حیکمەت لە حەرامیی خوێن خواردنەوەدا
حەرامکردنی خوێنخواردن لە چوار ئایەتدا هاتووە
م. ڕامان عەبدولخالق هاودیانی
د. دیدار زاهیر حەمه
ئەم بابەتە بریتییە لە پوختەی توێژینەوەیەکی زانستیی هەردوو توێژەر "م. ڕامان عەبدولخالق هاودیانی"؛ توێژەر لە بواری ئیعجازی زانستی و, "د. دیدار زاهیر حەمه"؛ پزیشکی ڤێتەرنەری و نەشتەرگەری، کە لە کۆنفراسی هاوبەشی نێوان کۆلێژی زانستە ئیسلامییەکانى زانکۆی سەلاحەدین و ناوەندی کوردستان بۆ ئیعجازی زانستی لە قورئان و سوننەتدا، پهسهند كرا بۆ بڵاوكردنهوه.
لایەنی شەرعی
حەرامکردنی خوێنخواردن لە چوار ئایەتدا هاتووە:
١. سوورەتی (النحل: ١١٥) ﴿إِنَّمَا حَرَّمَ عَلَيْكُمُ الْمَيْتَةَ وَالدَّمَ وَلَحْمَ الْخِنزِيرِ وَمَا أُهِلَّ لِغَيْرِ اللَّهِ بِهِ ۖ فَمَنِ اضْطُرَّ غَيْرَ بَاغٍ وَلَا عَادٍ فَإِنَّ اللَّهَ غَفُورٌ رَّحِيمٌ﴾.
٢. سوورەتی (البقرة: ١٧٣) ﴿إِنَّمَا حَرَّمَ عَلَيْكُمُ الْمَيْتَةَ وَالدَّمَ وَلَحْمَ الْخِنزِيرِ وَمَا أُهِلَّ بِهِ لِغَيْرِ اللَّهِ ۖ فَمَنِ اضْطُرَّ غَيْرَ بَاغٍ وَلَا عَادٍ فَلَا إِثْمَ عَلَيْهِ ۚ إِنَّ اللَّهَ غَفُورٌ رَّحِيمٌ﴾.
٣. سوورەتی (الانعام: ١٤٥) ﴿قُل لَّا أَجِدُ فِي مَا أُوحِيَ إِلَيَّ مُحَرَّمًا عَلَىٰ طَاعِمٍ يَطْعَمُهُ إِلَّا أَن يَكُونَ مَيْتَةً أَوْ دَمًا مَّسْفُوحًا أَوْ لَحْمَ خِنزِيرٍ فَإِنَّهُ رِجْسٌ أَوْ فِسْقًا أُهِلَّ لِغَيْرِ اللَّهِ بِهِ ۚ فَمَنِ اضْطُرَّ غَيْرَ بَاغٍ وَلَا عَادٍ فَإِنَّ رَبَّكَ غَفُورٌ رَّحِيمٌ﴾.
٤. سوورەتی (المائدة: ٣) ﴿حُرِّمَتْ عَلَيْكُمُ الْمَيْتَةُ وَالدَّمُ وَلَحْمُ الْخِنزِيرِ وَمَا أُهِلَّ لِغَيْرِ اللَّهِ بِهِ...﴾.
- خوێنی ڕژێنراو و ڕوون قەدەغە کراوە بۆ خواردن، بەڵام خوێنی نەڕژاو ڕێپێدراوە.
