خوێندنەوەی هەردوو پەڕتووك
پەڕتووکی خوێنراو و پەڕتووکی سەیرکراو
د. ديارى احمد اسماعيل
قورئانی پیرۆز پەڕتووکی خوێنراوە (الکتاب المقروء)، بوونەوەریش پەڕتووکی سەیرکراو (الکتاب المنظور)ه، كه خوای گه‌وره خستوونیه‌ته پێش چاوی خاوه‌ن هه‌ستان.. ئێمه‌ی مرۆڤيش بەندەی ئەو خودایەین کە هەردووکیانی نیشان داوین بۆ خوێندنەوە و بیرکردنەوەیە لێیان.
دەربارەی قورئان خوای گەورە دەفەرموێت: ﴿كِتَٰبٌ أَنزَلۡنَٰهُ إِلَيۡكَ مُبَٰرَكٞ لِّيَدَّبَّرُوٓاْ ءَايَٰتِهِۦ وَلِيَتَذَكَّرَ أُوْلُواْ ٱلۡأَلۡبَٰبِ ٢٩﴾ (ص).. کەواتە قورئان کە له لايه‌ن خوای گه‌وره‌وه هاتۆتە خوارەوە بۆ خوێندنەوەیە، بەڵام خوێندنەوەیەك بۆ تێڕامان لە ئایەتەکانی (لِّيَدَّبَّرُوٓاْ ءَايَٰتِهِۦ)، ئيتر ئەو کاته خاوەن دڵە زیندووەکان ئامۆژگاريی لێ وەردەگرن: (وَلِيَتَذَكَّرَ أُوْلُواْ ٱلۡأَلۡبَٰبِ)..
ده‌بێ ئەم خوێندنەوەیەش به‌و هه‌سته بێت کە قورئان بۆ سەر دڵی خوێنەرەکەی دابەزیوە، وەك ئه‌وه‌ی كه یەکەم وەرگر (متلقي) بەو شێوەیە مامەڵەی لەگەڵ کردووە: ﴿وَإِنَّهُۥ لَتَنزِيلُ رَبِّ ٱلۡعَٰلَمِينَ ١٩٢ نَزَلَ بِهِ ٱلرُّوحُ ٱلۡأَمِينُ ١٩٣ عَلَىٰ قَلۡبِكَ لِتَكُونَ مِنَ ٱلۡمُنذِرِينَ ١٩٤﴾ (الشعرا‌ء).. هەروەها ده‌بێ خوێندنەوەکە پچڕپچڕ نەبێت، وەك ئەوانەی قورئانیان بەش بەش کردووە و بە ویستی خۆیان مامەڵەی لەگەڵ دەکەن: ﴿كَمَآ أَنزَلۡنَا عَلَى ٱلۡمُقۡتَسِمِينَ ٩٠ ٱلَّذِينَ جَعَلُواْ ٱلۡقُرۡءَانَ عِضِينَ ٩١﴾ (الحجر).. چونکە قورئان ته‌لارێکی مەحکەمە و ئایەتەکانی ڕاڤه‌كار و په‌یوه‌ستكاری توندوتۆڵی نێوان یه‌كترین.
دەبێت هه‌ر سێ تەوەرە سەرەکییەکان کە قورئان گرنگییان پێ دەدات (یەکتاپەرستی - خۆپاککردنەوە - ئاوەدانکردنەوە)، زۆر بەوردی ڕەچاو بکرێن: یەکتاپەرستی (التوحید) مافی خوای گەورەیە بەسەر بەندەکانییەوە، کە باوه‌ڕی دامه‌زراویان به‌وه هه‌بێت خوای گەورە تەنها ئەو بەدیهێنەره، هەر ئەویش سەرپەرشتیار و پارێزەری هەموو شتێکە: ﴿ٱللَّهُ خَٰلِقُ كُلِّ شَيۡءٖۖ وَهُوَ عَلَىٰ كُلِّ شَيۡءٖ وَكِيلٞ ٦٢﴾ (الزمر)..
خۆپاککردنەوە (التزکیة) هه‌روه‌ك کاری پێغەمبەرانە، داواکارییەکی قورئانیشە: ﴿هُوَ ٱلَّذِي بَعَثَ فِي ٱلۡأُمِّيِّـۧنَ رَسُولٗا مِّنۡهُمۡ يَتۡلُواْ عَلَيۡهِمۡ ءَايَٰتِهِۦ وَيُزَكِّيهِمۡ وَيُعَلِّمُهُمُ ٱلۡكِتَٰبَ وَٱلۡحِكۡمَةَ وَإِن كَانُواْ مِن قَبۡلُ لَفِي ضَلَٰلٖ مُّبِينٖ ٢﴾ (الجمعة).. تەزکییەی نەفس و چاکسازیی (الإصلاح)، تا ئەو کاتەی مرۆڤەکان شایانی وەرگرتنی سیفەتی چاکە و چاکسازی دەبن، ئەو کاته مرۆڤ دەبێتە شایەنی جێبه‌جێ كردنی ئەرکی جێنیشینیی و گەیاندنی ئەمانەت و بەجێگەیاندنی ئەو پەیمانەی کە داویەتی بە خوای گەورە و، ئاوەدانکردنەوەی زەوی و، میراتگریی لە دونیادا: ﴿وَلَقَدۡ كَتَبۡنَا فِي ٱلزَّبُورِ مِنۢ بَعۡدِ ٱلذِّكۡرِ أَنَّ ٱلۡأَرۡضَ يَرِثُهَا عِبَادِيَ ٱلصَّٰلِحُونَ ١٠٥ ﴾ (الأنبیاء).
