زانست و خوانەناسان منیان گێڕایەوە ئامێزی قورئان

هه‌ر له‌و ساته‌وه‌ كه‌ خۆم ناسیوه‌، بڕوام به‌ به‌های ژيريى خۆم هێناوه‌

Jun 10, 2021 - 14:23
Mar 3, 2022 - 09:53
 0  167
زانست و خوانەناسان منیان گێڕایەوە ئامێزی قورئان

ن: خاتوو "حياة بن بادة"

و: جومعه هه‌مه‌وه‌ندی

 

هه‌ر له‌و ساته‌وه‌ كه‌ خۆم ناسیوه‌، بڕوام به‌ به‌های ژيريى خۆم هێناوه‌، بنه‌مای یه‌كلایی مه‌عریفە ‌(epistemology)م گرته‌به‌ر كه‌ "گاستۆن باشلار" له‌ هه‌ندێك بابه‌تی پسپۆڕیدا باسی لێوه‌ كردووه‌، سه‌رسامی كردم. هه‌رچی ده‌یبینم، هه‌وڵ ده‌دات كه‌ قه‌ناعه‌تم پێ بێنێت بنچینه‌ و بیردۆزه‌كانی وه‌ك خۆی قبووڵ بكه‌م.  

له‌ كاتی هه‌رزه‌كاریمدا كاتێك فه‌لسه‌فه‌م ده‌خوێند، مامۆستاكه‌ پێی وتين كه‌ ئه‌وه‌ دایكی زانسته‌كانه‌. ئه‌و بیرۆكه‌يه‌‌ی له‌ مێشكماندا چه‌سپاندى، ئه‌وه ‌بوو كه‌ فه‌لسه‌فه‌ پسپۆڕییه‌كی فراوانه‌ و زانسته‌كانی لێ بۆته‌وه‌، به‌ڵام فه‌لسه‌فه‌ لای من ته‌نها هاوواتایه‌كی وشه‌ی "تێڕامان"ه‌. 

چه‌ند سه‌خت بوو خه‌ڵك بتوانن تینوێتيم‌ بۆ زانیاری تێر بكه‌ن، بۆ مامۆستاكانیشم زۆر سه‌خت بوو كه‌ ئاگری پرسیاره‌كانم دامركێننه‌وه ‌و سنوورێك بۆ زیاده‌ڕۆییه‌كانم بۆ سه‌ر زانست دابنێن، كه‌ بیردۆزه‌ی زانا گه‌وره‌كانیشی گرته‌وه‌ كه تا ئه‌مڕۆش ئه‌و هه‌قیقه‌ته‌يه‌ جێی مشتومڕ نییه‌، بنه‌مایه‌كی ده‌روونییه ‌و ئاڵوگۆڕى به‌سه‌ردا نایه‌ت و كز نابێت! ئا له‌و ساته‌دا ئه‌و وته‌یه‌ی "باشلار" سه‌رنجی ڕاكێشام كه‌ ده‌ڵێن وتوویه‌تی: "كاتێك زانا ده‌چێته‌ تاقیگه‌وه‌، ده‌بێ هه‌موو ئه‌و بیروڕایانه‌ له‌یاد بكات كه‌ له‌ ژینگه‌كه‌ی، یان كۆمه‌ڵگه‌كه‌ی، یان چوارده‌وری وه‌ریگرتووه‌، چونكه‌ ئه‌و جیهانه‌ی تیایدا ده‌ژيين، ئه‌و جیهانه‌ نییه‌ كه‌ تیایدا بیر ده‌كه‌ینه‌وه‌!" 

به‌ر له‌ چه‌ند ساڵێك بڕیارم دا كه‌ خۆم ده‌ست پێ بكه‌م و، هه‌ندێك كتێب و بیردۆزه‌ بخه‌مه‌ لاوه‌ و بگه‌ڕێمه‌وه‌ بۆ كتێبی خودا و سوننه‌تی پێغه‌مبه‌ره‌كه‌ی (). به‌و ژیرییه‌ی پێم به‌خشراوه‌، له‌وانه‌ نیم كه‌ پشتگیریی ڕایه‌ك بكه‌م، هه‌ر ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كۆمه‌ڵه‌یه‌ك ده‌ریانكردووه‌، یان بیرۆكه‌یه‌ك ڕه‌ت بكه‌مه‌وه‌، چونكه‌ كۆمه‌ڵه‌یه‌ك گرتوویانه‌ته‌ خۆ.  