لە تەفسیری ئیبن کەسیردا(1) بۆ ئایهتهكهی سوورەتی (الأنعام) هاتووە كه: وشەی الدم واتە "خوێنی ڕژاو"، وەکوو خودا دەفەرمووێت: [أو دما مسفوحا], واتە: "خوێنی ڕژێنراو". ئیبن عەباس دەگێڕێتەوە: پرسیویانە دەربارەی حەڵاڵیی جگەر، پێغەمبەر (ﷺ) فەرموویەتی: بیخۆن، وتوویانە ئەمە خوێنە. فەرموویەتی: بەڵام خوێنی ڕژێنراو و ڕوونتان لێ قەدەغە کراوە(2). لە دایكه عائیشەوە هاتووە كه فهرموویهتی: (إنما نهى عن الدم السافح)(3)، واته: "پێغەمبەر(ﷺ) نەهی کردووە لە خوێنی ڕژاو"(4). هەروەها پێغەمبەر (ﷺ) دەفەرمووێت: (أحل لنا ميتتان ودمان، فأما الميتتان فالحوت والجراد، وأما الدمان فالكبد والطحال): "دوو مردوو و دوو خوێنمان بۆ حەڵاڵ كراوه، مردووەکان ماسى و کولـلە، خوێنەکانیش جگەر و سپڵ(5)."
لە ڕووی مێژووەوە
ئایا لە سەردەمی نەفامی (الجاهلیة)دا خوێن وەکوو خۆراک بەکار دەهات؟
ئیمامی تەبەری لە تەفسیری ئەم ئایەتەدا: [قل لا أجد فيما أوحي إليَّ محرمًا] دەڵێت: خەڵکی لە سەردەمی جاهیلیەتدا هەندێ شتیان له خۆیان حەڵال کردبوو، هەندێکی تریش حەرام، دەفەرمووێت: واتە پێیان بڵێ نابینم ئەوەی ئێوە حەرامتان کردووە یان حەڵاڵتان کردووە، حهرام بێت ئەم شتانە نەبێت: [إلا أن يكون ميتة أو دمًا مسفوحًا أو لحم خنـزير..] واتە: "مهگهر مردارهوهبوو بێ، یا خوێنێ ڕژێنراو، یا گۆشتی بهراز..(6)"(7). هەروەها هاتووە كه: "كانوا يأخذون المباعر فيملئونها دما ثم يشوونها بالنار ويأكلونها." واتە: مەنجەڵیان پڕ دەکرد لە خوێن، دواتر بە ئاگر سووریان دەکردەوە و دەیانخوارد(8). یاخود لە کاتی برسێتیدا لە وشترەکانیان خوێنیان وەردەگرت و لەگەڵ گەنە تێکەڵیان دەکرد و سووریان دەکردەوە و دەیانخوارد، پێیان دەگوت عیلهیز (علهز)(9).
هەروەها ڕۆمەکانیش خوێنیان بەکار هێناوە، ئەوان خراپترین کۆمەڵگا بوون لە دواکەوتوویی و پیس و پۆخڵیدا. چونكه خوێنیان دەخواردەوە و، پاشماوەی ئاژەڵ و پەینەکانیان، تهنانهت گۆشتی مرۆڤیشیان دەخوارد(10).
هەروەها لە فەرموودەدا هاتووە: " أنه -أبو سفیان- قال: لهرقل ملك الروم: نهانا عن الميتة والدم". ئهبوو سوفیان بە هەرقلی سەرکردەی ڕۆمی وتووە: "موحەمەد خواردنی مردارەوەبوو و خوێنی لێ قهدهغه کردووین(11). ئەمەش بەڵگەیە لەسەر ئەوەی ڕۆمەکان خوێنیان بۆ خواردن بەکار دەهێنا.
لایەنی پزیشکی
پێناسەی خوێن لە ڕووی پزیشکییەوە: ئەو شلەیە کە هاتوچۆ دەکات بەناو دڵ و دەمارەکان و مۆلولە وردەکان و خوێنبەر و خوێنهێنەر کە گوێزەرەوەیەکی سەرەکییە لە لەشدا، ئۆکسجین لە سییەکانەوە دەگوازێتەوە بۆ شانەکانی لەش و دووانەئۆکسیدیش لە شانەکانەوە بۆ سییەکان، هەروەها ماددە خۆراکییەکان و ئەنزیمەکان بۆ شانەکان و ماددە خراپ و پاشماوەکان دەبات بۆ جگەر، هەروەها کار دەکات بۆ ڕاگرتنی باڵانسی شلە لە لاشەدا(12).
