ئایدز لە نێوان موسڵمانان و مەسیحییەكاندا

ئایدز ئەو نەخۆشییە مەترسیدار و کوشندەیەیە کە چۆك بە مرۆڤ دادەدات

ئایدز لە نێوان موسڵمانان و مەسیحییەكاندا

و: سۆزیار مەحموود 

 

ئایدز ئەو نەخۆشییە مەترسیدار و کوشندەیەیە کە چۆك بە مرۆڤ دادەدات و, وا لە سیستمی بەرگری دەکات توانای ڕووبەڕووبوونەوەی لە بەرامبەر سادەترین جۆری بەکتریا و ڤایرۆس و مشەخۆر و کەڕووەکان نەمێنێت، ئەم نەخۆشییە بە هۆی ڤایرۆسیHIV (human immunodeficiency virus)  لە ڕێگەی سێکس لەگەڵ کەسی هەڵگری ڤایرۆسی HIV دەگوازرێتەوە، یاخود بەکارهێنانی دەرزیی هاوبەش لەگەڵ ئەو جۆرە کەسانە وەک ئەوەی دەبینرێت لەناو کەسانی ئالوودەبوو بە ماددە هۆشبەرەکان، هەروەها بە هۆی وەرگرتنی خوێنێک کە ڤایرۆسەکەی تێدا بێت یاخود لە دایکی هەڵگرەوە بۆ کۆرپەکەی.  

سەرنج دەخەینە سەر یەکێک لە توێژینەوەکان کە لە ساڵی۲۰۱۰ ئەنجام دراوە و لە ساڵی  ۲۰۱۲ لە  SCIRP(Scientific Research Publishing)  بڵاو کراوەتەوە.  

 توێژینەوەکە لە وڵاتی یوگاندا لە ڕۆژهەڵاتی ئەفەریقا ئەنجام دراوە، تيايدا تیشک خراوەتە سەر ڕۆڵی ئایین - ئیسلام و مەسیحیەت - لە ڕێگریکردنی تووشبوون بە ڤایرۆسیHIV  لە یوگاندا. 

بەگوێرەی ئامارەکانی ساڵی ٢٠٠٤-٢٠٠٥، ڕێژەی تووشبوون بە HIV لە یوگاندا زۆرترینی لە نێوان مه‌سیحییه‌کان و کەمترینی لە نێوان موسڵمانەکان تۆمار کراوە. هه‌روه‌ها لە ساڵی ۲۰۱۱ ڕێژەی تووشبوون زیادی کرد لە نێوان خاوەن ئایینە جیاوازەکان و بێ ئایینەکاندا، بەڵام بە کەمترین ڕێژە لە نێوان مسوڵمانەکاندا زیادی کرد. 

ئەو کەسانەی بەشدارییان پێ کرا، تەمەنیان لە نێوان ۱٥ بۆ ۲٤ ساڵیدا بوو، دوای سەردانیکردنی ۳۰ مزگەوت و ۳۰ کڵێسا لە ڕێگەی مەلا و قەشەکانیانەوە پەیوەندییان بە ئەو ماڵانەوە دەکرد کە کەسانی تەمەن ۱٥ بۆ ۲٤ ساڵی تێیدا دەژیان، دوای وەرگرتنی مۆڵەت لە کەسەکان خوێنیان لێ وەرگیرا بۆ مەبەستی پشکنینی ڤایرۆسیHIV . لە توێژینەوەکەدا ۳۳ پرسیار ئامادە کرا بۆ پێوانەکردنی ئاستی پەیوەستبوونیان بە ئایینەوە زۆر بەوردی . 

توێژینەوەکە لە لایەن زانکۆی ماکیریری و کۆنسوڵی نەتەوەیی بۆ زانست و تەکنەلۆجیا پەسەند کراوە.  

بە تێکڕا ٤۲٦۸ کەس بەشدارییان کرد: ۲۹۳۳ مەسیحی و ۱۲۲٤ موسڵمان لە ئەنجامدا، دەرکەوت ڕێژەی تووشبوون بە ڤایرۆسی HIV لە نێوان گەنجە مەسیحییەکان ۱۰٦ کەس بوو، لە کاتێکدا لە نێوان گەنجە موسڵمانەکان تەنها ۲۹ کەس تووشی ڤایرۆسەکە بووبوون.  

لە کۆتاییدا ئەنجامی توێژینەوەکە باس لەوە دەکات كه هه‌تا ڕێژەی پەیوەستبوون بە ئایینەوە زۆرتر بێت خۆ بە دوورگرتن لە سێکسی ناشەرعی و ماددە کهولییەکان زۆرترە و، ڕێژەی تووشبوونیش بە ڤایرۆسی  HIVیش کەمترە.



سەرچاوە:

Kagimu, S. Kaye, W. Yusuf, D.Guwatudde, C. Rwabukwali, and D. Ainomugisha, "The Role of Religiosity in HIV Prevention in Uganda: A Case-Control Study among Muslim and Christian Youth in Wakiso District," World Journal of AIDS, Vol. 2 No. 4, 2012, pp. 286-293. DOI: 10.4236/wja.2012.24038.