ئيعجازى تە‌شریعی و دەستپێشكەریی زانستی
كۆمه‌ڵناسیی ئیسلامی به چه‌ند سه‌ده‌یه‌ك پێش بنه‌ماكانی كۆمه‌ڵناسیی ڕۆژئاوا كه‌وتووه
د. محه‌مه‌د به‌رزنجی
پزیشك و فەرموودەناس
كۆمه‌ڵناسیی ئیسلامی، به چه‌ند سه‌ده‌یه‌ك پێش بنه‌ماكانی كۆمه‌ڵناسیی ڕۆژئاوا كه‌وتووه. به‌ڵكوو له‌وه زیاتریش، هه‌ر له سه‌رده‌می نیگادا گه‌یشته ئاستێك كه هه‌تا ئه‌م ساته‌ش كۆمه‌ڵناسیی ڕۆژئاوا پێی نه‌گه‌یشتووه -وه‌ك به پشتیوانیی خودای گه‌وره له‌م كورته‌بابه‌ته‌دا ڕوونی ده‌كه‌ینه‌وه-، درێژه به پێشه‌كییه‌كه ناده‌ین و ئه‌م چه‌ند دێڕه ده‌كه‌ینه ده‌روازه‌یه‌ك بۆ چوونه ناو بابه‌ته‌كه و، ده‌ڵێین:
هه‌ر له مێژه ملیۆنان مرۆڤ هه‌ن كه بۆیان نه‌گونجاوه توانایه‌كی زانستی یان شاره‌زاییان له ئیشێكی ده‌ست یان بازرگانیدا هه‌بێت، هه‌تا بتوانن نان و بژێوی خۆیان و كه‌سوكاریان به‌ده‌ست بخه‌ن، به‌ڵكوو هه‌موو ئه‌وه‌ی كه ده‌یزانن؛ ته‌نها كاركردنه له ماڵان‌دا له‌ژێر ناوی جیاوازدا، وه‌ك كاره‌كه‌ری و خزمه‌تكاری و... تاد. مرۆڤه‌كانیش به‌گشتی و ڕۆژئاواییه‌كان به تایبه‌تی، به چاوی به‌نده‌ییه‌وه سه‌یری ئه‌م چینه له خه‌ڵكی ده‌كه‌ن، له كاتێكدا ته‌شریعه‌كانی ئیسلام به شێوه‌یه‌كی جوان و ڕوون بنه‌مای بۆ چۆنێتیی مامه‌ڵه‌كردنی كۆمه‌ڵایه‌تی له‌گه‌ڵ ئه‌م به‌شه له خه‌ڵكی دامه‌زراندووه، كاتێك فه‌رمانی پێ كردووین كه:
يه‌كه‌م: كرێ و مافى ته‌واوی خۆیان بدرێتێ به‌پێی ئه‌و گرێبه‌سته‌ی كه لەنێوان هه‌ردوو لادا ده‌كرێت، له‌سه‌ر ئه‌و ماوه‌ی كاركردنه‌ش كه له‌سه‌ری ڕێك ده‌كه‌ون، پێغه‌مبه‌ر (ﷺ) ده‌فه‌رمووێت: (أعطُوا الأجيرَ أَجْرَه قبلَ أن يجِفَّ عَرَقُه)(١)، واته: "كرێی كرێكار بده‌ن، پێش ئه‌وه‌ی ئا‌ره‌قه‌كه‌ی وشك بێته‌وه."
