گرنگی و بێوێنەیی قورئانی پیرۆز

بێ وێنەیی قورئانی پیرۆز

گرنگی و بێوێنەیی قورئانی پیرۆز
گرنگی و بێوێنەیی قورئانی پیرۆز

ئا: خدر یاسین



پێشەكی:

كاتێك سەیری ئەم جیهانە و دروستكراوەكانی ناوی دەكەین، بۆمان دەردەكەوێت كە بە ئەوپەڕی ڕێكی و ئەندازەگیر هێنراوەتە بوون، بێ ئەوەی كەموكوڕی لە هیچ دروستكراوێكدا هەبێت و, ناهاوسەنگی و لێكترازان ڕوو بدات، ئەمەش دەرخەری ئەوەیە كە لەلایەن زاتێكی گەورە و زانا و كاربەجێوە بەدی هێنراون، ئەو زاتەش خودای تاك و تەنيای دانایە، هیچ كارێكی بێ دانایی و چاكە نییە، هەروەها ناز و بەخششەكانیشی نەبڕاوەن و خراونەتە گەڕ لە خزمەتی مرۆڤ، تا جگە لەو؛ كەسی تر بە خاوەن نیعمەتەكان نەزانێت و تەنها سوپاسی ئەوی لەسەر بكات نەوەك ئەوانی تر. 

 یەكێك لە نیعمەتەكانی خودای پەروەردگار بریتییە لە: قورئانی پیرۆز، كە موعجیزەیەكی درەوشاوە و هەتاهەتاییە، لەو كاتەی دابەزیوە تا ئێستا؛ هەڵە و دەستكاریی تیا نەبووە و نایشیبێت، چونكە خودای گەورە بەڵێنی پاراستی داوە، بەردەوامیش گرنگیپێدان و لێكۆڵنەوەش لەسەری زیاد دەبێت. ﴿إِنَّا نَحْنُ نَزَّلْنَا الذِّكْرَ وَإِنَّا لَهُ لَحَافِظُونَ﴾ (الحجر: ٩)، واتە: "بێگومان هەر ئێمە قورئانمان ناردۆتە خوارەوە و بەڕاستی هەر ئێمەش دەیپارێزین." 

 گرنگترین ئەو  بابەتانەی توێژەوەرانی قورئان گرنگییان پێ داوە: 

١. قورئانی پێرۆز و بەرهەڵستیكردنی عەرەبەكان لە لایەنی زمانەوانییەوە:

عەرەبەكان بە زمانپاراوی و ڕەوانبێژی بەناوبانگ بوونە, هەر لە كۆنەوە تا ئێستا. هه‌ر بۆیه‌ قورئانی پیرۆز بەرهەڵستیی كردوون بەوەی كه ئه‌گەر دەتوانن دە ئایەتی هاوشێوەی یان یەك نموونەی وەك قورئان بهێنن، نەیانتوانیوە و ناتوانن كارێكی لەم شێوەیە ئەنجام بدەن.   

﴿وَإِن كُنتُمْ فِي رَيْبٍ مِّمَّا نَزَّلْنَا عَلَىٰ عَبْدِنَا فَأْتُوا بِسُورَةٍ مِّن مِّثْلِهِ وَادْعُوا شُهَدَاءَكُم مِّن دُونِ اللَّهِ إِن كُنتُمْ صَادِقِينَ﴾ (البقرە: ٢٣)، اتە: "ئەگەر سەبارەت بەو قورئانەی ئێمە ناردوومانەتە سەر بەندەی خۆمان محەمەد () ، ئێوە دوودڵ و بەگومانن ئاخو ڕاستە یان نا؟ ده سا ئێوه‌ هەوڵ بدەن هیچ نەبێت بچووكترین سوورەتێك وەك ئەو بێنن بۆ ئەوەش شایەت و هاوباوەڕەكانتان، ئەوانەی وا لە كاتی تەنگانەدا پەنایان پێ دەدەن بێجگە لە خودا بانگ بكەن، ئەگەر ئێوە ڕاست دەكەن كە دەڵێن محەمەد () خۆی هەڵیبەستووە، خۆ ئێوەش خۆشخوان و  ڕەوانبێژن، دەسا فەرموو وەك كورتترین سوورەتی بێنن(١)."

وەك زانایان ئاماژەیان پێ كردووە، پەیامەكە له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هی خودای گەورەیە، ئەوا بەرهەڵستییەكە بەهێز و گەورەیە. عەرەبەكانی قورەیش بەتایبەتی سەرسام دەبوون كە گوێیان لە یەك ئایەت دەبوو، حەزیان دەكرد ئایەتی تازە زوو دابەزیایە تا دانەبڕێن لە خوێندنەوە و بیستنی، چ جای ئەوە بە هەموویان بتوانن یەك ئایەت بهێننەوە!