هه‌روه‌ها له‌وانه‌ نیم كه‌ "ژیری" له‌ "دڵ" جیا ده‌كه‌نه‌وه‌. هه‌ر له‌و ساته‌وه‌ كه‌ ده‌ستم كرد به‌ تێڕامان له‌ قورئان، بڕوام هێنا كه‌ دڵ مه‌ڵبه‌ندی ژیرییه و،‌ ژیرییش ته‌نها بزوێنه‌ری دڵه‌، كتومت وه‌ك بزوێنه‌ری ئۆتۆمبێل، دڵیش له‌ بینیندا تووشی گرفت نابێت، مه‌گه‌ر ته‌زووه‌كانی ژیری له‌كار كه‌وتبێت، به‌ هه‌مان شێوه‌ هه‌ڵچوون و بیرۆكه‌ و بڕیاره‌كانم هه‌مووی له‌ یه‌ك ناوه‌نده‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێت. 

ئه‌وه‌ منم له‌مڕۆدا و، نازانم به‌یانی چۆن ده‌بم، به‌ڵام ده‌نووسم، تا ڕای خۆم له‌ باره‌ی (ئیعجازی زانستی له‌ قورئاندا) ده‌رببڕم كه‌ بیروڕای زۆر و ئاڵۆزی له ‌باره‌وه‌ هه‌یه‌، به‌ڵام وای ده‌بینم له ‌ناخی خۆمدا له‌ یه‌ك بۆچووندا خۆی ببینێته‌وه‌، كه‌ به‌ ئه‌زموونی تایبه‌تیی خۆم پێی گه‌یشتووم، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ خوای باڵاده‌ست فه‌رمانی پێ كردووین ڕابمێنین. چه‌ندین خوانه‌ناسیش دوای تێڕامان له‌ قورئان، خودایان ناسی، "جیفری لانگ" و ئه‌وانى دیكه‌ش نموونه‌ن بۆ ئێمه‌. 

له‌ ژینگه‌كه‌ی مندا، منداڵ به‌ر له‌ گه‌یشتن به‌ چواره‌م ساڵی ته‌مه‌نی، ده‌چووه‌ مزگه‌وت بۆ له‌به‌ركردنی قورئان، دایك له‌گه‌ڵ یه‌كه‌م لایلایه‌دا سووره‌تی قورئانی به‌گوێدا ده‌دا. قورئان ناسنامه‌ی ئێمه‌ بوو، له‌به‌ركردنی هه‌موویشى شه‌ره‌فمه‌ندييه‌كى مه‌زن بوو، منداڵ له‌ مزگه‌وت و له‌ ماڵدا بۆ ڕێزلێنانێكی مه‌زن ئاماده ‌ده‌كرا. 

ئێواران، دوای ده‌رچوونم له‌ قوتابخانه‌، له‌ پشووه‌كانیشدا به‌یانیان و ئێواران، ده‌چووم بۆ ئه‌ڵقه‌ی له‌به‌ركردنی قورئان، دایكم زۆر سوور بوو له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی قورئان له‌به‌ر بكه‌ین، به‌ڵام لێی نه‌ده‌پرسین كه‌ لێی تێده‌گه‌ین یان نا! 

له‌گه‌ڵ گه‌وره‌بوونى ته‌مه‌نمدا، وام لێ هات كه‌ چوون بۆ مزگه‌وت به‌ پێویست نه‌زانم، هه‌ر بۆیه‌ ته‌نها له ‌ماڵ ده‌مخوێند و بۆ له‌به‌ركردنیش ته‌مبه‌ڵیم ده‌كرد، كه‌چی خوشك و برا بچووكه‌كانم له‌ له‌به‌ركردنی قورئاندا پێشم كه‌وتن، تا ئه‌وه‌ بوو براكه‌م ته‌واوی قورئانی له‌به‌ر كرد و، خوشكه‌كه‌يشم زۆری نه‌مابوو هه‌مووی له‌به‌ر بكات. منیش هه‌ر به‌و شێوه‌یه‌ مامه‌وه‌، به‌ ده‌نگ به‌ ته‌رتیل ده‌مخوێنده‌وه‌ و زۆر جار خه‌ڵك ده‌یانوت ده‌نگت خۆشه‌! ئه‌مه‌ش دواتر ئه‌و شه‌ره‌فه‌ی پێ به‌خشیم كه‌ له‌ ده‌ستپێكی ئه‌ڵقه‌كانی قورئاندا، قورئان به‌ ته‌رتیل بخوێنم. 