خوێن لە دوو بەش پێک هاتووە, یهكهم بەشی شل: بریتییە لە پلازما و، پێکهاتەی پلازماش بەشی زۆری ئاوە. دووهم بەشی ڕەق: بریتین لە خانەکانی خوێن، ئەوانیش خڕۆکە سوورەکان و خڕۆکە سپییەکان و پەڕەکانی خوێن دەگرێتەوە. پلازما ڕێژەی ۵۵٪ی قەبارەی خوێن پێکدەهێنێت(13).
خواردنەوەى خوێن کاریگەریی لەسەر لەش
١. خوێنی پیس (نەخۆشیی تێدا بێت)، لە مرۆڤ یان ئاژەڵێکدا ئەگەر نەخۆش بێت، ئەوا خوێنەکەی هەڵگر و گوێزەرەوەی زۆربەی میکرۆبی نەخۆشییەکەیە (14).
٢. خوێنی پاک لە ئاژەڵێکی تەندروست بێت، ئەوا: خڕۆکە سوورەکان و پلازمای خوێن هەڵگری دووانەئۆکسیدی کاربۆنن (15)، هەڵگری ژەهر و (دەرمانەکانە)(16) کە گورچیلە دەریدەدات بۆ میزەڕۆ(17).
٣. خوێن هەڵگری ئاسنێکی زۆرە، کە دەبێتە هۆی ژەهراویبوون و نەخۆشیی (haemochromatosis) هیمۆکرۆماتۆسیس (18).
٤. هەروەکوو خوێن؛ ماددەی پاشماوە زیانبەخشەکانی هەڵگرتووە، دیسان دەبنەوە ژەمەخۆراکێکی زیانبەخش و لەش بەرەو فەوتان دەبەن، هەروەکوو زانراوە کە خوێن هەرسکردنی زەحمەتە, لەبەر هەبوونی ماددەی نەشیاو کە ناتوێنەوە و هەرس نابن. کاتێ دەچێتە خانەکانی تایبەت بە هەرسکردن، دەمێننەوە و خانەکان تووشی گەنیویی دەکەن و دەیانمرێنن، لە ئەنجامدا لاشە بەرەو لاشەیەکی مردوو دەچێت (19).
٥. خوێن هەندێ بەکتریای تێدایە کە لەگەڵ خوێن تێکەڵ بوون و، بە خوێن ناو دەبرێن، تهنانهت لە تاقیگەکانیشدا زەحمەتە ببينرێن، وەکوو بەکتریای ئەنفلۆنزای دۆستی خوێن (hemophilis Influenza) کە هۆکاری دروستبوونی هەوکردنی توندە لە لای منداڵ.
٦. هەروەها لە ڕێگەی خوێنەوە دەرهاوێشتەی بەکتریا و ژەهرەکان ((toxins دەگات بە هەموو ئەندامەکانی لەش، بە جۆرێک ژەهرەکان بڵاو دەکاتەوە کە وا دەکات لەش ئەو بەرگرییەی هەیەتی؛ لەدەستی بدات بە ڕادەیەکی زۆر، بۆ نموونە لەوانەیە گورچیلە بە هۆی ژەهرەکەوە نەتوانێت کاری خۆی بەتەواوی بکات (20). کەواتە خوێن بە هەموو بەشەکانی لەشدا زۆر بەخێرایی هاتوچۆ دەکات و ئامرازێکی زۆر ئاسانە بۆ گواستنەوەی میکرۆبەکان بۆ هەموو بەشەکانی لەش (20). هەروەها خوێن دادەنرێت بە چاکترین ناوەند بۆ گەشەی میکرۆبەکان. هەر کات ئاژەڵ سەر ببڕدرێت، خوێنەکەی دەبێتە باشترین شوێن بۆ بڵاوبونەوەی ئەو ڤایرۆس و میکرۆبانە. خۆ ئهگهر مرۆڤ خوێنەکەی خواردەوە، وەکوو ئەوە وایە کە کێڵگەیەکی بەکتریا و میکرۆبەکانی خواردبێتەوە(19).