٢. قورئانی پیرۆز و هەمەجۆریی بابەتەكانی:

زۆرن ئەو كتێبانەی كە بابەتی هەمەجۆر و سەیروسەمەرەیان تیایە، بەڵام مەرجە بابەتەكانی نێویان سوودبەخش بن و، نەوە لەدوای نەوەی مرۆڤه‌كان لێی بەهرەمەند بن، مەرجیش نییە تەواوی شتەكانیان باس كردبێت و بێ هەڵە بووبن، به‌ڵام یەكێك لەو پەرتووكانەی كە بێ هەڵەیە و، هەموو شتێكی تیا باس كراوە، بەردەوام سەنگین و گەورەییەكەی دەردەكەوێت، بریتییە لە قورئانی پیرۆز، بابەتەكانی ناوی بە شێوازێكی وا داڕێژراون كە لەگەڵ هەموو كات و سەردەم و شوێنێكدا دەگونجێت، هەر سەردەمە و نھێنییەك یان چەند تایبەتمەندییەكی تیادا دەدۆزرێتەوە و، ساڵانە لە چەندین وڵاتێكی جیاواز كۆنگرەی گەورە و گاریگەری لەسەر دەبەسرێت، ئەمە لە هیچ شارستانیەتێك و كتێبێدا نەبووە و نابێت. بۆ نموونە؛ كاتێك سەرنجی ئەو ئایەتە دەدەین كە باسی تێكەڵنەبوونى دوو ده‌ریا ده‌كات: ﴿مَرَجَ الْبَحْرَيْنِ يَلْتَقِيَانِ ۝ بَيْنَهُمَا بَرْزَخٌ لَّا يَبْغِيَانِ ۝(الرحمن: ١٩-٢٠)، واتە: "دوو دەریای بەرەڵا كردووە كە دەگەن بەیەك، لە نێوانیاندا بەربەستێك هەیە تا دەستدرێژی بۆ یەك نەكەن (واتە تێكەڵ نەبن)."

یاخود شەقبوونی مانگ و پاشان هاتنەوەی بەیەكدا وەكوو خۆی، ئێستاشی لەگەڵدا بێت شوێنەوارەكەی هەر ماوە ﴿اقْتَرَبَتِ السَّاعَةُ وَانشَقَّ الْقَمَرُ﴾ (القمر: ١) ،  واتە: "ڕۆژی دوایی نزیك بوویەوە وە مانگ لەت بوو."

وە هەروەها نێزەك كە خودای گەورە بەسەر گەلانی بێباوەڕی پێشتری ناردۆتە خوار وەك سزایەك بۆ سەرپێچییەكانیان، ئەم حاڵەتە ئێستاشی لەگەڵدا بێت لە چەند ناوچەیەكی جیهان دووبارە دەبێتەوە، بۆ نموونە ئەو نێزەكەی كە لە ڕێکەوتی (٢٠١٣/٢/١٥) لە ناوچەی ئۆڕاڵی ڕووسیا كەوتە خوارەوە و بووە هۆی برینداركردنی هەزار كەس(٢). چەندان ڕووداو و بابەتی سەرنجڕاكێشی لەم چەشنانە و چەشنی تر، دەرخەری ئەوەیە كه قورئانی پیرۆز پەیامی خودای پەروەردگاری زانا و كاربەجێیە، نەوەك پێغەمبەرێكی وەك محەمەد () كە نەخوێندەوار بووە و، سەر بە هیچ ئایینێكی وەك جوولەكە و گاور نەبووە و، هێندە دنیای نەبینیبوو.

٣. موسڵمانبوونی زانایانی بوارە جیاوازەكان، دەرخەری بێوێنەیی قورئانە:

قورئانی پیرۆز كاریگەریی لەسەر ئێمەی موسڵمان هێندە بەهێز بێت ئه‌ی چۆن لەسەر ناموسڵمانەكان نایبێت، بگرە هەندێك جار لەسەر ئەمان بەهێزترە وەك لە ئێمە، ساڵانە چەندین كەسیان بە هۆی كاریگەرییە ناوازەكانی ئەم كتێبە پیرۆزە خوداییە كە قورئانە، ده‌ڕۆنه‌ ئامێزی ئیسلامه‌وه‌ و موسڵمان دەبن. نموونەكان زۆرن لەو بارەیەوە، بەڵام لەبەر نەبوونی ماوەی پێویست، تەنها چەند دانەیەكیان دەخەینە ڕوو بۆ بەرچاوڕوونیی ئێمەومانان. لەوانە:  