ئاوەدانکردنەوە (العمران)یش، ئەو کارەیە کە بە مرۆڤ سپێردراوە و، ئەو ئامانجەیە کە خوای گەورە سه‌رانسه‌ری ئه‌م سروشته به‌رینه‌ی بۆ مرۆڤ گوێڕایه‌ڵ و دەستەمۆ کردووە.
ئەم خوێندنەوەیە بۆ قورئانی خوێندراو، هێزێکی گەورە دەدات بە مرۆڤ کە بە پشتگیرییەکی خواییەوە بەرەو خوێندنەوەی پەڕتووکەکەی تری خوای پەروەردگار بڕوات، واته به‌ره‌و تێڕوانین لە دروستکراوەکانی خوای گەورە و زانینی ئەوەی کە مرۆڤەکان بە زانستە ئەزموونکارییەکانیان پێی گەیشتوون و فێری بوون.. لەنێو ئەوانیشدا خوێندنەوەی پاشماوه و شوێنەواری گەلانی پێشوو: ﴿أَفَلَمۡ يَسِيرُواْ فِي ٱلۡأَرۡضِ فَيَنظُرُواْ كَيۡفَ كَانَ عَٰقِبَةُ ٱلَّذِينَ مِن قَبۡلِهِمۡۚ كَانُوٓاْ أَكۡثَرَ مِنۡهُمۡ وَأَشَدَّ قُوَّةٗ وَءَاثَارٗا فِي ٱلۡأَرۡضِ فَمَآ أَغۡنَىٰ عَنۡهُم مَّا كَانُواْ يَكۡسِبُونَ ٨٢﴾ (غافر).. واته کۆکردنەوەی هەردوو خوێندنەوەکە، جێبەجێکردنی فەرمانی یەکەمین ئایەتەتەکانی قورئانە: ﴿ٱقۡرَأۡ بِٱسۡمِ رَبِّكَ ٱلَّذِي خَلَقَ ١﴾ (العلق).
دەپرسن - بە گلەییەوە - ئایا موسڵمانان کامیان بخوێننەوە؟ یەکەم جار ده‌قه‌كان پاشان بوونەوەر؟ یان وەك ڕۆژئاواییەکان تەنها بوونەوەر بخوێننەوە و دەقەکان فه‌رامۆش بكه‌ن!؟
بێگومان خوێندنەوەی دەق بەدەر لە ڕوانین لە نیشانە گەردوونییەکان و دوور لە واقیع هەردەم هۆکاری کەنارگیریی و ڕەهبانییه‌ت و دابڕانی مرۆڤ بووە لە ئەرکە ئییمانییەکانی. بەو واتایەی كه گەڕان بە زەویدا و کارکردن و ژیارسازیی فه‌رمانێکی قورئانییە و ئه‌ركێكه خستوویه‌تیه ئه‌ستۆی مرۆڤه‌وه، پشتگوێخستنی تاوانێکی گەورەیە.. بەهەمان شێوەش كاركردن بۆ دونیا و دابڕاندنی لە قیامەت و بەرچاوڕۆشن نەکردن بە (سرووش)ی خوایی گومڕاییە و، داڕنینی نیعمەت و دەستکەوتە ماددییەکانە لە بەها جوان و بەرزەکانی بوون و مرۆڤایەتی، ته‌نانه‌ت دەبێتە خەشمێك لە دژی مرۆڤایەتی و، بەرەو هەڵدێر و ڕوخانی ژیان: ﴿وَمَنۡ أَعۡرَضَ عَن ذِكۡرِي فَإِنَّ لَهُۥ مَعِيشَةٗ ضَنكٗا وَنَحۡشُرُهُۥ يَوۡمَ ٱلۡقِيَٰمَةِ أَعۡمَىٰ ١٢٤﴾ (طه).
بێگومان ئه‌گه‌ر هه‌ردوو خوێندنه‌وه‌كه شانبه‌شانی یه‌كتر بێت ئه‌وا بیناییه‌كی تیژ و تێگه‌یشتنێكی قووڵ و زانستییانه‌تر بۆ مرۆڤ ده‌سته‌به‌ر ده‌كات، ئه‌وكاته‌ش ده‌ره‌نجامی تێڕوانین و خوێندنه‌وه‌كانى مرۆڤ له‌سه‌ر بناغه به‌هێزه‌كانى "علم الیقین" و "عین الیقین" داده‌مه‌زرێت و، وه‌ڵامی گه‌لێ له‌و پرسیارانه‌ش به ده‌ست دێت كه خولیای مرۆڤن و، ئاسووده‌یی ڕاسته‌قینه‌ی دڵ و ده‌روون به مرۆڤ ده‌به‌خشن، وه‌ك خوای گه‌وره ده‌فه‌رموێ: ﴿ٱلَّذِينَ ءَامَنُواْ وَتَطۡمَئِنُّ قُلُوبُهُم بِذِكۡرِ ٱللَّهِۗ أَلَا بِذِكۡرِ ٱللَّهِ تَطۡمَئِنُّ ٱلۡقُلُوبُ ٢٨﴾ (الرعد).