پێغه‌مبه‌ر (ﷺ) ئاگاداری كردووینه‌ته‌وه كه هه‌ر كه‌س سته‌میان لێ بكات و مافى خۆیان نه‌داتێ، تووشى سزای سه‌ختى دواڕۆژ ده‌بێت، ده‌فه‌رمووێت: (قالَ اللَّهُ -في حديث قدسي-: ثَلاثَةٌ أنا خَصْمُهُمْ يَومَ القِيامَةِ.. وفي آخر الحديث: ورَجُلٌ اسْتَأْجَرَ أجِيرًا فاسْتَوْفَى منه ولَمْ يُعْطِ أجْرَهُ)(٢)، واته: "خودای گه‌وره -له فه‌رمووده‌ی قودسیدا- ده‌فه‌رمووێت: سێ كه‌س له ڕۆژی دواییدا من ڕووبه‌ڕوویان ده‌بمه‌وه... له كۆتایی فه‌رمووده‌كه‌دا ده‌فه‌رموێ: كه‌سێكیش كرێكارێك بەكرێ بگرێ و ئیشەكەی خۆی پێ بكات و كرێى كاركردنه‌كه‌ی نه‌داتێ."
دووه‌م: نابێت له پۆشاك و خواردن و خواردنه‌وه‌دا له خۆمانیان جیا بكه‌ینه‌وه، پێغه‌مبه‌ر (ﷺ) ده‌فه‌رمووێت: (إخْوَانُكُمْ خَوَلُكُمْ، جَعَلَهُمُ اللَّهُ تَحْتَ أيْدِيكُمْ، فمَن كانَ أخُوهُ تَحْتَ يَدِهِ، فَلْيُطْعِمْهُ ممَّا يَأْكُلُ، ولْيُلْبِسْهُ ممَّا يَلْبَسُ)(٣)، واتە: "براكانتان؛ ئەو كرێكارانەی كارتان بۆ دەكەن، خودای گەورە خستوویەتیە بەر دەستتان، جا هەر كەس برایەكی لای كاری دەكرد، با هەمان خواردنی پێ بدات كه خۆی دەیخوات، هەمان پۆشاكیشی بۆ بكات كه خۆی لەبەری دەكات."
سێیه‌م: ده‌بێت ئه‌و كاره‌ی پێیان ده‌سپێردرێت، له توانا و وزه‌یاندا بێت و پڕووكێنه‌ر نه‌بێت. خۆ ئه‌گه‌ر كاره‌كه قورس بوو، ئه‌وه پێویسته بەپێی توانا له ئه‌نجامدانیدا به‌شدارییان بكه‌ین. پێغه‌مبه‌ر (ﷺ) ده‌فه‌رمووێت: (ولَا تُكَلِّفُوهُمْ ما يَغْلِبُهُمْ، فإنْ كَلَّفْتُمُوهُمْ فأعِينُوهُمْ)(٤)، واته: "كارێكیان پێ مەسپێرن كه لە سه‌رووی توانایانەوە بێت، ئەگەر نا خۆتان یارمەتییان بده‌ن."
لێره‌دا پرسیارێكی زۆر ساده ده‌كه‌ین: كێ له ئێمە له فلیمه دۆكیۆمێنته‌كان یان فیلمه‌كانی هۆڵیووددا خزمه‌تكاره‌كانی له كۆمه‌ڵگه‌ی ڕۆژئاوادا نه‌دیوه؟ كه هه‌تا ئه‌مڕۆش جلێكی تایبه‌تییان له‌به‌ر ده‌كه‌ن و له باقیی دانیشتووانی ماڵه‌كه جیایان ده‌كه‌نه‌وه! له كاتێكدا ڕێنماییه‌كانی پێغه‌مبه‌ری ئازیزمان (ﷺ) ڕێگری ده‌كات له خۆجیاكردنه‌وه لێیان، یان جیاكردنه‌وه‌یان به ڕه‌نگێك یان شێوه‌یه‌كی دیاریكراو، تا هه‌ست نه‌كه‌ن كه ئه‌وان پله‌یان له خاوه‌نماڵ و كه‌سوكاری ماڵه‌كه كه‌متره، ته‌نانه‌ت ئه‌و مرۆڤه‌ی له ماڵێكی دیاریكراودا خزمه‌ت ده‌كات، خاوه‌نی به‌هره و توانایه‌كی تایبه‌ته كه خاوه‌ن ماڵه‌كه شكی نابات! كه‌واته ئیتر جیاكردنه‌وه و جیاوازیی كۆمه‌ڵایه‌تی بۆچی؟
بەڵێ، شتێكی جوانه كە جلوبەرگى ڕێك و جوان بپۆشن، بەڵام گه‌ر پابه‌ند بكرێن به ڕه‌نگ و شێوه‌یه‌كی دياريكراو له جلوبەرگیاندا، ئەمە ئەوەیه كە ته‌شریعى ئيسلامى خۆی لێ به‌دوور ده‌گرێت، له پێناو پاراستنی ڕێز و كه‌رامه‌تی مرۆڤايەتییان، ئەمەش دەستپێشكەريیه‌كی ته‌شریعییه كه شارستانيى ڕۆژئاوا هه‌تا ئه‌مڕۆش پێی نه‌گه‌یشتووه.