پێکهاتە و کاریگەریی سپل و جگەر
سپڵ: خڕۆکە سووری (Red Blood cells) ناڕێك یان بەتەمەنەکان شی دەکاتەوە و ماددە سوودبەخشەکانی ناوی هەڵدەگرێت، بۆ نموونە ئاسنەکەی (Iron) کۆ دەکاتەوە بۆ ئەو کاتەی خڕۆکەی سووری تازە دروست دەکرێت(21). هەروەها خڕۆکەی سپی (white blood cells)ی تیا کۆ دەکرێتەوە کە ئەویش بەرگریی لەش زیاد دەکات، بۆیە سوودبەخشە بۆ خواردن و هیچ ژەهرێك یان ماددەیەکی زیانبەخشی تیا نییە (22).
جگەر: جگەر یەکێک لە کارەکانی سپڵ دەکات کە خڕۆکە سوورە ناڕێکەکان یان پیرەکان شی دەکاتەوە و ئاسنەکەی هەڵدەگرێت بۆ کاتی دروستکردنەوەی خڕۆکەی سووری نوێ (23). هەروەها کۆکەرەوەی شەکر (Sugar)، ڤیتامین (Vitamin)، ئاسن (Iron) و هەندێ ماددە خۆراکیی تر، هەروەها پاڵاوتن و پاککردنەوەی خوێن لە ژەهر (toxins) و دەرمانەکان.
ئایا ژەهرەکان (toxins) چییان لێ دێت لە جگەر؟
جگەر دوو ڕێگەی لەبەر دەستدایە بۆ ژەهرەکان دوای پاڵاوتنیان، ئەویش گۆڕینی ژەهرەکانه بە ماددەی سوودبەخش، یان ناردن و دەردانی ژەهرەکانه بۆ ئەو ئەندامانەی كه دەریدەدەنە دەرەوەی لەش. بۆیە جگەر ژەهراوی نییە و پڕە لە ڤیتامین و کانزا، بە تایبەت ماددەی ئاسن کە مرۆڤ بە ئاسانی هەرسی دەکات و سوودی لێ دەبینێ(24). هەروەها خانەی نوێی بەرگری دروست دەکات کە ناسراون بە (Cytokines)، بە تایبەت خانەی كهفهر (Kuppfer cells)، هەروەک لە سپڵیشدا هەن. کەواتە جگەر تاکە ڕێگەیە بۆ لەش بۆ دەربازبوونی لە ماددە زیانبەخشەکان (25).
ئاژەڵی خوێنخۆر بە نموونە "شەمشەمەکوێرە"، چ جیاوازیی هەیە لەگەڵ مرۆڤدا؟
شەمشەمەکوێرە زیاتر لە 280 بەکتریا لە کۆئەندامی هەرسیدا هەیە کە زیانبەخشن بۆ ئاژەڵەکانی تر، بەڵام جینهكانی (Genes) ناو دی ئێن ئەی(DNA)، شەمشەمەکوێرە جۆرە بازدانێکی هەیە کە وای کردووە بەرگریی هەبێت بۆ بەکتریا و ڤایرۆسەکان(26).
