ئیعجازی قورئان و فە‌رمووده‌ له‌ ته‌شریعدا سه‌ربه‌خۆيى له دادوه‌ريدا به‌ نموونه‌

چاوخشان بەو ده‌قانه‌ی قورئان و سوننه‌تىدا كه‌ په‌یوه‌ندیدارن به‌ دادپەروەری

Mar 4, 2021 - 13:46
Dec 25, 2021 - 16:01
 0  723
ئیعجازی قورئان و فە‌رمووده‌ له‌ ته‌شریعدا سه‌ربه‌خۆيى له دادوه‌ريدا به‌ نموونه‌

د. محه‌مه‌د به‌رزنجی 

پارێزه‌ر موحه‌ممه‌د ڕه‌ئووف 

 

به پێداچوونه‌وه‌ و چاوخشان بەو ده‌قانه‌ی قورئان و سوننه‌تى پیرۆزدا كه‌ په‌یوه‌ندیدارن به‌ دادوه‌ری و جێبه‌جێكردنی‌ دادپه‌روه‌ری‌ له ئه‌نجوومه‌نی دادوه‌ریدا‌، بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ مه‌قاسیده‌كان و ئه‌و ئه‌حكامانه‌ی كه‌ به‌ درێژی باس كراون، ده‌سپێشكه‌رییه‌كی ته‌شریعیی گه‌وره‌یان تێدایه‌ و، ده‌یچه‌سپێنن كه ته‌شریعه‌كانی ئیسلام له‌لایه‌ن كردگاری مرۆڤ و به‌دیهێنه‌ری گه‌ردوونه‌وه‌یه‌، ئه‌مانه‌ش هه‌ندێك له‌و ده‌قانه‌ن كه‌ په‌یوه‌ندیيان به‌م مه‌سه‌له‌یه‌وه هه‌یه‌‌:  

یه‌كه‌م: چۆنێتيی هه‌ڵسوكه‌وتی دادوه‌ر له‌گه‌ڵ كێشه‌ و ناكۆكییه‌كاندا

١. گوێگرتن له‌ داواچییه‌كان به‌ یه‌كسانی و، جیاوازی نه‌كردن له‌ نێوانياندا: 

سه‌ره‌ڕای ئه‌و ئایه‌ته‌ پیرۆزانه‌ى‌ باس له‌م مه‌سه‌له‌یه‌ ده‌كه‌ن، به‌ نموونه وه‌ك ئه‌وه‌ی كه‌‌ خوای گه‌وره‌ ده‌فه‌رموێت: ﴿۞ وَهَلۡ أَتَىٰكَ نَبَؤُاْ ٱلۡخَصۡمِ إِذۡ تَسَوَّرُواْ ٱلۡمِحۡرَابَ ٢١ إِذۡ دَخَلُواْ عَلَىٰ دَاوُۥدَ فَفَزِعَ مِنۡهُمۡۖ قَالُواْ لَا تَخَفۡۖ خَصۡمَانِ بَغَىٰ بَعۡضُنَا عَلَىٰ بَعۡضٖ فَٱحۡكُم بَيۡنَنَا بِٱلۡحَقِّ وَلَا تُشۡطِطۡ وَٱهۡدِنَآ إِلَىٰ سَوَآءِ ٱلصِّرَٰطِ ٢٢(ص).  

واته: "ئه‌ی موحه‌ممه‌د! ئایا هه‌واڵی ئه‌و دوو داواچییه‌ت پێ گه‌یشتووه‌، كاتێ كه‌ به‌ دیواری بڵندی نوێژگه‌ و شوێنی خواپه‌رستیی (داود)دا بێ مۆڵه‌ت سه‌ركه‌وتن و، له‌ ناكاودا چوونه‌ ژووره‌وه‌ بۆ لای؟ (داوود) لێیان ترسا چونكه‌ وایزانی بۆ كوشتنی ئه‌و هاتوون، وتیان: مه‌ترسه‌! ئێمه‌ دوو داواچیین كێشه‌یه‌‌كمان له‌ نێواندایه و‌ داوامان له‌سه‌ر یه‌كتر هه‌یه‌، یه‌كێكمان سته‌می له‌وی ترمان كردووه‌، جا هاتووین له‌ نێوانماندا دادوه‌ری و قه‌زاوه‌ت بكه‌یت ‌و، له‌ هه‌قیش لا مه‌ده‌، ڕێگای ڕاستمان پیشان بده‌ تا ده‌ربكه‌وێت كاممان له‌سه‌ر هه‌قین".. 