١. دكتۆر و زانانی فەڕەنسی مۆریس بۆكای، بە هۆی كاریگەریی ئایەتی: ﴿فَالْيَوْمَ نُنَجِّيكَ بِبَدَنِكَ لِتَكُونَ لِمَنْ خَلْفَكَ آيَةً ۚ وَإِنَّ كَثِيرًا مِّنَ النَّاسِ عَنْ آيَاتِنَا لَغَافِلُونَ﴾ (یونس: ٩٢) موسڵمان بوو، واتە: "ئەمڕۆ لاشەكەت لە دەریا ڕزگار دەكەین، بۆ ئەوەی ببێت بە پەند بۆ ئەوەی لەدوای تۆ دێت. وە بەڕاستی زۆرێك لە خەڵكی بێئاگان لە بەڵگە و نیشانەكانی ئێمە." چەندین پەرتووكی بەنرخیشی هەن، وەكو:

  • قورئانی پیرۆز و زانستی سەردەم.
  • قورئانی پیرۆز و تەورات و ئینجیل و زانست... هتد. لە ساڵی ١٩٩٨ز كۆچی دوایی كرد.

 

٢. یەكێكی تر لەو زانایانەی بە هۆی كاریگەریی قورئانی پیرۆزەوە موسڵمان بووە، پڕۆفیسۆر مارشاڵ جۆنسۆنە؛ سەرۆكی بەشی توێكار  و بەڕێوەبەری پەیمانگای "دانیال" لە زانكۆی "تۆماس جیفرسۆن" لە فیلادلفیای وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا، مامۆستا عەبدولمه‌جید زیندانی باسی ئەم زانایە دەكات و، دەڵێت: لە كۆنگرەی حەوتەمی پزیشكی لە سعوودیە كە بۆمان ڕێكخرابوو، یەكەم جار لەو كۆنگرەیەدا بینرا و، باسی ئەوەمان بۆ كرد كە قورئانی پیرۆز ١٤٠٠ ساڵ لەمەوبەر باسی وردەكارییەكانی ئەم بوونە و قۆناغەكانی دروستبوونی كۆرپەلە و گەشەكردنی كردووە، ئەویش زۆری بەلاوە سەیر دەبێت كە چون شتی وا ڕوو دەدات، هەروەكوو مامۆستا زیندانی باسی لێوە كردووە كە دواتر چەند ئایەتێكی قورئانی پیرۆزی لەسەر قۆناغەكانی گەشەی كۆرپەلە بۆ خوێندۆتەوە، زۆر بەلایەوە سەیر دەبێت و، دان بەوەدا دەنێت كە ئەم زانیارییانە ناكرێت ڕێكەوت بن. دواتر دەست دەكات بە لێكۆڵینەوە لەسەر ئەم ئایەتانە و ده‌ره‌نجام موسڵمان دەبێت(٣).

٣. دكتۆر فاندو بیك: یاساناسێكی بەلجیكیییە، سالی ١٩٨٦ز  موسڵمان بوو، وە ناوی خۆی نا "محەمەد مەهدی". ئەم زانایە یاسای لە زانكۆی بڕۆكسل خوێندووە و، پاشان دكتۆرای لە قانونی جینائیدا هێنا و بۆ ماوەیەك بووە مامۆستای زانكۆ، دوای ئەوەش ماوەیەك بووە جێگری سەرۆكی دادگای عەدلی نێوده‌وڵه‌تی، پاشان بووە ڕاوێژكاری یاسایی بۆ داواكارى گشتی لە ڕواندا، ئەمیش بە هۆی سادەیی و ڕۆحی هاوكاریی برایەتیی موسڵمانان سەرسام دەبێت و دوای گەشتکردن بۆ وڵاتە موسڵمانەكان و لێكۆڵینەوەی زیاتر لەسەر ئیسلام، قەناعەتی تەواوەتیی لەسەر ئیسلام بۆ دروست دەبێت و موسڵمان ده‌بێت، وەكوو خۆی لە بەشێك لە قسەكانیدا دەڵێت: من دەتوانم جەخت لەسەر ئەوە بكەم كە بە هۆی ئیسلامەوە خۆمم ناسی و  هەستم بە زاتی خۆم كرد، كاتێ كە قورئانم دەخوێند؛ لە هەموو ئایەتێكدا بیروبۆچونێكی تەواوی وام دەدی كە هەرگیز قسەی مرۆڤ نایگاتێ، بۆیە بڕیارم دا ڕۆژی بە لایەنی كەمەوە ئایەتێك بەچاكی تێبگەم(٤). ئەمانە و چەندەها نموونەی لەم چەشنانە هه‌ن، كه‌ ئه‌گه‌ر بمانەوێت باسیان بكەین كاتێكی زۆر دەخایەنێت، بەڵام ئەوەندە بەسە.

قورئانی پیرۆز كتێبێكە ڕووناكییەكەی هەرگیز كز نابێت و بەردەوام لە درەوشانەوەدایە.



سەرچاوەکان:

بەم نزیکانە بەردەست دەبێ!