ئیعجازی ڕەوانبێژی و تەحەدای قورئان
گەورەترین ئیعجازی قورئان ئیعجازی ڕەوانبێژی و زمانەوانیەکەیەتی
پ. ی. د. دیاری ئەحمەد قەساب
وەك زانراوە گەورەترین ئیعجازی قورئان ئیعجازی ڕەوانبێژی و زمانەوانیەکەیەتی، لەگەڵ ئەوەی کە قورئان هەمووی هەر ئیعجازە، واته ئیعجازە لە زاراوە و لەفزەکان و زمانەکەیدا.. ئیعجازە لە بابەتەکانیدا کە چەندین ڕاستیی زانستی و مێژوویی و تەشریعیی تێدایە..
قورئان تەحەدای مرۆڤی کردووە کە ناتوانن وەك ئەو بێنن: ﴿قُل لَّئِنِ ٱجۡتَمَعَتِ ٱلۡإِنسُ وَٱلۡجِنُّ عَلَىٰٓ أَن يَأۡتُواْ بِمِثۡلِ هَٰذَا ٱلۡقُرۡءَانِ لَا يَأۡتُونَ بِمِثۡلِهِۦ وَلَوۡ كَانَ بَعۡضُهُمۡ لِبَعۡضٖ ظَهِيرٗا ٨٨ ﴾ (الإسراء).. [بِمِثۡلِهِۦ] واته وەك ئەو تەنها لە ڕەوانبێژیی و زمانەکەیدا؟ یان لە بابەتەکانیدا بەگشتی؟ لە تەفسیری (التحریر والتنویر)دا هاتووە: "مەبەست وەك ئەو: لێکچوونە لە فەساحەت و ڕەوانبێژیی و واتا و ڕەوشتەکانی و یاساکانی، ئەوانەش لایەنەکانی ئیعجازی لەفزیی و زانستییە".. تەنانەت خودی پێغهمبهریش (ﷺ) ناتوانێت وەك ئەوە بڵێت ئەگەر ئەو وشانە سروش نەبێت، بەڵکو ئەو پێغەمبەری خودایە و، مانا و لەفزەکانی هەموو لە لایەن خوای گەورەوە بۆ هاتووە.. گەر خوای گەورەش ویستی لەسەر بێت هەموو لەفزەکان و نووسینەکانی لە دڵ و دەروون و لاپەڕەکاندا دەسڕێتەوە، ئەو کاته کەس ناتوانێت بەرگری له پێغهمبهریش (ﷺ) بکات و قورئانەکەی بۆ بێنێتەوە: ﴿وَلَئِن شِئۡنَا لَنَذۡهَبَنَّ بِٱلَّذِيٓ أَوۡحَيۡنَآ إِلَيۡكَ ثُمَّ لَا تَجِدُ لَكَ بِهِۦ عَلَيۡنَا وَكِيلًا ٨٦ إِلَّا رَحۡمَةٗ مِّن رَّبِّكَۚ إِنَّ فَضۡلَهُۥ كَانَ عَلَيۡكَ كَبِيرٗا ٨٧﴾ (الإسراء).. دووای ئەو ئایەتانە (ئایەتی ٨٦ و ٨٧) لە سورەتی (الإسراء)، خوای گەورە تەحەدای نەك تەنها مرۆڤ، بەڵکو ئەگەر جنۆکەکانیشیان لەگەڵ بێت ناتوانن وەك ئەم قورئانە بڵێن. ئەوەتا پێغەمبەری خوداش (ﷺ) قەومەکەی بیری ئەو ڕاستییە دەخاتەوە، کە ئەو ٤٠ ساڵە لە نێویاندایە و کەس ئەو وتانەی لێ نەبیستووە، دیارە کە ئەو خاوەنیان نییە، بەڵکو ئەو تەکلیف کراوە بە گەیاندنی: ﴿قُل لَّوۡ شَآءَ ٱللَّهُ مَا تَلَوۡتُهُۥ عَلَيۡكُمۡ وَلَآ أَدۡرَىٰكُم بِهِۦۖ فَقَدۡ لَبِثۡتُ فِيكُمۡ عُمُرٗا مِّن قَبۡلِهِۦٓۚ أَفَلَا تَعۡقِلُونَ ١٦﴾ یونس.