به‌ڵێ، تێڕامانم له‌ قورئان نه‌ده‌كرد، هه‌ر كات دایكم داوای لێم بكردبایه‌ وه‌ك خوشك و براكانم له‌ ئه‌ڵقه‌ ئایینیيه‌كاندا به‌شدار بم، خۆم ده‌دزییه‌وه‌، هه‌موو هیوایه‌كم ئه‌وه‌ بوو زمانه‌كان بەجوانی فێر ببم، هه‌تا ئه‌و كاته‌ی "شون" هات، قوتابیی فیزیا بوو، ئه‌مەریكییه‌كی خوانه‌ناس بوو، له‌ یه‌كێك له‌ هاوڕێكانمی پرسی: مه‌به‌ست له‌ ﴿فَلَا أُقْسِمُ بِالْخُنَّسِ﴾ (التكوير: ١٥) چییه‌؟ ئه‌وكات هاوڕێكه‌م وه‌ڵامه‌كه‌ی نه‌زانی، په‌یوه‌ندیی به‌ منه‌وه‌ كرد تا هاوكاریی بكه‌م، وای ده‌زانی چۆن له‌ فێربوونی زمانه‌كاندا زیره‌كم، به‌ هه‌مان شێوه‌ له‌ زانسته‌كانی ئایینیشدا زیره‌كم، ئه‌وه ‌بوو داوای لێبوردنم لێ كرد و، زۆر داخم بۆ خۆم خوارد كه‌ وه‌ك موسڵمانێك ماناكانی قورئانی پیرۆز نازانم، به‌م شێوه‌یه‌ش ناتوانم وه‌ڵامی پرسیاره‌كانی خوانه‌ناسێك بده‌مه‌وه‌ كه‌ به‌شوێن هه‌قیقه‌تدا ده‌گه‌ڕێت، به‌و ئومێده‌ی بڕوا به‌ بوونی خوا بێنێت، به‌ڵام له‌و گه‌ڕانه‌یدا قورئانی كردۆته‌ دوایین هه‌نگاو. 

جارێكی دیكه‌ش كه‌وتمه‌ ئه‌م دۆخه‌وه‌، به‌یادم هاته‌وه‌ كه‌ چه‌ند خۆزگه‌م ده‌خواست فێری زمانه‌كان ببم و به‌شدار بم له‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی ئیسلامدا، به‌ڵام هه‌موو ئه‌وه‌ی ده‌مزانی له‌ زمانی ئینگلیزی، له‌و ئاسته‌دا‌ نه‌بوو كه‌ ئه‌ركێكی وا بگرمه‌ ئه‌ستۆ، هه‌ر بۆیه‌ هه‌ر كه‌س داوای بكردبایه‌ مشتومڕ له‌گه‌ڵ خوانه‌ناسێكدا بكه‌م؛ خۆم ده‌دزییه‌وه‌، ئه‌وه‌ بوو له‌ هه‌ر گرووپێكی فه‌یسبوك خۆم ده‌كێشایه‌وه‌ كه‌ هاوڕێكانم منیان بۆ زیاد ده‌كرد، ئه‌وان سه‌رسامی گفتوگۆكانم و زمانزانییه‌كه‌ی من بوون، به‌ڵام ته‌نها خۆم ده‌مزانی من كێم، من له‌و ئاسته‌دا‌ نه‌بووم كه‌ به‌رگری له‌ ئیسلام بكه‌م. 