 له‌ سوننه‌تى پیرۆزیشدا ده‌قى په‌یوه‌ندیدار به‌م بابه‌ته‌وه هه‌یه‌‌، به‌ نموونه‌ پێغه‌مبه‌ر () ده‌فه‌رموێت: (إذا تقاضَى إليكَ رجلانِ فلا تقضِ للأوَّلِ حتَّى تسمعَ كلامَ الآخرِ، فسَوفَ تدري كيفَ تقضي)(1)، واته: "ئەگەر هەركات داوه‌ریی و قه‌زاوه‌تت له‌ نێوان دوو كه‌سدا كرد، بڕیار بۆ یه‌كه‌ميان مەدە هەتا گوێ‌ لە دووه‌میشیان نەگریت،‌ وەك چۆن گوێت لە یەكەمیان گرت! چونكە بێگومان ئەوە چاكتر بڕیاردانت بۆ ڕوون دەكاتەوە". 

٢. پشتبه‌ستن به‌ به‌ڵگه: 

پێغه‌مبه‌ر () ده‌فه‌رموێت: (لو يُعْطَى الناسُ بدعواهم لذهب دماء قوم وأموالهم، ولكن اليمين على المدعى عليه)(2)، واته: "ئه‌گه‌ر ته‌نیا به‌ داوا, خواسته‌كان به‌ خه‌ڵكی‌ بدرێت، بێگومان خه‌ڵكانێ ـ به ‌ناڕه‌وا ـ‌ داوای‌ خوێن و سامانی‌ كه‌سانێكیان ده‌كرد به‌ڵام داوالێكراو سوێندخواردنی‌ له‌سه‌ره‌, ئه‌گه‌ر داواكار شایه‌تی‌ نه‌بوو".. 

هه‌روه‌ها پێغه‌مبه‌ر () ده‌فه‌رموێت: (البينةُ على المُدَّعي واليمينُ على من أنكرَ)(3)، واته: "داواكار شایه‌ت و به‌ڵگه‌ی له‌سه‌ره‌، ئه‌وه‌ش كه‌ حاشا ده‌كات سوێندخواردنی له‌سه‌ره‌، ئه‌گه‌ر داواكار به‌ڵگه‌ی نه‌بوو". 

٣. جياوازى نه‌كردن ولايه‌ن نه‌گرتنى هيچ كه‌سێك له ‌به‌رده‌م دادوه‌ریدا: 

پێغه‌مبه‌ر () ده‌فه‌رموێت: (فإنَّما أهْلَكَ النَّاسَ قَبْلَكُمْ: أنَّهُمْ كانُوا إذا سَرَقَ فِيهِمُ الشَّرِيفُ تَرَكُوهُ، وإذا سَرَقَ فِيهِمُ الضَّعِيفُ أقامُوا عليه الحَدَّ)(4)، واته: "هۆی تیاچوونی خه‌ڵكی پێش ئێوه‌ ئه‌وه‌بوو: كاتێك كه‌سێكی ناودار و بنه‌ماڵه‌دار دزيی بكردایه‌، وازیان لێ ده‌هێنا و حوكمه‌كه‌یان به ‌سه‌ردا جێبه‌جێ نه‌ده‌كرد، به‌ڵام ئه‌گه‌ر كه‌سێكی لاواز و نه‌دار و هه‌ژار دزيی بكردایه،‌ حوكمه‌كه‌یان جێبه‌جێ ده‌كرد". 