لە ئایەتێکی تردا خوای گەورە دەفەرموێت: ﴿فَلۡيَأۡتُواْ بِحَدِيثٖ مِّثۡلِهِۦٓ إِن كَانُواْ صَٰدِقِينَ ٣٤﴾ الطور. لە تەفسیری بەغەویدا دەڵێت: "واتە وەك قورئان لە نەزم و جوانیی بەیانەکەی"(1). لە تەفسیری (التحریر والتنویر)یشدا هاتووە: "ئەگەر قسەیەك (کلام)ی وەك ئەو نەهێنن، ئەوا ئەوانە درۆزنن". سیاقی ئایەتەکانیش ئەوە دەخوازێت، کاتێك بێباوەڕەکان تۆمەتی ئەوەیان دایە پاڵ پێغەمبەر (ﷺ) کە خۆی قورئانی داناوە، وشەی [تَقَوَّلَهُۥۚ]یان بەکار هێناوە: ﴿أَمۡ يَقُولُونَ تَقَوَّلَهُۥۚ بَل لَّا يُؤۡمِنُونَ ٣٣﴾ الطور. ئیبن جەوزی دەڵێت: واته "قورئانی لەلایەن خۆیەوە داهێناوە؟ (تقول)یش واتە زۆر لەخۆکردن لە قسەکردندا تەنها بۆ درۆ بەکار دێت. [بَل] واتە ئەو کارە ئەوە نییە کە ئهوان ئەیڵێن. بهڵكو [لَّا يُؤۡمِنُونَ] بڕوا بە قورئان ناهێنن بەهۆی خۆبەزلزانینەوە، کەواتە [فَلۡيَأۡتُواْ بِحَدِيثٖ مِّثۡلِهِۦٓ] با گوفتارێكی وەك ئەو بێنن لە نەزم و جوانیی بەیانەکەیدا"(2).
هۆکاری سەرەکیی ئەو هەوڵانە بۆ وتنی شتێك كه بەناو هاوشێوه چەند ئایەت و سورەتێكی گوایە وەك قورئانە یان لەو ڕەوانتر بێت، ئەوەیە كه بێ باوهڕن و نایانەوێت دان به گەورەیی دەڕبڕینی قورئاندا بنێن، وەك خوای گەورە دەفەرموێت: ﴿أَمۡ يَقُولُونَ تَقَوَّلَهُۥۚ بَل لَّا يُؤۡمِنُونَ ٣٣﴾ الطور..
ههرچهنده چەرخەکانی لوتكهی ڕەوانبێژی بهسهر چوون، بەڵام جارجارە ئەو چهشنه هەوڵە شکستخواردوانە دەدرێت، كه ههرگیز ناتوانن خۆیان بگرن لەبەردەم حەقیقەتی گەورەیی ڕەوانبێژی قورئاندا، تهنانهت ناتوانن قەناعەت بە مرۆڤێکی ئاسایی بکەن کە پسپۆڕیی لە زمانەوانیدا نهبێت، چ جای زانایان و پسپۆڕانی ئەم بوارە.. بەڵکو تەنها بوونی هەستێکی زمانەوانی (حس لغوي) بەسە بۆ ڕەتکردنەوەی ئەو نووسینە گاڵتەئامێزانەی کە بە لای دانەرەکانیانەوە هاوشێوهی قورئانە! كێ گاڵتەی بەم دەستەواژە مناڵانهیهی "موسهلهمهی درۆزن" نایەت: (الفیل ما الفیل.. وما أدراك ما الفیل.. له ذَنَبٌ وَبیل وخرطوم طویل..)؟ ئایا تەنها هێنانی دەستەواژەی (وما أدراك)ی قورئان بەسە بۆئەوەی لاسایی قورئانی پێ بکەنەوە!؟ تهنانهت موسهیلهمه خۆیشی و ئەوانەشی دووای کەوتبوون چاك زانیویانە کە ئەو قسە کاڵوکرچانە بە هیچ شێوەیەك ناگەنە بەرزیی و جوانیی قورئان. ئەوەتا وەلیدی کوڕی موغیرە، حەکیمی قوڕەیش و شارەزا لە شیعر و ئەدەبی عەرەبدا، کاتێك گوێی لەم ئایەتانە دەبێت لە سورەتی (غافر)دا: ﴿حمٓ ١ تَنزِيلُ ٱلۡكِتَٰبِ مِنَ ٱللَّهِ ٱلۡعَزِيزِ ٱلۡعَلِيمِ ٢ غَافِرِ ٱلذَّنۢبِ وَقَابِلِ ٱلتَّوۡبِ شَدِيدِ ٱلۡعِقَابِ ذِي ٱلطَّوۡلِۖ لَآ إِلَٰهَ إِلَّا هُوَۖ إِلَيۡهِ ٱلۡمَصِيرُ ٣ مَا يُجَٰدِلُ فِيٓ ءَايَٰتِ ٱللَّهِ إِلَّا ٱلَّذِينَ كَفَرُواْ فَلَا يَغۡرُرۡكَ تَقَلُّبُهُمۡ فِي ٱلۡبِلَٰدِ ٤ كَذَّبَتۡ قَبۡلَهُمۡ قَوۡمُ نُوحٖ وَٱلۡأَحۡزَابُ مِنۢ بَعۡدِهِمۡۖ وَهَمَّتۡ كُلُّ أُمَّةِۭ بِرَسُولِهِمۡ لِيَأۡخُذُوهُۖ وَجَٰدَلُواْ بِٱلۡبَٰطِلِ لِيُدۡحِضُواْ بِهِ ٱلۡحَقَّ فَأَخَذۡتُهُمۡۖ فَكَيۡفَ كَانَ عِقَابِ ٥ وَكَذَٰلِكَ حَقَّتۡ كَلِمَتُ رَبِّكَ عَلَى ٱلَّذِينَ كَفَرُوٓاْ أَنَّهُمۡ أَصۡحَٰبُ ٱلنَّارِ ٦﴾ غافر، ناتوانێت جوانیی و بەرزی زمان و شێوازی قورئان بشارێتەوە کاتێك گوێی لێ دەبێت، دەڵێت: "والله لقد سمعت من محمد آنفًا کلامًا ما هو من کلام الإنس ولا من کلام الجن، وإن له لَحَلاوة، وإن علیه لَطَلاوة، وإن أعْلاه لَمُثمِر، وإن أسفَلَه لَمُغدِق، وإنه لَیَعلو وما یُعلی علیه"، واتە: (هەر ئێستا چەند قسەیەکم لە موحەممەد بیست، نە لە قسەی مرۆڤ دەچێت نە لە هی جنۆکەش، بە ڕاستی گوتارێکی شیرینە و بە ڕووپۆشێکی جوان داپۆشراوە، بەشی سەرەوەی بەردارە و ڕەگەکانیشی بە قووڵایدا چەسپیوە، بێگومان سەردەکەوێت و هیچ شتێك بەسەریا زاڵ نابێت).
سەردەمی پێش ئیسلام بە بەرزیی ئاستی ڕهوانبێژیی بەناوبانگە، هەر لەبەر ئەوەشە كه قورئان بە شتێك تەحەدایان دەکات کە خۆیان زۆر تیایدا شارەزان، کە ئەویش ڕەوانبێژییە. وهك شارهزایان ئاگادارن، له سهرهتای سهدهی بیستهمدا چهند ههوڵێك درا بۆ پیشاندانی ئهوهی كه ڕهوانبێژی سهردهمی پێش ئیسلام له ئاستێكی بهرزدا نهبووه، بهڵام سهرجهمی ئهو ههوڵانه شكستیان هێنا. دیارە ئەگەر عەرەبەکانی ئەو کاتە شارەزای ڕەوانبێژی نەبوونایە بە ڕەوانبێژی تەحەدا نەدەکران، چونکە ئەو کاته هیچ مانایەك بۆ تەحەداکردن نامێنێت!
هەروەها لە مێژوودا باس لە چەند هەوڵێک دەکرێت لە لایەن ههندێ ئەدیب و شاعیرەوە کە بە شکست کۆتاییان پێ هاتووە، وەك موتەننەبی و ئیبن موقەففەع، پاشان هەرخۆیان پەشیمان بوونەتەوە! لە ڕاستیدا ئەم باسانە پێ دەچێت لە ڕاستییەوە دووربن، چونکە بهڵگهی ڕاست و ڕیوایەتی دروستیان لەسەر نییە، ئەگەر ڕووشیان دابێت، هەر خۆیان ئاڵای شکستییان بەرزکردۆتەوە بەرامبەر گەورەیی و بەرزیی گوتاری قورئانی پیرۆز.
هەر لەو تەوەرەیەدا، ساڵی ١٩٩٩ کتێبێك لە ئەمریکا چاپکرا بە ناوی "الفرقان الحق" کە نووسەرەکەی دەڵێت: نووسینەوەی حەوت ساڵی خایاندووە .
زۆر زەحمەتە ئەم جۆرە نووسینانە – وەك وتمان – کار بکەنە سەر عەرەبیزانێك، چهندهش ئاستی زانينى کەم بێت، بەڵام کەسێك کە عەرەبی نهزانێت – چ جای بزانن قورئان چییە و وەك خۆیشی ئیسلامیان نەبینیوە – لەوانەیە به ڕاستی بزانن.. لەگەڵ ئەوەشدا – پێمان وایە – هەر کەسێك ئەو نووسینانە بخوێنێتەوە، با بە زمانی ئینگلیزیش بێت، ئەگەر جوان لێی ڕامێنێ بۆی دەردەکەوێت کە سەرچاوەکەی ئاسمانیی نییە.. ئەمە جگە لەوەی هەڵە و پەڵەکانی بۆ دەردەکەوێت، بە تایبەتی نووسەرەکەش کە قەشەیەکی مەسیحییە، کتێبەکەی پڕ کردووە لە قسەی نابەجێ بە پێغەمبەر (ﷺ) و گاڵتەکردن بە موسڵمانان!