پاشان نايابتر لەوە كارێك به خزمه‌تكار نەسپێردرێت كه لە توانایان به‌ده‌ر بێت، ئەگەر واش ڕووی دا، ئه‌وه ده‌بێت خاوه‌ن ماڵه‌كه خۆی یارمەتیی بدات.
پاك و بێگه‌ردی بۆ خودا، ئەمە چ ڕێز و بەزەيیه‌كه؟ به‌ڕاستی ئەوه له ڕێنماییه‌كانی كردگار و به‌دیهێنەرى مرۆڤه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتووه، له كاتێكدا كه سەرجەم فه‌یله‌سووف و ژیره‌كانی -سه‌رده‌می هاتنەخوارەوەی سرووش- ته‌نانه‌ت كۆمه‌ڵناسانی ڕۆژئاوايى ئەمڕۆش، بیركردنه‌وه‌یان نه‌گه‌یشتۆته ئەم ئاسته به‌رزه لە ڕەچاوكردنى مافى مرۆڤ له ڕووی جەستەيى و دەروونییه‌وه.
له ڕاستیدا ئه‌و بنه‌ما به‌خشنده و پێشكه‌وتووانه له به‌ڵگه‌كانی پێغه‌مبه‌رایه‌تیی سه‌روه‌رن (ﷺ)، له سه‌رده‌مێكدا كه له خه‌یاڵیشدا شتێك نه‌بوو پەيوەنديدار بە مافى مرۆڤ، به‌ڵكوو مافه‌كانیان به هه‌وانته ده‌برا و كه‌رامه‌تیان له‌ژێر پێى ئيمپراتۆڕ -كیسرا و قه‌یسه‌ر-دا بوو. خۆ لە دوورگه‌ی عەرەبیدا چ بۆ كه‌سى هەژار و چ بۆ ژن هیچ بایه‌خێك نه‌بوو، چ جای خزمه‌تكار و كرێكار! چينێكی سته‌مدیده بوون و كه‌سێك نه‌بوو بيریان لێ بكاتەوە.
ئایا ئه‌م ڕێنوێنی و ڕێنیشانده‌رییه به‌رز و نه‌رمونیانانه له كوێوه هات، كه ڕه‌چاوی وردترین و تايبەتمەندترین تایبه‌تییه‌كانی ده‌روونی مرۆڤ و حاڵەتى كۆمەڵايەتییه‌كه‌ی ده‌كات؟
له ڕاستیدا وه‌ڵامێك بۆ ئه‌م پرسیارانه نادۆزینه‌وه، تەنها لەم وتەیه‌ى خودای گه‌وره‌دا نه‌بێت كه ده‌فه‌رمووێت: ﴿وَكَذَٰلِكَ أَوْحَيْنَا إِلَيْكَ رُوحًا مِّنْ أَمْرِنَا ۚ مَا كُنتَ تَدْرِي مَا الْكِتَابُ وَلَا الْإِيمَانُ وَلَٰكِن جَعَلْنَاهُ نُورًا نَّهْدِي بِهِ مَن نَّشَاءُ مِنْ عِبَادِنَا ۚ وَإِنَّكَ لَتَهْدِي إِلَىٰ صِرَاطٍ مُّسْتَقِيمٍ﴾ (الشورى: ٥٢)، واته: "هه‌روه‌ك بۆ پێغه‌مبه‌رانی پێشین نیگامان كرد، ئاواش به فه‌رمانی خۆمان ڕۆحمان بۆ تۆ نیگا كردووه -كه قورئانه و مایه‌ی ژیانی دڵانه-، تۆ له‌پێش نیگا نه‌تده‌زانی كتێب چییه و ئيمان چییه، به‌ڵام ئێمه قورئانمان كرده نوورێك كه به هۆیه‌وه هه‌ر كه‌سێكمان له به‌نده‌كانی خۆمان بوێت، ڕێنمایی ده‌كه‌ین. تۆ بێ شك و گومان، به‌و قورئانه خه‌ڵك بۆ ڕێی ڕاست ڕێنوێنی ده‌كه‌یت."