٤. ده‌سته‌به‌ركردنی كه‌شێكی ئارام و گونجاو بۆ دادگایی كردنێكی دادپه‌روه‌رانه‌: 

نابێت‌ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك دادوه‌ر له‌ كاتی (توڕه‌بوون و شڵه‌ژاویی بیر)دا بڕیاره‌كانی ده‌ربكات، پێغه‌مبه‌ر () ده‌فه‌رموێت: (لا يَقْضِيَنَّ حَكَمٌ بيْنَ اثْنَيْنِ وهو غَضْبَانُ)(5)، واته: "هیچ دادوه‌رێك لە كاتى توڕەیيدا بڕیار لە نێوان دوو كەسدا نەدات". (ئیمامی شافيعی)ش - ڕه‌حمه‌تی خوای لێبێت - بۆچوونێكی نایابی له‌م ده‌قه‌ هه‌ڵهێنجاوه‌؛ ده‌ڵێت: "ئه‌وه‌ش له‌ فه‌رمووده‌كه‌ وه‌رده‌گیرێت كه‌ دادوه‌ر نابێت له‌ حاڵه‌تێكدا بڕیار بدات كه‌ گۆڕان به‌سه‌ر ژیریی و ڕه‌وشتیدا هاتبێت، هه‌روه‌ك چۆن توڕه‌بوون ده‌گرێته‌وه‌، هه‌روه‌ها نه‌خۆشی، خه‌فه‌ت، خۆشی، بر‌سێتی، ته‌مبه‌ڵی، بێزاری و، هه‌ر چییه‌كی تریش كه‌ ببێته‌ هۆی گۆڕینی ڕه‌وشت و سروشتی مرۆڤ‌.. دادوه‌ر له‌و حاڵه‌تانه‌دا ده‌وه‌ستێت و بڕیار نادات، تاوه‌كو هۆش و ژیریی بۆ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌"(6)

دووه‌م: چۆنیه‌تيی هه‌ڵسوكه‌وتی دادوه‌ر له‌گه‌ڵ پارێزه‌ر و بریگرته‌(موكل)كه‌ی

١. بیرخستنه‌وه‌ی هه‌ردوولای ناكۆك (داواكار بێت یان داوالێكراو) به‌ شه‌رم و شكۆ له‌ خوای گه‌وره‌، تا یارمه‌تيی دادوه‌ر بده‌ن له‌سه‌ر وه‌رگرتنی بڕیاری دادپه‌روه‌رانه‌: 

فه‌رمووده‌كه‌ی (ئوم سه‌له‌مه‌) -خوا لێی ڕازی بێت- كه‌ ده‌ڵێت: پێغه‌مبه‌ر () ‌ده‌فه‌رموێت: (إنَّما أنَا بَشَرٌ، وإنَّه يَأْتِينِي الخَصْمُ، فَلَعَلَّ بَعْضًا أنْ يَكونَ أبْلَغَ مِن بَعْضٍ أقْضِي له بذلكَ، وأَحْسِبُ أنَّه صَادِقٌ، فمَن قَضَيْتُ له بحَقِّ مُسْلِمٍ فإنَّما هي قِطْعَةٌ مِنَ النَّارِ فَلْيَأْخُذْهَا أوْ لِيَدَعْهَا)(7)، واته: "بێگومان من مرۆڤێكم وەك ئێوە، كه‌ داواچیيەكان دێنە لام، لەوانەیە هەندێكیان قسەزانتربن لە هەندێكيان، منیش ئەو كەسەیان پێم وابێت ڕاست دەكات بڕیاری‌ بۆ دەدەم، جا هەر كەس بڕیارم بۆ دا كه‌ حەقی‌ موسڵمانێك بۆ ئەو بێت (هى ئه‌ویش نه‌بێت)، ئەوا بێگومان پارچەیەكە لە ئاگری‌ دۆزەخ، يان‌ با هەڵیگرێ‌ یا وازی‌ لێ بهێنێ‌". 

٢. دواخستن‌ و پێشگیریكردن له‌ جێبه‌جێكردنی سزا به ‌هۆی بوونی گومان(8)