نووسەر لە بەناو فورقانەکەیدا، لە زۆر شوێندا لاسایی قورئان دەکاتەوە لە دەستەواژەکانیاندا و تێکەڵیان دەکات لەگەڵ قسە ناماقوڵەکانی خۆی! لەو نێوهندهشدا ژەهرەکانی خۆی دەڕێژێت، بۆ به ههڵهبردنی خوێنهری، بۆ نموونە: دەڵێت: (بسم الأب الکلمة الروح، الإله الواحد الأوحد. مُثَلِّثِ التوحید، مُوَحِّد التثلیث، ما تعدد. فهو أب لم یَلِد. وهو کلمة، لم یولَد. وهو روح لم یُفْرَدْ، خَلّاقٌ، لم یُخْلَق. فسبحان مالك الملك والقوة والمجد، من أزل الأزل، الی أبد الأبد).. ههرچهنده ههر شارهزایهكی داڕشتنی زمانی عهرهبی كه ئهم دهستهواژانه دهبینێت، ههست به قۆرت و گرێ و ناقۆڵاییهكان دهكات، لهگهڵ ئهوهشدا دهبینی دەستەواژەی (لم یلد) و (لم یولد) و (فسبحان)ی قورئان بەکار دێنێت، لەگەڵیشیاندا بیروباوەڕە لادەرەکانی وەك (التثلیث) بڵاو دەکاتەوە! چ عهقڵێك ئهم دوو شته دژ بهیهكه دهتوانێ پێكهوه گرێ بدات؟!
بەو شێوەیە، هەوڵەکانی دوژمنانی قورئان بەردەوامە بۆ دوورخستنەوەی خەڵك لێی، چونکە دەزانن قورئان کاریگەریی بەهێزی هەیە لەسەر دەروونەکان، ئەوەتا هەر لەسەرەتای دابەزینی سروشدا سەرانی بێباوەڕان، بۆ دوورخستنەوەی خەڵکی، پێیان دەوتن: گوێ بۆ ئەم قورئانە مەگرن و بیکەن بە گاڵە و هەرا و غهڵبه غهڵب دروستکردن: ﴿وَقَالَ ٱلَّذِينَ كَفَرُواْ لَا تَسۡمَعُواْ لِهَٰذَا ٱلۡقُرۡءَانِ وَٱلۡغَوۡاْ فِيهِ لَعَلَّكُمۡ تَغۡلِبُونَ ٢٦﴾ فصلت، ئەویش لەبەر بێ تواناییانە لەوەی بە بەڵگە و ڕوونکردنەوە بەرەنگاری قورئان ببنەوە، ئەوا هەوڵ دەدەن بە زۆرکردن یان بە تەزویرکردن و پڕوپاگەندە بڵاوکردنەوە ڕێی لێ بگرن، هیچ نەبێت نەیەڵن گوێی بۆ بگیرێت.. بەڵام هەوڵەکان لە کۆتاییدا بە یارمەتی خوای گەورە پووچهڵیش بوونهتهوه:﴿إِنَّ ٱلَّذِينَ كَفَرُواْ يُنفِقُونَ أَمۡوَٰلَهُمۡ لِيَصُدُّواْ عَن سَبِيلِ ٱللَّهِۚ فَسَيُنفِقُونَهَا ثُمَّ تَكُونُ عَلَيۡهِمۡ حَسۡرَةٗ ثُمَّ يُغۡلَبُونَۗ وَٱلَّذِينَ كَفَرُوٓاْ إِلَىٰ جَهَنَّمَ يُحۡشَرُونَ ٣٦﴾ الأنفال.
(1) مختصر تفسیر البغوي المسمی بمعالم التنزیل للإمام الحسین بن مسعود الفراء البغوی الشافعي، اختصار وتعلیق: د. عبد الله بن أحمد بن علي الزید، ص٩٠٤.
(2) زاد المسیر في علم التفسیر، أبو الفرج عبد الرحمن بن علي الجوزي، المکتب الإسلامي، ط١، ١٤٢٣هـ- ٢٠٠٢م، ص١٣٥٧.