ماسی حەڵاڵە ئایا چ جیاوازیی هەیە لەگەڵ ئاژەڵی تر لە ڕووی خوێنەوە؟
جیاوازیی خوێنی ماسی لەوەدایە كە خڕۆكە سوورەكانی "ناوك"یان هەیە، وەك هەندێ ئاژەڵی تر، بەڵام جیاوازییە گرنگەكەی لەوەدایە كه یەك سووڕی خوێنی هەیە، واتە خوێن لە دڵێ دەچێتە پەڕەكانی (Gills) و لەوێ پڕ دەبێت لە ئۆكسجین (Oxygen)، ئینجا بڵاو دەكرێتەوە بۆ گشت بەشەكانی لەشی و، هەمان خوێنبەری "خوێنەكان" كە پڕن لە دووەم ئۆكسیدی كاربۆن؛ وەردەگرێتەوە و دەیباتەوە جارێكی تر بۆ ڕیشۆكەوانەكانی. جگە لەوەش ئەمە وا دەكات كه ڕێژەی خوێنی ماسی كەم دەبێت بە شێوازێك بەس بەشی ئیشی ئۆرگانەكە (Organs) بكات، واتە کاتێ دەمرێت ئۆکسجینی نامێنێت و وا دەکات خوێن بگەڕێتەوە دڵ و پەڕ و ئۆرگانەکانەوە، بەمەش خوێن نامێنێتەوە لە لاشەیدا(27).
له ڕووی زانستییهوه چ نهێنییهك لهوهدا ههیه كه ئاژەڵی مردوو، یان خنکاو، یان ڕاوکراو لەلایەن ئاژەڵی دەڕندەوە، حەرامە بخورێت؟
ئێمە له کاتی سەربڕینی ئاژەڵدا شاخوێنبەر و خوێنهێنەری ملی ئاژەڵەکە دهبڕین تاکوو زۆرترین خوێن لە لەشی ئاژەڵەکە بێتە دەرەوە، هەروەک دەزانین لە ڕووی زانستییشەوە دەبێتە هۆی پاکبوونەوەی ئاژەڵهكه لە خوێن، چونکە وەکوو باسمان کرد خوێن ناوچەیەکی لەبارە بۆ گەشەکردنی بەکتریا و میکرۆبەکان، لهبهرئهوهیه كه ئەو ئاژەڵانەی مردوون، بە هۆی خنکانەوە بێت یان هەر هۆیەکی تر؛ زۆر بەخێرایی بۆگەن دەکەن و پیس دەبن، هەندێ جار خوێنەکەی لە خۆیدا هەڵگری میکرۆب و ژەهر و نەخۆشییە. ئەو ئاژەڵانەشی كه بە هۆی ئاژەڵی ترەوە ڕاو دەکرێن، تهنها لە یەک کاتدا دەتوانرێت گۆشتەکەی وەکوو خواردن سوود لێ ببینرێت، ئەویش کاتێ ئاژەڵە ڕاوکراوەکە بەزیندوویی چنگ بخرێت و سەر ببڕدرێت، تاکوو پاک بێتەوە لەو خوێنەی ناوی، ئەگەر لە کاتی ڕاوکردن ئاژەڵەکە مرد و لە خوێنەکەی پاک نەکرایەوە، ئەوا خوێنەکەی دەمێنێتەوە و بۆگەن دەکات و گۆشتەکەی ژەهراوی دەبێت بە میکرۆبەکان(28).
ئایا دەکرێت خوێنخواردنەوە وەکوو دەرمان بەکار بێت بۆ چارەسەری کەمیی ماددەی ئاسن لە لەشدا؟
دوای ئەوەی بۆمان ڕوونبووەوە کە خوێن ماددەیەکی ژەهراوییە و لە ماددەی خراپ و باش پێکهاتووە، دهبێ ئهوهش بزانین كه ماددە خراپەکانی کاریگەرییان زیاترە لە ماددە چاکەکانی. بێگومان خواردنەوەی خوێن كارێكی نەگونجاوە، بە تایبەت کە هەندێ ماددەی تێدایە ناتوانرێت هەرس بکرێتەوە و، چەندین کێشەی تر. کەمیی ئاسن بە خواردنی ڕێژەیەکی زۆری ئاسن بە یەک جار چارەسەر نابێت و مرۆڤ پێی ژەهراوی دەبێت. پاشان ئەم خوێنە یەکسەر ناچێتە خوێنەوە، بهڵكو ماوەیەکی پێدەچێت تا هەرس دەبێت و دەچێتە ڕیخۆڵە.
