی پێ بدەین"..

کەواتە دووبارەکردنەوە لە قورئانی پیرۆزدا مەبەست و دیاردەیەکی ڕەوانبێژییە و، بۆ ئامانجگەلێکی گرنگ و بنچینەیی هاتووە، بۆ جه‌ختکردنەوە لەسەر چەندین بەها و مانا و چەمکی پەیوەند بە بیروباوەڕ و ڕەفتار و هەڵسوکەوتی تاک و کۆمەڵ.