دوای ماوه‌یه‌كی كورت مشتومڕێكم بینی له ‌نێوان كۆمه‌ڵێك گه‌نجی موسڵمان و ژماره‌یه‌ك خوانه‌ناس، له‌ گۆشه‌یه‌كی باخچه‌ی "هاید بارك" له‌ له‌نده‌ن، زۆر پێیان سه‌رسام بووم، چونكه‌ زۆر جیاواز بوون له‌وانه‌ی ڕاهاتبووم له‌سه‌ر بینینیان له‌ ئه‌ڵقه‌ ئایینیيه‌كاندا، هه‌م له‌ ڕووكار و هه‌م له‌ ناوه‌رۆكدا. گه‌نجانێك بوون كه‌ پێیان ده‌گه‌یشتیت، ترسی ئه‌وه‌ت نه‌بوو به‌ هۆی شێوه‌ته‌وه‌ ڕه‌تت بكه‌نه‌وه‌، چونكه‌ له‌ پۆشاكدا، له‌ قسه‌خۆشیدا هاوشێوه‌ی تۆ بوون، به‌ڵام له‌ ئاستی زانیاریدا زۆر جیاواز بوون، خه‌ڵك له‌سه‌ر ده‌ستیان موسڵمان ده‌بوون، ئا له‌و ڕۆژه‌دا بڕیارم دا بگه‌ڕێمه‌وه‌ بۆ لای قورئان، په‌یوه‌ندیم كرد به‌ نزیكترین مزگه‌وته‌وه‌، كاتێكم ته‌رخان كرد بۆ دووباره‌ له‌به‌ركردنه‌وه‌ی قورئان و تێڕامان له‌ ماناكانی، ئه‌ویش دوای نوێژی به‌یانی و به‌ر له‌ واده‌ی زانكۆ. 

دواتر له‌ لێكۆڵینه‌وه‌ی چاره‌سه‌رییه‌كاندا قووڵ بووینه‌وه‌، هه‌ستم كرد پێكه‌وه‌گونجانێك هه‌یه‌ له‌نێوان ئه‌وه‌ی زانایان پێشكه‌شیان كردووه ‌و هه‌ندێك له‌ ئایه‌ته‌ قورئانییه‌كان، ئه‌وه‌ بوو تامه‌زرۆییه‌كم بۆ دروست بوو بۆ پێكه‌وه‌به‌ستنه‌وه‌ی ئه‌و ته‌كنیكانه‌ و ئه‌وانه‌ی له‌ قورئاندا باس كراون. ئه‌و ڕۆژه‌ی زانست به‌ره‌و ڕامان له‌ ئاماژه‌كانی ئاڕاسته‌ی كردم، بۆم ده‌ركه‌وت كه‌ ئه‌و موعجیزه‌یه‌ كۆمه‌ڵێك زانیاری له‌خۆ ده‌گرێت، هه‌ر بۆیه‌ كۆششم كرد بۆ دۆزینه‌وه‌ی ته‌كنیكی دیكه‌ له‌ چاره‌سه‌ری ده‌روونی لەنێو ئه‌و ئاماژانه‌دا بۆ پشتیوانیكردنی زانست و به‌ هۆیه‌وه‌ ده‌روونه‌كان چاره‌سه‌ر بكه‌م. هه‌ر چه‌نده‌ هه‌ندێك له‌ مامۆستاكانم ته‌نها وه‌ك كتێبی ئایین ده‌یانبینی، به‌ڵام من له‌و باره‌يه‌وه‌ مشتومڕم له‌گه‌ڵ نه‌ده‌كردن، چونكه‌ بڕوای ته‌واوم هه‌بوو كه‌ هه‌ر به ‌ڕاستی ئه‌وه‌ كتێبێكی زانستی نییه‌، به‌ڵكوو زۆر له‌وه‌ گه‌وره ‌و باڵاتره‌! كتێبێكی ئایینيی ئاسمانییه كه‌‌ ژیانی تێدایه‌، ژیانی ڕۆحی، زانسته‌كانی ژیان، به‌رنامه‌ی ژیان، یاساكانی ژیان، ئه‌وه‌ فه‌رمایشت و په‌یامی خوایه‌، ئه‌وه‌ ڕێنمایییه‌ به‌ مانا فراوانه‌كه‌ی و پشتیوانی منیشه‌، به‌تایبه‌تی كه‌ منداڵ بووم پێیان گوتم: "ئه‌گه‌ر ویستت له‌گه‌ڵ خودا بدوێی؛ نوێژ بكه ‌و بپاڕێره‌وه‌، ئه‌گه‌ریش ویستت گوێی بۆ بگریت؛ قورئان بخوێنه‌وه". 