ئه‌مه‌ش ئه‌وه ناگه‌یه‌نێت كه ئه‌مڕۆ چینی خزمه‌تكار له وڵاتی موسڵماناندا -كه له حوكمكردن به شه‌رعی خودا دوور كه‌وتوونه‌ته‌وه- له خۆشگوزه‌رانی و به‌هه‌شتدا بن، به‌ڵكوو هه‌یانه به‌ختیار و هه‌شیانه سته‌مدیده، بێگومان ئه‌و سته‌مه‌ش كه لێیان ده‌كرێت؛ له‌گه‌ڵ شه‌رعی خودای گه‌وره‌دا پێچه‌وانه‌یه، له‌گه‌ڵ ئه‌و به‌زه‌یی و به‌ها جوانانه‌ی كه شه‌ریعه‌تی به‌خشنده و نه‌رمونیان له كردگاری جیهانیانه‌وه هێناویه‌تی یه‌ك ناگرێته‌وه.
به پێداچوونه‌وه و چاوخشانێكی خێرا به ڕاپۆرته‌كانی ڕێكخراوى لێبورده‌یى نێودەوڵەتییشدا، مەوداى ئه‌و كارەساته‌مان بۆ ده‌رده‌كه‌وێت كه له‌م سه‌رده‌مه‌دا به‌سه‌ر مرۆڤایه‌تیدا هاتووه، لەو پێشێلكارییه مه‌ترسیدارانه‌ی كه به‌رامبه‌ر به مافه‌كانی مرۆڤ ئه‌نجام ده‌درێت، بەتایبەت ئه‌وەى پەیوەندیى بە مافی ئه‌و ئافرەتانه‌وه هه‌یه كه له ماڵان‌دا خزمەت دەكه‌ن، هه‌روه‌ها ڕێژه‌یه‌كیش لەو ئافره‌تانه‌ی كه داوای مافی پەنابه‌ری ده‌كه‌ن. ئیتر ئەم پێشێلكارییانه زۆر شت ده‌گرێته‌وه لە بێبەشكردن له كرێی ئیشكردن و، كاتى حه‌وانه‌وه و پشوو، سووكایەتیپێكردنى دەروونی، هەتا ڕێپێگرتنى جنسى و دەستدرێژى بە لێدان... ئه‌مڕۆ ڕاپۆرته‌كانی ڕێكخراوه نێودەوڵەتییه‌كان له‌م باره‌یه‌وه لەسەر پێگه فه‌رمییه‌كان و تۆڕه‌كانی ئینته‌رنێت و سۆشیاڵ میدیادا بەردەستن بۆ هەر خوازیارێك كه بیه‌وێت...
داواكارین له خودای گه‌وره به‌هانای سته‌مدیده‌كانه‌وه بێت و، سته‌میان له‌سه‌ر هه‌ڵبگرێت و، دادپەروەريى كۆمەڵايەتى لە هه‌موو ناوچەیه‌كى جيهان به‌رپا بكات.. ئامين.
(١) حسنه الهيثمي في کتاب الزواجر: ٢٧٣/١، و صححه لغيره کتاب صحيح الترغيب: ح١٨٧٧.
(٢) صحيح البخاري: ح٢٢٧٠.
(٣) صحيح البخاري: ح٣٠.
(٤) صحيح البخاري: الحديث السابق.