چینەکانی چەسپاندنی ئیعجازی قورئان

﴿وَإِنْ كُنْتُمْ فِي رَيْبٍ مِمَّا نَزَّلْنَا عَلَى عَبْدِنَا فَأْتُواْ بِسُورَةٍ مِنْ مِثْلِهِ وَادْعُواْ شُهَدَاءَ كُمْ مِنْ دُونِ اللهِ إِنْ كُنْتُمْ صَادِقِينَ﴾

Jan 21, 2021 - 14:10
Oct 25, 2021 - 12:44
 0  164
چینەکانی چەسپاندنی ئیعجازی قورئان
نووسینى: مامۆستا سه‌عیدى نوورسى | وه‌رگێڕانى: فارووق ڕه‌سووڵ یه‌حیا

نووسینى: مامۆستا سه‌عیدى نوورسى
وه‌رگێڕانى: فارووق ڕه‌سووڵ یه‌حیا



﴿وَإِن كُنتُمۡ فِي رَيۡبٖ مِّمَّا نَزَّلۡنَا عَلَىٰ عَبۡدِنَا فَأۡتُواْ بِسُورَةٖ مِّن مِّثۡلِهِۦ وَٱدۡعُواْ شُهَدَآءَكُم مِّن دُونِ ٱللَّهِ إِن كُنتُمۡ صَٰدِقِينَ ٢٣﴾

  
 
چینه‌كانى ته‌حه‌ددى له‌م ئایه‌ته‌دا:  
(واته‌ چینه‌كانى به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ى قورئان بۆ ئه‌وانه‌ى كه‌ وتوویانه‌: قورئان گوفتارى خوا نییه‌ و دانرواى مرۆڤه‌)   
چینى یه‌كه‌میان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ بوترێ:  
ده‌سا ئێوه‌ هاوشێوه‌ى هه‌موو قورئان بهێنن، به‌ هه‌موو ڕاستییه‌كانى و، زانسته‌كانى و، هه‌واڵدانه‌ غه‌یبییه‌كانى، هاوده‌م له‌گه‌ڵ هۆنینه‌ بڵنده‌كه‌ى، له‌ لایه‌ن كه‌سێكى نه‌خوێنده‌واره‌وه‌.  
دووهه‌میان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ بوترێ:  
ئه‌گه‌ر به‌و شێوه‌یه‌ هاوشێوه‌ى قورئانتان نه‌هێنا، ده‌با شتێكى ده‌مهه‌ڵبه‌ستیش بێت، به‌ڵام له‌ هۆنینێكى ڕه‌وانى وه‌ك قورئاندا بێت.  
سێهه‌میان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ بوترێ:  
ئه‌گه‌ر به‌و شێوه‌یه‌ نه‌تانهێنا، ده‌با به‌ ئه‌ندازه‌ى ده‌ سووره‌تى قورئان بێت.  
چواره‌میان ئه‌وه‌یه‌ كه‌: 
ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌شتان نه‌توانى، ده‌با لانى كه‌م هێنده‌ى سووره‌تێكى درێژى قورئان بێت.  
پێنجه‌میان ئه‌وه‌یه‌ كه‌:   
ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌شتان بۆ ئاسان نه‌بوو، ده‌با هێنده‌ى هه‌ر سووره‌تێك بێت، ته‌نانه‌ت هێنده‌ى بچووكترینى سووره‌تى وه‌ك [الكَوۡثَرِ] بێت كه‌ له‌ لایه‌ن كه‌سێكى نه‌خوێنده‌وارى وه‌ك ئه‌و بیهێنن.   
شه‌شه‌میان ئه‌وه‌یه‌ كه‌:  
ئه‌گه‌ر نه‌تانتوانى له‌ لایه‌ن نه‌خوێنده‌وارێكه‌وه‌ بیهێنن، ده‌ بڕۆن لاى زانایه‌كى كارامه‌ و نووسه‌رێكى لێهاتوو ئه‌و هاوشێوه‌یه‌ بهێنن.   
حه‌وته‌میان ئه‌وه‌یه‌ كه‌:  
ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌شتان به‌لاوه‌ قورس بوو، ده‌سا له‌ نێوان خۆتاندا یارمه‌تیى یه‌كتر بده‌ن بۆ هێنانى ئه‌و هاوشێوه‌یه‌ى قورئان.   
هه‌شته‌میان ئه‌وه‌یه‌ كه‌:   
ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌شتان نه‌كرد، بچن داواى یارمه‌تى له‌ سه‌رجه‌م جیننى و ئاده‌میزاده‌كان بكه‌ن و، سوود له‌ كۆى ده‌ره‌نجامى به‌ دواى یه‌كدا هاتنى هزر و بیره‌كان وه‌ربگرن، هه‌ر له‌ ئاده‌مه‌وه‌ هه‌تا قیامه‌ت. خۆ ئه‌وه‌تا ده‌ره‌نجامى هزره‌كانیان له‌ به‌رده‌ستاندایه‌ له‌و كتێبانه‌دا كه‌ له‌سه‌ر شێوازى زمانى عه‌ره‌بییه‌ و، به‌ حه‌زى لاسایى و سه‌رسه‌ختیى به‌ره‌نگارى كردن نووسراون..  
ئه‌وه‌تا نه‌ك ته‌نها كه‌سانى لێكۆڵه‌ر، به‌ڵكو هه‌ر كه‌سێك پاشماوه‌یه‌كى كه‌مى تێگه‌یشتنى تێدا بێت - با نه‌زانیش بێت - گه‌ر سه‌یریان بكات، ده‌ڵێت: هه‌موو ئه‌وانه‌، هاوشێوه‌ى قورئانیان تێدا نییه‌. جا یان ئه‌وه‌یه‌ پله‌ى قورئان له‌ خوار پله‌ى هه‌موویانه‌وه‌یه‌، كه‌ ئه‌وه‌ش به‌ یه‌كده‌نگیى هه‌مووان به‌تاڵه‌، یاخود له‌ سه‌رووى هه‌موویانه‌وه‌یه‌، كه‌ ئه‌وه‌ش خواست و مه‌به‌سته‌كه‌یه‌، وه‌ك پێشتر باس كرا.   
به‌ڵێ، وا سیازده‌ (به‌ڵكو پازده‌) سه‌ده‌یه‌ "قورئان" به‌ شتێكى هاوشێوه‌ى خۆى به‌ره‌نگارى نه‌كراوه‌. ڕۆژگار به‌م جۆره‌ تێپه‌ڕیوه‌. هه‌ر وه‌هاش تێده‌په‌ڕێت هه‌تا ڕۆژى قیامه‌ت.   
نۆهه‌میان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ بوترێ:  
بیانوو به‌وه‌ مه‌هێننه‌وه‌ كه‌ بڵێن: شایه‌ت و پشتگیرمان نییه‌ و، ئێوه‌ش شایه‌تیمان بۆ ناده‌ن. نه‌خێر.. بڕۆن شایه‌ته‌كانتان و ئه‌وانه‌ش بانگ بكه‌ن كه‌ لایه‌ن و پشتتان ده‌گرن.. ده‌با ئه‌وان به‌ ویژدانى خۆیاندا بچنه‌وه‌.. ئایا پڕكێشیى ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ ئه‌و لافى به‌ره‌نگارى كردنه‌ى ئێوه‌ به‌ هێنانى هاوشێوه‌ى قورئان، پشت ڕاست بكه‌نه‌وه‌؟   
جا ئه‌گه‌ر له‌م چینانه‌ى "ته‌حه‌ددى" تێگه‌یشتیت، ئه‌وا بڕوانه‌ كه‌ چۆن ده‌سته‌وسانیى ئه‌وانى ده‌رخست به‌و ئیجاز(كورتكردنه‌وه‌یه‌)ه‌ى كه‌ ئاماژه‌ى تێدا كرد بۆ ئه‌م پله‌ و چینانه‌ى ته‌حه‌ددى و، به‌وه‌ش قسه‌ى پێنه‌هێشتن.   
پاشان هه‌ڵبژاردنى [سُورَةٖ] بەسەر "نجم"(به‌شێك)، یان "گائفه‌"(كۆمه‌ڵه‌ ئایه‌تێك)، یان "نوبه‌"(به‌شه‌ نازڵ بوونى جارێك)دا، ئاماژه‌یه‌ بۆ ده‌مبه‌ستكردنیان له‌و شته‌دا كه‌ مایه‌ى گومانه‌كه‌یانه‌ و، بریتییه‌ له‌وه‌ى كه‌ وتوویانه‌:  
"بریا هه‌موو قورئان به‌ یه‌كسه‌رى و یه‌كجارى نازڵ بكرایه‌ته‌ سه‌ر پێغه‌مبه‌ر، دروودى له‌سه‌ر بێت"..  
واته‌: ده‌سا ئێوه‌ بتوانن هاوشێوه‌ى قورئان بهێنن، با ته‌نانه‌ت به‌ یه‌ك جاریش بێت.   
هه‌روه‌ها ئاماژه‌یه‌ بۆ دابه‌شكردنى قورئان بۆ سووره‌ت له‌ دواى سووره‌ت، له‌به‌ر چه‌ندین سوودى زۆر كه‌ "زه‌مه‌خشه‌رى" ڕوونى كردوونه‌ته‌وه‌. هه‌روه‌ها ئاماژه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ش كه‌ ئه‌م شێوازه‌ ناوازه‌یه‌ كۆمه‌ڵێ ورده‌كاریى له‌خۆ گرتووه‌.  