ئەنجامی توێژینەوە:
١. خوێن لە مرۆڤ و ئاژەڵی نەخۆشدا، گوێزەرەوەی زۆربەی میکرۆبی نەخۆشییە.
٢. خوێنی پاک: خڕۆکە سوورەکانی و پلازماکەی هەڵگری دووانەئۆکسیدی کاربۆنن، هەروەها هەڵگری ژەهر و دەرمانەکانە کە گورچیلە دەریدەدات بۆ میزەڕۆ. هەر کات مرۆڤ خوێنەکەی خواردەوە، وەکوو ئەوە وایە کە کێڵگەیەکی بەکتریا و میکرۆبەکانی خواردبێتەوە.
٣. هەروەک ماددەی پاشماوە زیانبەخشەکانی هەڵگرتووە، كه دیسان دەبنەوە ژەمەخۆراکێکی زیانبەخش و لەش بەرەو فەوتان دەبات.
٤. هەڵگری ئاسنێکی زۆرە، کە دەبێتە هۆی ژەهراویبوون و نەخۆشیی هیمۆکرۆماتۆسیس.
٥. لەبەر هەبوونی ماددەی نەشیاو لە خوێندا، کە ناتوێنەوە و هەرس نابن، خانەکان تووشی گەنیوی دەکەن و دەیانمرێنن.
٦. سپڵ و جگەر دوو خۆراکی بەسوودن بۆ لەش، هیچ ماددەیەکی زیانبەخشیان تێدا نییە.
٧. ماسی ئەو ئاژەڵەیە کە سەربڕینی پێویست نییە، لەبەر ئەوەی لە کاتی مردن و نەمانی ئۆکسجین؛ خوێنەکەی بەرەو نەمان دەچێت.
٨. خورادنەوەی خوێن بە هیچ شێوەیەک نابێتە ڕێگەیەکی تەندروست بۆ زیادبوونی ماددەی ئاسن.
٩. ههر یهك له ئاژەڵی (مرداربوو، خنکاو، کوژراو) خۆراکێکن پڕ لە ڤایرۆس و ژەهر، بە هۆی مانەوەی خوێن لە لاشەیاندا.
- تفسيرابن كثير للإمام ابي الفداء الحافظ ابن کثیر الدمشقي، ٢/٨، دار الفکر للطباعة والنشر والتوزیع.
- أحمدشاكر، عمدة التفسير، 1/626: إسناده صحيح، الأثر أخرجه البيهقي في السنن 10/7، وابن أبي شيبة في المصنف 5/125، ورجاله رجال الصحيح.
- أخرجهالبخاري (4141) ، ومسلم (2770) ، والنسائي في ((السنن الكبرى)) (8931) ، وأحمد (25623) باختلاف يسير، والطبراني (23/111) (151) واللفظ
- له تفسير ابن كثير للامام أبي الفداء الحافظ ابن کثیر الدمشقي، ٢/٨، دار الفکر للطباعة والنشر والتوزیع.
- الحديث روي موقوفا ومرفوعا، والصواب انه موقوف من قول عبد الله بن عمر رضي الله عنهما كما قال الدارقطني في علله، وقد عمل به جمهور الفقهاء لانه يندرج تحت نصوص اخرى عامة من الكتاب والسنة والله اعلم. (محمد الشيخ طاهر البرزنجي).
- تەفسیری پوختە
- اخرجهالطبري، ٨/ ٦٩ في تفسیره جامع البیان.