ژیری ئه‌وه‌ قبووڵ ناكات كه‌ به‌دیهێنه‌ری گه‌ردوون، ئاڕاسته‌م نه‌كات بۆ هه‌موو ورد و درشتێكی ژیانم، له ‌كاتێكدا خۆی ده‌فه‌رمووێت: 

﴿وَفِي الْأَرْضِ آيَاتٌ لِّلْمُوقِنِينَ ۝ وَفِي أَنفُسِكُمْ ۚ أَفَلَا تُبْصِرُونَ ۝﴾ (المدثر: ٢٠-٢١): "له ‌زه‌ویدا گه‌لێ نیشانه‌ و به‌ڵگه‌ هه‌یه‌ بۆ ئه‌وانه‌ی بێگومانن، له ‌خودی خۆیشتاندا به‌ڵگه‌گه‌لێ هه‌یه‌، ده‌سا بۆچی له‌ خۆتان ناڕوانن و ته‌ماشا ناكه‌ن؟" 

﴿يَا أَيُّهَا النَّاسُ قَدْ جَاءَتْكُم مَّوْعِظَةٌ مِّن رَّبِّكُمْ وَشِفَاءٌ لِّمَا فِي الصُّدُورِ وَهُدًى وَرَحْمَةٌ لِّلْمُؤْمِنِينَ﴾ (يونس: ٥٧): "ئه‌ی خه‌ڵكینه‌! بێگومان په‌ند و ئامۆژگارییه‌كی گه‌وره‌ و مه‌زنتان لای په‌روه‌ردگارتانه‌وه‌ بۆ هاتووه‌، شیفایه‌ بۆ ئه‌وانه‌ی له‌ سینگدایه‌ و، ڕێنمایی و ڕه‌حمه‌ت و به‌زه‌ییشه‌ بۆ گشت باوه‌ڕداران." 

﴿سَنُرِيهِمْ آيَاتِنَا فِي الْآفَاقِ وَفِي أَنفُسِهِمْ حَتَّىٰ يَتَبَيَّنَ لَهُمْ أَنَّهُ الْحَقُّ ۗ أَوَلَمْ يَكْفِ بِرَبِّكَ أَنَّهُ عَلَىٰ كُلِّ شَيْءٍ شَهِيدٌ﴾ (فصلت: ٥٣): "ئێمه‌ له ‌ئاینده‌دا به‌ڵگه ‌و نیشانه‌كانی خۆمانیان پیشان ده‌ده‌ین، له ‌ئاسۆكانی بوونه‌وه‌ردا و له‌ خودی خۆشیاندا، بۆ ئه‌وه‌ی چاك بۆیان ده‌ركه‌وێ كه‌ به‌ڕاستی ئه‌و قورئانه‌ ڕاسته‌، ئایا شایه‌تيی په‌روه‌ردگارت به‌س نیيه‌ كه‌ به‌سه‌ر هه‌موو شتێكدا ئاگا و زانایه‌ و هیچ شتێكی لا ون نابێت؟" 

"شون" زۆر گرنگیی به‌ بۆشایی ئاسمان ده‌دا و، له‌ بواری فیزیادا تایبه‌تمه‌ند بوو، منیش له‌ ئاره‌زوومه‌ندانی زانستی گه‌ردوون بووم، به‌ڵام ئه‌و ئاره‌زووه‌ وای نه‌كرد له‌و ئاسته‌دا بم وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌ی بده‌مه‌وه‌: "ڕاڤه‌ی زۆرتان هه‌یه‌ بۆ قورئان، یه‌ك ئایه‌ت له‌وانه‌یه‌ چه‌ندان مانا هه‌ڵبگرێت، ئه‌وه‌ش به‌ڵگه‌ نییه‌ له‌سه‌ر دروستيی په‌یوه‌ندیی نێوان زانست و قورئان." 