وشه‌ى ﴿مِّن مِّثۡلِهِۦ دوو واتاى تێدایه‌.. واته‌: له‌ هاوشێوه‌ى "نازڵكراو".. یان له‌ لایه‌ن هاوشێوه‌ى "كه‌سى له‌سه‌ر نازڵكراو"!  
بزانه‌ كه‌ مافى ده‌سته‌واژه‌كه‌ به‌پێى واتاى یه‌كه‌م ئه‌وه‌بوو كه‌ بوترایه‌: "مثل سورة منه" به‌ڵام واز له‌وه‌ هێنراوه‌ بۆ ﴿مِّن مِّثۡلِهِۦ له‌به‌ر ئاماژه‌دان بۆ ڕه‌چاوكردنى گریمانى واتاى دووهه‌م. واته‌ كاتێ به‌ره‌نگارى كردنتان داواكه‌ى ئه‌و پووچه‌ڵ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ ئه‌و هاوشێوه‌یه‌ى ده‌یهێنن له‌ لایه‌ن كه‌سێكى هاوشێوه‌ى ئه‌وه‌وه‌ بێت له‌وه‌دا كه‌ نه‌یخوێندووه‌.   
هه‌روه‌ها ئاماژه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ى كه‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ كاتێ "ئیعجاز" پووچه‌ڵ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ ئه‌و شته‌ى بۆ به‌ره‌نگارى پێكردن هێنراوه‌، له‌ "كۆ"ى شتێك بێت كه‌ هاوشێوه‌ى قورئان بێت.   
هه‌روه‌ها هێمایه‌كیشه‌ بۆ ئاراسته‌كردنى زه‌ینه‌كان به‌ره‌و كتێبه‌ ئاسمانییه‌ نازڵكراوه‌كانى هاوشێوه‌ى قورئان، تاكو زه‌ینى بیسه‌ر به‌راورد له‌ نێوانیاندا بكات و، بۆ خۆى په‌ى به‌ به‌رزى و بڵندیى "قورئان" ببات.  
سه‌باره‌ت به‌ ڕسته‌ى [وَٱدۡعُواْ شُهَدَآءَكُم مِّن دُونِ ٱللَّهِ]ش، ئەوا: 
هەڵبژاردنی [ٱدۡعُواْ] لە ڕستەکەدا بەسەر "استعينوا" يان "استمدوا"دا (واته‌ داواى یارمه‌تى.. پشتگیرى بكه‌ن) ئاماژه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ى كه‌ ئه‌و كه‌سه‌ى به‌ده‌م بانگه‌كه‌یانه‌وه‌ بڕوات و داكۆكییان لـێ بكات، دووره‌ ده‌ست نییه‌، به‌ڵكو ئاماده‌یه‌ و، ته‌نها پێویستیان به‌ بانگكردنى هه‌یه‌.   
وشه‌ى [شُهَدَآءَ]يش سآ واتاى لەخۆدا کۆکردۆتەوە: واته‌: گه‌وره‌كانتان له‌ زمانپاراویدا و.. ئه‌وانه‌ى شایه‌تیتان بۆ ده‌ده‌ن و.. بته‌كانتان..   
جا به‌ پێى یه‌كه‌میان، ئه‌م وشه‌یه‌ به‌ستنه‌وه‌ى ئه‌وانى تێدایه‌ و، به‌ڵگه‌ى ئه‌وه‌یان ده‌بڕێت كه‌ بڵێن: نه‌توانینى ئێمه‌ به‌ڵگه‌ى نه‌توانینى گه‌وره‌كانمان نییه‌..   
به‌پێى دووهه‌میشیان، ده‌مكوتكه‌ریانه‌ و، بیانووى ئه‌وه‌یان ده‌بڕێت كه‌ بڵێن كه‌س نییه‌ شایه‌تیمان بۆ بدات، به‌وه‌ى كه‌ ده‌رى ده‌خات هیچ ڕێبازێك نییه‌ خه‌ڵكانێكى نه‌بێت داكۆكیى لـێ بكه‌ن و شایه‌تیى بۆ بده‌ن.   
به‌پێى سێهه‌میشیان: سه‌ركوتكردن و گاڵته‌كردنه‌ پێیان، به‌وه‌ى كه‌ ئه‌و خوایانه‌ى(بتانه‌ى) هیواى ده‌ستكه‌وتنى سوود و دوورخستنه‌وه‌ى زیانیان لـێ ده‌كه‌ن، چۆنه‌ وا له‌م كاره‌دا یارمه‌تیتان ناده‌ن كه‌ به‌لاتانه‌وه‌ گرنگه‌؟!   