- تفسيرالتحرير والتنوير، 6/ ٩٠.
- تفسيرالتحرير والتنوير، 6/ ٩٠.
- موقع: ويكیبیدیا، الموسوعة الحرة، تاریخ الزیارة: ۳/ ۸/ ۲۰۱۹، مقالة بعنوان: الجاهلية .
- صحيحالبخاري (3/110).
- Shiel Jr, W, C. (12/4/2018). The medical definition of blood. Retrieved from, MedicineNet: www.medicinenet.com
- Shiel Jr, W, C. (12/27/2018). The medical definition of plasma. Retrieved from: MedicineNet: www.medicinenet.com
- James L. Blanchard, Kasi E. Russell-Lodrigue, in Nonhuman Primates in Biomedical Research (Second14. Edition), 2012.
- Arthurs GJ, Sudhakar M. Carbon dioxide transport. Continuing Education in Anaesthesia Critical Care & Pain. 2005 Dec 1;5(6):207-10.
- دەرمانیکیمیایی دەگرێتەوە کە بە دەرزی یان قورگ وەربگیرێت.
- Nigam SK, Wu W, Bush KT, Hoenig MP, Blantz RC, Bhatnagar V. Handling of drugs, metabolites, and uremic toxins by kidney proximal tubule drug transporters. Clinical journal of the American Society of Nephrology. 2015 Nov 6;10(11):2039-49.
- Anemia book: How much iron is in the body. Retrieved from: www.irondisorders.org: October 15, 2018. Hemochromatosis. Retrieved from: labtestsonline.org.
- .بين الطــب والإســـــلام، د. حامد الغوابي، الطبعة: ٢٠١٨، الناشر: وکالة الصحافة العربیة (دار الکتب المصریة)، الموقع الالکترونی للکتاب: books.google.iq .
- .أمراض الدم، د.عبد الدائم ناظم الشحود، مجلة العلوم و التقنیة، العدد ٩٣، ٣/ ٤٠، ٢٠٠٥. مجلة علمية تصدرها مدینة الملك عبد العزیز للعلوم والتقنة،الموقع الالکتروني للمجلة: kutub-pdf.net_jJ53Ch.pdf .
- Pivkin IV, Peng Z, Karniadakis GE, Buffet PA, Dao M, Suresh S. Biomechanics of red blood cells in human spleen and consequences for physiology and disease. Proceedings of the National Academy of Sciences. 2016 Jul 12;113(28):7804-9.
- Jacob, H. S. (July 2018). Overview of the spleen. Retrieved from: Merck Manual: www.merckmanuals.com
- www.mdedge.com.
- Newman, T., Luo, E. K. (2 March 2018). What does the liver do?. Retrieved from: Medical News Today: www.medicalnewstoday.com.
- أضرار تناول المیتة والدم ولحم الخنزیر، د.عبدالدائم ناظم الشحود، مجلة العلوم و التقنیة، العدد ٩٣، ٣/ ٤٠،السنة: ٢٠٠٥، مجلة علمية تصدرها مدینة ملك عبد العزیز للعلوم والتقنة. الموقع الالکترونی للمجلة: kutub-pdf.net_jJ53Ch.pdf سنةالدخول (٢٠١٩) ، تاریخ الزیارة:٢/ ٨/ ٢٠١٩.
- Mendoza, M. L. Z., Xiong, Z., Escalera-Zamudio, M., Runge, A. K., Thézé, J., Streicker, D., ... & Castruita, J. A. S. (2018). Hologenomic adaptations underlying the evolution of sanguinary in the common vampire bat. Nature Ecology & Evolution, 2(4), 659.
- Lauder GV, Shadwick RE, editors. Fish Biomechanics. Elsevier; 2006.
- Lerner PT. Evaluation of hemoglobin and myoglobin in Poultry slaughtered by stunning and Kosher slaughter. Folia Vet. 2009;53(53):25-7.