ئه‌و ئه‌وه‌نده‌ مه‌به‌ستی گه‌یشتن نه‌بوو به‌ وه‌ڵامێكی زانستی بۆ پرسیاره‌كه‌ی له‌ باره‌ی سووره‌تی "ته‌كویر"، به‌قه‌د ئه‌وه‌ی هه‌وڵێك بوو بۆ ناسینی دابه‌زێنه‌ری قورئان، ئه‌و لای ئێمه‌ به‌دوای سه‌لماندنێكی زانستیدا نه‌ده‌گه‌ڕا هه‌تا قه‌ناعه‌تی پێ بێنین موسڵمان بێت، چونكه‌ ده‌یزانی عه‌ره‌ب له ‌ڕووی زانستییه‌وه‌ به‌ به‌راورد له‌گه‌ڵ ڕۆژئاوا چه‌نده‌ لاوازن، به‌ڵكوو پرسیاره‌كه‌ی ئه‌و ئاڕاسته‌ی ئه‌و كه‌سه‌ بوو كه‌ ئه‌و زانیارییه‌ی له‌ كتێبه‌ ئایینییه‌كه‌ی موسڵماناندا داناوه‌. 

من پێم نه‌وت كه‌ زانست ده‌گۆڕێت و قورئان نه‌گۆڕه‌، كتێبی خوا به‌ شتێكی بچووك به‌راورد ناكرێت، به‌ڵگه‌ش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ خودای گه‌وره‌ چه‌ندین ئاماژه‌ی زانستيی له‌ ئایه‌ته‌كان داناوه‌ و ئه‌ركی تيڕامانیشی بۆ ئێمه‌ جێ هێشتووه‌. 

مشتومڕم له‌گه‌ڵی نه‌كرد له‌ باره‌ی چه‌مكه‌ گۆڕاوه‌كانی فیزیا، هه‌ر له‌ نیوتنه‌وه‌ تا ئانیشتاین، چونكه‌ من له‌ قووڵایی قورئان دوور بووم، له‌وانه‌یه‌ ده‌سته‌وسان بووبم له‌ ناساندنی زاتی "الله" به ‌شێوه‌یه‌ك كه‌ وای لێ بكات پێداچوونه‌وه‌ بۆ بیركردنه‌وه‌كانی خۆی بكات، له‌ فه‌رمایشتی خودای گه‌وره‌ تێنه‌ده‌گه‌یشتم كه‌ ده‌فه‌رمووێت: ﴿إِنْ هُوَ إِلَّا ذِكْرٌ لِّلْعَالَمِينَ ۝ وَلَتَعْلَمُنَّ نَبَأَهُ بَعْدَ حِينٍ ۝﴾ (المدثر: ٨٧-٨٨): "ئه‌و قورئانه‌ هه‌ر په‌ند و ئامۆژگارییه‌ بۆ ته‌واوی جیهانییان، دوای ماوه‌یه‌كی دیكه‌ ئه‌و ڕاستییه‌تان بۆ ده‌رده‌كه‌وێ." 

قورئانم به چاكی نه‌ده‌ناسی، نه‌مده‌زانی به‌ تێڕامانى زیاتر له‌ قورئان؛ ڕۆحانیيه‌ته‌كه‌ی زیاتر ده‌بێت. 

هه‌ر چه‌ند ئه‌م فه‌رمایشته‌م ده‌خوێنده‌وه‌ ﴿اقْرَأْ بِاسْمِ رَبِّكَ الَّذِي خَلَقَ﴾ (العلق: ١)، تێده‌گه‌یشتم كه‌ ده‌روونم پێویستی به‌ خوێندنه‌وه‌یه‌، گه‌ردوون پێویستی به‌ خوێندنه‌وه‌یه‌، ئه‌و خوێندنه‌وه‌یه‌ش به‌ تێڕامان ده‌ست پێ ده‌كات و به‌ هه‌ستپێكردن و شیكردنه‌وه‌ و دواتر هۆشیاربوونه‌وه‌دا تێپه‌ڕ ده‌بێ و به‌ بڕواهێنان كۆتایی دێت. 

چاكم له‌یاده‌ ڕۆژێك له ‌ئاست ئه‌م فه‌رمایشته‌دا وه‌ستام: ﴿يَوْمَ تَشْهَدُ عَلَيْهِمْ أَلْسِنَتُهُمْ وَأَيْدِيهِمْ وَأَرْجُلُهُم بِمَا كَانُوا يَعْمَلُونَ﴾ (النور: ٢٤): "له‌و ڕۆژه‌دا زمان و ده‌ست و پێیان ده‌بێته‌ شایه‌ت له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و كارانه‌ی ده‌یانكرد."  