ئیزافه‌ كردنى [شُهَدَآءَ]يش بۆلاى [كُم] - كه‌ تایبه‌تكردن ده‌گه‌یه‌نێت - باڵى واتاى یه‌كه‌م ده‌گرێت، به‌وه‌ى كه‌: گه‌وره‌كانتان ئاماده‌ن له‌گه‌ڵتاندا و، تایبه‌تكارییش له‌ نێوانتاندا هه‌یه‌، جا ئه‌گه‌ر بیانتوانیایه‌، ئه‌وا بێگومان یارمه‌تییان ده‌دان.   
هه‌روه‌ها ده‌گاته‌ باڵى واتاى دووهه‌میش، به‌وه‌ى كه‌: ئێمه‌ شایه‌تیى ئه‌و كه‌سه‌ وه‌رده‌گرین كه‌ ئێوه‌ له‌خۆ ده‌گرێت و پشتیوانیتان لـێ ده‌كات، خۆ ئه‌وه‌تا ئه‌وانیش پڕكێشى ناكه‌ن شایه‌تى له‌سه‌ر شتێك بده‌ن كه‌ پووچه‌ڵییه‌كه‌ى به‌ڵگه‌نه‌ویست بێت.  
باسكى واتاى سێهه‌میش ده‌گرێت، له‌گه‌ڵ سه‌ركوتكردنیان به‌وه‌ى كه‌: چۆنه‌ وا ئه‌و بتانه‌ى كه‌ كردووتانن به‌ چه‌ند په‌رستراوێكى خۆتان، نایه‌ن به‌ هاناتانه‌وه‌؟!   
وشه‌ى [مِّن دُونِ ٱللَّهِ]يش، بەپێی واتای یەکەم: 
ئاماژه‌یه‌ بۆ گشتاندن، واته‌: جگه‌ له‌ خوا، هه‌موو زمانپاراوێك له‌ دنیادا. هه‌روه‌ها ئاماژه‌شه‌ بۆ ئه‌وه‌ى كه‌ ئیعجازى قورئان ته‌نها هى ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌ لایه‌ن خواوه‌یه‌..   
به‌پێى واتاى دووهه‌میش، ئاماژه‌یه‌ بۆ ده‌سته‌وسانى و واق وڕماوییان له‌وه‌دا كه‌ وتوویانه‌: "خوا شایه‌ت و زانایه‌ كه‌ ئێمه‌ ده‌توانین". چونكه‌ خووى كه‌سى ده‌سته‌وسانى به‌ به‌ڵگه‌ به‌ستراو وایه‌ كه‌ سوێند به‌ خواى گه‌وره‌ ده‌خوات و، ئه‌و ده‌كات به‌ شایه‌ت له‌سه‌ر ئه‌و شتانه‌ى كه‌ خۆى ناتوانێت به‌ڵگه‌یان له‌سه‌ر بهێنێته‌وه‌!   
به‌ پێى واتاى سێهه‌میش، ئاماژه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ى كه‌ دژایه‌تیى ئه‌وان به‌رامبه‌ر به‌ پێغه‌مبه‌ر () شتێك نییه‌ جگه‌ له‌ وه‌ستانى "شیرك" به‌رامبه‌ر "ته‌وحید" و، "بێ گیانه‌كان" به‌رامبه‌ر "به‌دیهێنه‌رى زه‌وى و ئاسمانه‌كان".   
ڕسته‌ى [إِن كُنتُمۡ صَٰدِقِينَ]يش ئاماژه‌یه‌ بۆ ئه‌و قسه‌یه‌ى كه‌ وتوویانه‌: "گه‌ر بمانویستایه‌ ئه‌وا هاوشێوه‌ى ئه‌مه‌مان ده‌وت"..  
هه‌روه‌ها پلارێكه‌ بۆ ئه‌وه‌ى كه‌ ئێوه‌ له‌ كه‌سانى "ڕاستگۆ" نین، مه‌گه‌ر به‌ گریمان ڕاستگۆییتان بۆ گریمان بكرێت. به‌ڵكو ئێوه‌ له‌ كه‌سانى سۆفستائین و، له‌ ڕێى حه‌قخوازییه‌وه‌ نه‌كه‌وتوونه‌ته‌ گومانه‌وه‌، به‌ڵكو خۆتان به‌ دواى گوماندا گه‌ڕان و، تێى كه‌وتن.   
پاشان وه‌ڵامى ئه‌م مه‌رجه‌، (واته‌ مه‌رجى: "إِن كُنتُمۡ صَٰدِقِينَ"..) ده‌ره‌نجامه‌كه‌ى پێش خۆیه‌تى، واته‌: "فافعلوا" (داواى یارمه‌تى له‌ شایه‌ته‌كانتان بكه‌ن).