زانايانى فيقهـ ئه‌وه‌یان له‌ حوكم و بڕیاره‌كانی پێغه‌مبه‌ر () له‌ دادوه‌ریدا وه‌رگرتووه،‌ كه‌ به‌ زاراوه‌ی ئه‌مڕۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نێت:‌ "ته‌نها بوونی شك و گومانێك له‌ مه‌سه‌له‌كه‌دا ده‌بێته‌ هۆی لابردن یان دواخستنی جێبه‌جێكردنی سزا شه‌رعییه‌كان".. تێگه‌یشتنی هاوه‌ڵانیش - ڕه‌زای خوایان له‌سه‌ر بێ- هه‌ر به‌و شێوه‌یه‌ بووه، هه‌روه‌ك له‌ ‌ئیمامی عومه‌ره‌وه‌ - خوا لێی ڕازی بێت - ده‌گێڕنه‌وه‌ كه‌ فه‌رموویه‌تی: (لئن أعطّلَ الحدودَ بالشبهات أحب إلي من أن أقيمها بالشبهات)(9)، واته: "ئه‌گه‌ر به‌ هۆی بوونى شك و گومانه‌وه‌‌، جێبه‌جێكردنی سزا شه‌رعييه‌كان په‌ك بخه‌م، به‌ لامه‌وه‌ له‌وه‌ باشتره‌ كه‌ به‌ شك و گومانه‌وه‌‌ جێبه‌جێیان بكه‌م". هه‌روه‌ها له‌ ژماره‌یه‌ك هاوه‌ڵی تریشه‌وه‌ وه‌ك (عقبة بن عامر) و (ابن مسعود) و(معاذ بن جبل) - خوايان لێ ڕازی بێت - ڕیوایه‌ت كراوه‌ كه وتوويانه: (اذا اشتبه عليك الحد فادرأه)(10)، واته: "ئه‌گه‌ر له‌ كاتی دیاریكردنی سزا شه‌رعییه‌كاندا به‌ هۆی شوبهه‌یه‌كه‌وه‌ هه‌‌ق و ناهه‌قت لێ تێكه‌ڵ بوو، ئه‌وا بڕیاره‌كه مه‌ده‌ و،‌ دوای بخه‌". به‌مه‌ش ژیانی مرۆڤه‌كان و مافه‌كانیان ده‌پارێزرێت، چونكه‌ له‌وانه‌یه‌ دواخستنی جێبه‌جێكردنی سزا‌ ببێته‌ ده‌رفه‌تێك بۆ ده‌ركه‌وتنی ڕاستیی دیكه‌ ده‌رباره‌ی تاوانێكی دیاریكراو، به‌وه‌ش ڕووداوه‌كه‌ بۆ دادوه‌ر ڕوونتر ده‌بێته‌وه‌.. به‌ هۆی ڕه‌چاونه‌كردنی ئه‌م ڕێنماییه‌شه‌وه‌ چه‌ندين كه‌سی بێ تاوان له‌ زینداندا گیان له‌ ده‌ست ده‌دات، كه‌چی دواتر بێتاوانیی ده‌رده‌كه‌وێت، هه‌ر بۆیه‌ هه‌ندێك له‌ فه‌قیهه‌كانی ئیسلام وتویانه‌: "ئه‌گه‌ر له‌ لێبوردندا هه‌ڵه‌ بكه‌یت، سه‌د جار باشتره‌ له ‌وه‌ی له‌ سزاداندا هه‌ڵه‌ بكه‌یت"(11).  

سێیه‌م: ئه‌و ده‌قانه‌ی په‌یوه‌ندییان به‌ متمانه‌پێدان و تۆماركردنی مافێكه‌وه‌‌ هه‌یه‌، وه‌ك شایه‌تی و نووسین

خوای گه‌وره‌ ده‌فه‌رموێت: ﴿يَٰٓأَيُّهَا ٱلَّذِينَ ءَامَنُوٓاْ إِذَا تَدَايَنتُم بِدَيۡنٍ إِلَىٰٓ أَجَلٖ مُّسَمّٗى فَٱكۡتُبُوهُۚ _ (البقرة: ٢٨٢). 

واته: "ئه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی ئیمانتان هێناوه‌، كاتێ قه‌رزێك تا ماوه‌یه‌كی دیاری كراو ده‌ده‌ن به‌ یه‌كتر، بینووسن بۆ ئه‌وه‌ی له‌ بیر نه‌كرێت، یاخود دواتر به‌ زیاد و كه‌م نه‌خرێته‌ ڕوو، جا ئه‌و قه‌رزه‌ پاره‌ بێت یاخود قه‌رزی (سه‌له‌م) بێت، چونكه‌ نووسین چاكترین هۆكاره‌ بۆ مانه‌وه‌ی دۆستایه‌تی و برایه‌تی و پاراستن و مسۆگه‌ربوونی قه‌رزه‌كه‌ش". 