ده‌مپرسی: ئايا مه‌عقووله‌ له‌ژێر ئه‌م پێسته‌دا ئامێری تۆماركردنی فیزیۆلۆجی هه‌بێت؟ هه‌تا له‌ زانستی لێكۆڵینه‌وه‌ی تاوانكاریدا وه‌ڵامه‌كه‌م ده‌ست كه‌وت! 

له‌ ئاست فه‌رمایشتی ﴿أَلَمْ تَرَ إِلَىٰ رَبِّكَ كَيْفَ مَدَّ الظِّلَّ وَلَوْ شَاءَ لَجَعَلَهُ سَاكِنًا ثُمَّ جَعَلْنَا الشَّمْسَ عَلَيْهِ دَلِيلًا ۝ ثُمَّ قَبَضْنَاهُ إِلَيْنَا قَبْضًا يَسِيرًا ۝﴾ (فاطر: ٤٥-٤٦) وه‌ستام، لێی ورد بوومه‌وه‌، بڕوای ته‌واوم بۆ دروست بوو كه‌ ئه‌و ڕه‌وانبێژییه‌ و لێهاتووییه‌ له‌ وێناكردندا؛ نهێنییه‌كی له‌توانابه‌ده‌ره‌، توێژینه‌وه‌ زانستییه‌كانیش ئه‌وه‌یان سه‌لماند كه‌ له‌ مێشكمدا هات، هه‌ر چه‌ند ده‌مبینی زانایان دوای دۆزینه‌وه‌یه‌ك، موسڵمانبوونی خۆیان ڕاده‌گه‌یه‌نن، تێده‌گه‌یشتم [إِنَّمَا يَخْشَى اللَّهَ مِنْ عِبَادِهِ الْعُلَمَاءُ] مانای چییه‌! 

دروستكراوانى خودا وای كرد زیاتر گه‌ردوونم خۆش بوێت و په‌یوه‌ست بم به‌و ئاماژانه‌ی نێو ئایه‌ته‌ ڕازاوه‌كان، كه‌ به‌تامه‌زرۆییه‌وه‌ ده‌ستم كردبوو به‌ گه‌ڕان به‌ دوایدا، سه‌ره‌ڕای ئایه‌ته‌ قورئانی و گه‌ردوونیيه‌كانی دیكه‌ش، چونكه‌ ئایه‌ت له‌ قورئاندا له ‌ڕووی زمانه‌وه‌ ته‌نها ڕسته‌یه‌كی دابڕاو له‌وانی دیكه‌ نییه‌، به‌ڵكوو نیشانه‌ و ئامۆژگاری و موعجیزه‌یه‌! 

هه‌ر چه‌ند ڕاده‌مێنم له‌ كۆششی ڕۆژئاوای زانستی و ته‌وه‌زه‌لیی ئێمه‌، هه‌تا وای لێ هات به ‌ئێمه‌ هێرش ده‌كرایه‌ سه‌ر ئیسلام، ئه‌وه‌م به‌بير هاته‌وه‌ كه‌ خودای گه‌وره‌ ده‌فه‌رمووێت: ﴿إِن يَشَأْ يُذْهِبْكُمْ أَيُّهَا النَّاسُ وَيَأْتِ بِآخَرِينَ ۚ وَكَانَ اللَّهُ عَلَىٰ ذَٰلِكَ قَدِيرًا﴾ (النساء: ١٣٣): "ئه‌ی خه‌ڵكینه‌! ئه‌گه‌ر خودا بیه‌وێ، گشتتان ته‌فروتوونا ده‌كات و له‌ جێگه‌ی ئێوه‌دا خه‌ڵكێكی تر دێنێ، خودا هه‌میشه‌ له‌سه‌ر كاری وا به‌توانایه.‌" 

به‌راوردێكم كرد له‌نێوان زانایانی ڕۆژئاوا كه‌ له‌ ڕێگه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌كانیان خوایان ناسی و ئه‌ویش ڕێنمایی كردن بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ لای، له‌گه‌ڵ ئه‌و موسڵمانانه‌ی خۆیان به‌ گه‌وره ‌زانی هه‌تا هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌ و نكووڵییان له ‌بوونی خودا كرد! بۆم ده‌ركه‌وت كه‌ ده‌سته‌ی یه‌كه‌م سه‌ركه‌وتنی هه‌قه‌ به‌ ویستی خودای گه‌وره‌! 

