باوەڕ و متمانە بە خودا سیستەمی بەرگری لە مرۆڤدا بەهێز دەکات

باشبوونی لایەنی ڕۆحی، دەبنە هۆی بەهێزبوونى دەزگای بەرگری مرۆڤ

باوەڕ و متمانە بە خودا سیستەمی بەرگری لە مرۆڤدا بەهێز دەکات

 

د. شوان حسێن سۆفی - دكتۆرا لە زیندەفرمانزانی (Physiology) 

 

  بە پێى ده‌رەنجامی چەندین توێژینەوەی زانکۆ گەورەکانی جیهان, دەرکەوتووە باوه‌ڕ و متمانه بە خودا و ئایینداری و باشبوونی لایەنی ڕۆحی, دەبنە هۆی کارایى و بەهێزبوونى دەزگای بەرگری مرۆڤ Immunity system و, زوو چاکبوونەوە لە نەخۆشییە جەستەییەکان. هه‌روه‌ها کەمکردنەوەی سترێس و شڵەژانە دەروونییەکانى وەک ترس و دڵەڕاوکێ و گرژیی دەماری و خەموپەژارە و خەمۆکی, ئه‌ویش به‌هۆی چەندین میکانیزمی زیندەفرمانی لەش وەک زیادبوون و کاراکردنی خانە بەرگرییەکان Immuno cells, هه‌روه‌ها کەمکردنەوەی هەوکردنەکان Inflammation و کەمکردنەوەی کاریگەرییە خراپه‌کانی سترێسەکانی سایکۆلۆجی و فیسیۆلۆجی لەسەر لەش و بیروژیری مرۆڤ. 

توێژینەوەیه‌کی زانکۆی (هارڤارد) لە نەخۆشخانەی (ماکلێن) دەریخستووە, ئەوانەی ئاستی بڕوابوون و متمانەیان بە خودا باشە وەڵامیان بۆ چارەسەرە پزیشکییە دەروونییەکان زۆر کارا و باشبووە و یارمەتیده‌ر بووه بۆ خێرا چاکبوونەوەیان له تێکچوون و شڵەژانە دەروونییەکانی وەک خەمۆکی و دڵەڕاوکێ و...تاد (1).

توێژینەوه‌یەکی تر له زانکۆی (ئارکانسەس)ی ئەمریکی دەریخستووە, کەوا باوه‌ڕ و ئایینداری و پەیوەندی بەهێز بە خودای پەروەردگار، یارمەتی خێرا چاکبوونەوەی نەخۆشییەکانی شێرپەنجە دەدات و دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی ئێشوئازارەکانی نەخۆشەکانی شێرپەنجە و، باشبوونی تەندروستی جەستەیی مرۆڤ لە ڕێگەی بەهێزکردن و کاراکردنی دەزگای بەرگری و خێراکردنی وەڵامی چارەسەرە پزیشکییەکان لە جەستەی كه‌سه‌ نەخۆشەکانی شێرپەنجەدا (2).

هەروەها توێژینەوەیەکی زانکۆی (میسۆری) دەریخستووە, کەوا بیرۆکە و گومانی نەرێنى و خراپ دەربارەی ئیمان و, بوونی بیری ئیلحادیی  دەبێتە هۆی زیادبوونی ئێشوئازارەکانی نەخۆشیی و دابەزینی ئاستی تەندروستی لەش و دەروونی، له‌ به‌رامبه‌ردا هەر چەند باوه‌ڕ و متمانە بە خودا باشتربێت, ئەوەندەش تەندروستی جەستە و دەروونی و بیر وهۆش باشتر و چاکتر دەبێت, ئەوانەی گومانیان باشە بە خودا تەندروسترن لە ژیانیادا (3).

دەرەنجامی سەدان توێژینەوەی تاقیکاریی ده‌ریانخستووه‌, که سترێس و فشارە دەروونییەکانى وەک ترس و دڵەڕاوکێ و خەمۆکی و شڵەژانی دەروونیی, هۆکاری سەرەکی لاوازکردنی سیستەمی بەرگری و لە90% ى دەرد و نەخۆشییەکانن لە مرۆڤدا (4-5).

مرۆڤی بڕوادار پشت بە خودا دەبەستێ و متمانەی تەواوی بەو ڕاستییه‌ هەیە كه هیچ شتێک بە بێ ویستی خودا ڕوونادات و, خۆی و ژیان و کاروباری بە ئه‌و سپاردووە ﴿وَلِلَّهِ غَيْبُ السَّمَاوَاتِ وَالْأَرْضِ وَإِلَيْهِ يُرْجَعُ الْأَمْرُ كُلُّهُ فَاعْبُدْهُ وَتَوَكَّلْ عَلَيْهِ ۚ وَمَا رَبُّكَ بِغَافِلٍ عَمَّا تَعْمَلُونَ﴾ (هود: ١٢٣). بڕوای تەواوی هەیە به‌وه‌ی کە شیفا و چارەسەری نەخۆشییەکان لای پەروەردگاری بە دەسەڵات و بە توانا دایە،  لە هۆکارەکانی خودا ڕا دەکات بۆ لای خوڵقێنه‌ر و خودای هۆکارەکان، هیچ پەناگە و داڵدەیه‌ک لە دەرد و ناخۆشییەکانی ژیان نییە, تەنها پەناگە و داڵدەی ئەو نەبێت. بۆیە زۆر دوورە لە سترێسه دەروونییه‌كانی وەک ترس و دڵەڕاوکێ و خەموپەژارە و گرژی دەماری کە ڕوخێنەر و وێرانکەری سیستەمی بەرگرین، بەردەوام لە بارێکی دەروونیی زۆر ئارام و ئاسوودە دایە و دڵی پڕە لە هیوا و ئومێد بە خودا و هەرگیز تووشی سترێس و فشار و شڵەژان و شپرزەیی دەروونی نابێت و, خاوەنی دەزگا و سیستەمێکی بەرگری بەهێز و کارایە ﴿... فَمَنِ اتَّبَعَ هُدَايَ فَلَا يَضِلُّ وَلَا يَشْقَىٰ﴾ (طه: ١٢٣).



سەرچاوەکان:

(1)David H. Rosmarin, Joseph S. Bigda-Peyton, Sarah J. Kertz, Nasya Smith, Scott L. Rauch, Thröstur Björgvinsson. A test of faith in God and treatment: The relationship of belief in God to psychiatric treatment outcomes. Journal of Affective Disorders, 2013; 146 (3): 441 DOI: 10.1016/j.jad.2012.08.0.

(2)Jim HS, Pustejovsky JE, Park CL, et al. Religion, spirituality, and physical health in cancer patients: A meta-analysis. Cancer. 2015;121(21):3760–3768. doi:10.1002/cncr.29353. 

(3)Angela Jones, Daniel Cohen, Brick Johnstone, Dong Pil Yoon, Laura H. Schopp, Guy McCormack, James Campbell. Relationships Between Negative Spiritual Beliefs and Health Outcomes for Individuals With Heterogeneous Medical Conditions. Journal of Spirituality in Mental Health, 2015; 17 (2): 135 DOI: 10.1080/19349637.2015.1023679 

(4)McLeod, S. A. (2010). Stress, illness, and the immune system.

(5)Jennifer N. Morey, Ian A. Boggero, [...], and Suzanne C. Segerstrom.Current Directions in Stress and Human Immune Function.Curr Opin Psychol. 2015 Oct 1; 5: 13–17.