چواره‌م: ئه‌و ده‌قانه‌ی په‌یوه‌ندییان به‌ شایه‌تیدانه‌وه‌ هه‌یه‌

خوای گه‌وره‌ له باسی هاندانی كه‌سی شایه‌تدا بۆ شایه‌تیدانه‌كه‌ی، له‌ قورئانی پیرۆزدا ده‌فه‌رموێت: ﴿_ وَمَن يَكۡتُمۡهَا فَإِنَّهُۥٓ ءَاثِمٞ قَلۡبُهُۥۗ _ (البقرة: ٢٨٣)، واته: "هه‌ر كه‌س شایه‌تی بشارێته‌وه،‌ بێگومان دڵی به گوناهه‌وه‌‌ ئالووده‌ و ژه‌نگاوی و تاوانبار ده‌بێت‌". 

 هه‌روه‌ها دابينكردنی ئاسایش و كه‌شێكی گونجاو بۆ كه‌سی شایه‌ت كه - به‌ ده‌سته‌واژه‌ی سه‌رده‌م - پێی ده‌وترێت: "یاسای پاراستنی شایه‌ت"، تاوه‌كو بێ ترس و به‌ دڵنیاییه‌وه‌ شایه‌تیيه‌كه‌ی بدات؛ خوای گه‌وره‌ ده‌فه‌رموێت: ﴿_ وَلَا يُضَآرَّ كَاتِبٞ وَلَا شَهِيدٞۚ _ (البقرة: ٢٨٢)، واته: "ئه‌و كه‌سه‌ی قه‌رزه‌كه‌ ده‌نووسێت و ئه‌و كه‌سه‌ش كه‌ ده‌بێت به‌ شايه‌ت، نابێت ئازار بدرێن و زیانیان پێ بگات، تا نه‌بێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی هه‌قه‌كه‌ نه‌نووسن و شایه‌تيی به‌ هه‌ق نه‌ده‌ن". 

بێگومان هه‌زار و چوارسه‌د ساڵ به‌ر له‌ ئێستا، ئه‌م ورده‌كارییانه‌ی‌ پێشتر باس كرا،‌ نه‌ له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی حیجاز و جه‌زیره‌دا زانرابوون و، نه‌ له‌ كلتووری كۆمه‌ڵگه‌كانی ده‌وروبه‌ریشیاندا هه‌بوون، به‌ڵكو هه‌ندێك له‌م مه‌قاسیدانه‌ له‌ جێبه‌جێ كردنی دادپه‌روه‌ری، ته‌نها له‌ سه‌ده‌ی ڕابردوودا نه‌بێت به‌ ڕوونی ده‌رنه‌كه‌وت؛ به‌ نموونه‌: له‌ ساڵی (١٩٧٦ز)يه‌وه‌ "یاسای پاراستنی شایه‌ته‌كان" له‌ ئه‌مریكا ده‌ركه‌وت، له كاتێكدا‌ بانگه‌شه‌ى ئازادترین و دێموكراسیترین ده‌وڵه‌تی جیهان ده‌كات و خۆی به‌ دایكی دێموكراسی داده‌نێت.. جا ئاخۆ ده‌بێت پێغه‌مبه‌ری ئه‌كره‌م () ئه‌و فه‌رموودانه‌ی له‌ كوێ هێنابێت!؟ كه‌ له‌ سه‌رده‌می نوێدا به‌ زاراوه‌كانی‌:‌ "یاسای پاراستنی شایه‌ته‌كان" و، "ئاماده‌كردنی سه‌قامگیرى بۆ ئه‌نجوومه‌نی دادوه‌ری" و، "تۆماركردنی ڕووداوه‌كان" و، ته‌نانه‌ت "حسابكردن‌ بۆ نه‌فسيیه‌تی دادوه‌ر و داواچییه‌كان"، گوزارشتیان لێ ده‌كرێت! به‌ ڕاستی ئه‌م واتایانه‌ی كه له‌م ده‌قه‌ پیرۆزانه‌ی قورئان و فه‌رمووده‌دا هه‌ن، به‌ڵگه‌ن له‌سه‌ر ڕاستیی و پێغه‌مبه‌رایه‌تيی پێغه‌مبه‌ری سه‌روه‌رمان () و،‌ فه‌تحێكی گه‌وره‌شن له‌ بواری ئیعجازی ته‌شریعیدا.  

Mohammed Tahir Barznji Dr. Mohammed Tahir Barznji