وته‌كانی "شون" له ‌باره‌ی زۆریی ڕاڤه‌‌كان، ده‌مگه‌ڕێنێته‌وه‌ بۆ فه‌رمایشتی ﴿... وَإِنَّ أَوْهَنَ الْبُيُوتِ لَبَيْتُ الْعَنكَبُوتِ ۖ لَوْ كَانُوا يَعْلَمُونَ﴾ (العنکبوت: ٤١): "ئاشكرایه‌ كه ‌خانووی جاڵجاڵۆكه‌ لاوازترین خانووه.‌" 

پاشان چۆن ڕاڤه‌كان به‌پله‌به‌ندی له‌ قۆناغێكه‌وه‌ بۆ قۆناغێكی دیكه‌ ڕۆشتوون و چۆن ڕاڤه‌كارانی سه‌ره‌تا وا تێگه‌یشتن كه‌ مه‌به‌ست له‌و ئایه‌ته‌؛ لاوازی و بێهێزیی خانووه‌‌كه‌یه‌، له ‌كاتێكدا زانست سه‌لماندی كه‌ ئه‌و تۆڕه‌ چه‌ند به‌هێزه‌ و له‌گه‌ڵیدا نهێنییه‌كی دیكه‌ی ئاشكرا كرد، ئه‌ویش ماڵی جاڵجاڵۆكه‌ لێره‌دا مه‌به‌ست "ماڵی خێزانی"یه‌، كه‌ دوای كۆتاییهاتنی به‌رژه‌وه‌ندی، چه‌نده‌ لاواز ده‌بێت، تاكه‌كانی ده‌بنه‌ دوژمن و یه‌كدی ده‌خۆن. 

جا ئایا "شون" ده‌یزانی كه‌ زۆریی ڕاڤه‌كان به‌ هۆی زۆریی كۆششه‌كانه‌وه‌یه و، له‌ ئه‌نجامی مه‌زنیی شێوازی ده‌ربڕینی قووڵی خوایه‌ له‌ وه‌سفكردن و ده‌ربڕیندا؟ 

هه‌روه‌ك ڕاستییه‌ زانستییه‌كه‌ له‌گه‌ڵ قورئان دژیه‌ك نه‌بوون، به‌ڵكوو ئێمه‌ كه‌مێك له‌ زانياريمان پێ به‌خشراوه‌ و، ئه‌و هه‌قیقه‌تانه‌ ده‌كرێ بگۆڕێت بۆ هه‌قیقه‌تی دیكه‌ی قووڵتر به‌ تێڕامانێكی زیره‌كانه‌تر. 

كتێبی خودا زۆر دووره‌ له‌وه‌ی دابه‌زێته‌ ئاستێك، ببێته‌ كتێبێكی زانستی، به‌ڵكوو موعجیزه‌یه‌كی مه‌زنى وه‌هايه‌‌ ژیان تیایدا به‌رجه‌سته‌ ده‌بێت، به‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ی تیایه‌تی له‌ په‌رستش و ڕۆحانیه‌ت و زانست و یاساكان و به‌رنامه‌كان و په‌روه‌رده‌ و ئامۆژگاری و چاره‌سه‌ر و شیفا و داهێنان و پیشه‌سازی و هه‌ناسه‌ده‌ر و ئه‌و نهێنییانه‌ی تاك و ته‌نهایی خوای تاك دووپات ده‌كه‌نه‌وه‌... زۆر دووره‌ بتوانرێ مه‌زنیی خوا به‌ ژیریی نه‌زانه‌كان پێوانه‌ بكرێت، ئه‌وانه‌ی كه هه‌موو پڕۆسه‌یه‌كی تێڕامان ده‌شێوێنن كه‌ بڕواداران ئه‌نجامی ده‌ده‌ن. 

 

سه‌رچاوه‌: 

blogs.aljazeera.net

Jumaa Sddiq Kakarash Hamawand به‌كالۆریۆس له‌ یاسا